riklam

دەقی وتاری سەرۆك كۆمار لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عیراقەوە

عیراق 09:17 AM - 2019-10-08
.

.

د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، سەبارەت بە خۆپیشاندەكانی ئەم دواییەی عیراق وتارێك ئاڕاستەی گەلی عیراق دەكات كە ئەمە دەقەكەیەتی...

 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

گەلی عیراقی شكۆمەند

رۆڵەكانم لە كچان و كوڕانی گەنج لە خۆپیشاندان و گۆڕەپانەكان

ئەفسەرو سەربازە پاڵەوانەكانمان لە تەواوی ریزەكانی هێزە ئەمنییەكان

سڵاوی پەروەردگارتان لێبێت

 

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین رووداوی ئازار بەخشممان بینی كە لەمیانەیدا دەنگی گەلەكەمان بیستراوو بەهێز بوو بۆ پێویستی بەدەنگەوە هاتنی داواكاری و پێویستی و مەغدوری هاوڵاتیان.

 

بە ئازارێكی قوڵەوە خوێنی رژاوی عیراقییەكانمان بینی لە شەهید و بریندارەكان لەریزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان.

 

ئەوەی روویدا لە ئامانج گرتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتی خوازو هێزە ئەمنییەكان و راگەیاندن كارو رۆژنامەنووسان بە دەسترێژی گوللە مایەی قبوڵكردن نییە لەو عیراقەی كە بەڵێنماندا دیموكراتی بین و مافەكان و سەربەستییەكان بپارێزین و هەمووانیش پابەندبن بە دەستور، دەسەڵات لە پێش هاوڵاتیانەوە .

 

حكومەت و فەرماندەكانی هێزە ئەمنییەكان تەئكید ئەكەنەوە لە نەبوونی هیچ فەرمانێك بۆ دەستدرێژی گوللە، ئەو پێشێلكاری و توندوتژی و بە ئامنج گرتنەش لە رێگەی دەسترێژی گوللەوە بەهیچ جۆرێك بە بڕیاری دەوڵەت و دەزگاكانی نەبووە، كەواتە ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە تاوانبارو ئەو كەسانەبوون كە لەدەرەوەی قانون بوون، لە پێگەی خۆمەوە وەك سەرۆك كۆمار دووپاتی دەكەمەوە كە پێویستە لەسەر هێزە ئەمنییەكانمان بە تەواوی یەكەو پێكەهاتەكانییەوە بەرگریكارو داكۆكیكاربن لە گەل و ماف و چارەنووس و دەستورەكەی كە رێگری دەكات لەوانەی پێشێلی دەستور دەكەن و دەستدرێژی دەكەنە سەر هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان و دەزگاكانی راگەیاندن چاوترسێن ئەكەن.

 

ئەم فیتنە و تاوانە ناكرێ ئاستیا بێدەنگ بین و خوێنی گەلەكەمان و هێزە ئەمنییەكان ناخەینە موزایەدەو سەركێشیەوە، بڕوای تەوامان بە گەلەكەمان هەیە، ئەبێ ئەوانەی لەدەرەوەی قانونن ملكەچی دەسەڵاتی دەوڵەت و قانون و دادەكەی بن.

 

ئەو گەنجانەی كە بوونە قوربانی برینیان لە دڵمان جێهێشت تەنیا بە دڵنیا كردنەوە قسەو بەڵێن ساڕێژ نابن بەڵكو پێویستە هەمووان شان بدەینە یەك بۆ ئەوەی برینی عیراق ساڕێژ بكەین و بەرەو پێشەوە بە ئاڵانگارییەكی بەهێز بەرەو پێش بڕۆین هەر یەكێكمان پشتی یەكتر بگرێت تا گەلەكەمان شكۆمەند بێت و دەسەڵاتی دەوڵەت لە چوارچێوەی دامەزراوەكانیدا بپارێزرێت.

 

ئەو خوێنە خوێنی عیراقییەكانە، ئەوەشی كە دروشم بۆ داواكاری و مافەكانی بەرز دەكاتەوە ئەویش عیراقییە، ئەوەشی كە هەوڵدەدات بەرگری لە دامەزراوەكان بكات لە هێزەكانی ئاسایش و سوپا ئەویش عیراقییە، بۆیە پێویست ناكات بگەینە ئەو ئاستەی خوێنی رۆڵەكانمان لە شەقامەكاندا ببینین، بۆیە پێویستە هاوڵاتی و لێپرسراو و سوپا پشتیوانی یەكتر بین تاكو ئەم میحنەتە تێپەڕێنین.

 

هەن دەیانەوێت قسە لەسەر بوونی دەستی دەرەكی بكەن لە رووداوەكان، ئێمە ناڵێین كە كەس نییە خواست و بەرژەوەندی لە نانەوەی فیتنە لە نێوان یەك گەلدا نەبێت، بە دڵنیاییەوەهەیانە دەیانەوێت تۆی فتنە بچێنن سود لەهەموو كەلەبەرو كێشەو ناكۆكیەك ناخۆی وڵاتدا ببینن، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئیرادەی گەلە زیندووەكەمانە، ئەم گەلە شكۆمەندەی كەجەوهەری رەسەنی خۆی نیشانی جیهان دا.

 

پێوستە هەمووان لە گەورە لێپرسراوان و پارتەكان و فەرمانبەران و چالاكوانان و رۆشنبیران و ەاوڵاتیان ئەو راستییە بزانن كە ئەم ناڕەزاییانە لە پاشخانێكی پڕ نەهامەتی و زوڵم و كۆدەنگی لەسەر ئەوەی وڵات پێویستی بە چاكسازییە، هاتوە، بەدوورگرتنی وڵاتەكەمان لە پلانگێڕی بە پلەی یەكەم لە خزمەتكردنی گەلەكەمان و رەزامەندی و بەشداری لە لە بنیاتنانی وڵات سەرچاوە ئەگرێت.

 

گەلەكەمان وهێزە ئەمنییەكان كە بە ئازایەتییەكی زۆرەوە رووبەڕووی تیرۆر بوونەوەو پاشماوەكانی داعشیان لەناوبردو سەركەوتنێكیان تۆماركرد كە مرۆڤایەتی نەوە لە دوای نەوە باسی ئەكەن، بۆ چەندین ساڵی دوورودرێژە بەدەست خراپی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی كارو نەرەخسانی دەرفەتی كارەوە ئەناڵێنین ، بەڵێ سەركەوتن بەسەر داعش بەبێ بەخشینی گیان و سامانی وڵات نەبوو ، بەڵام بیرمان نەچێت گەندەڵی دارایی و ئیداری ئاستەنگ لەبەردەم پێشكەوتن دروست دەكات و توانای نیشتمانی زۆروزەبەندمان پەك ئەخات بۆ ئەوەی گەلەكەمان بگەیەنێتە ئاستێكی باشتر.

پشك پشكێنەی حزبی و تائیفی ئاستەنگ دروست دەكات ئەو واقیعە بگۆڕین سەرەڕای ئەو هەوڵ و داخوازی بەردەوام بۆ گۆڕانكاری و هەڵبژاردنی رێگاچارەی عەمەلی و زانستی راستەقینە بۆ گەیشتن بە حوكمڕانیەكی دروست.

كاتێك كە بەرژەوەندی و پشكپشكێنەی حزبی جێگەی ئیرادەییەكی نیشتمانی دەگرێتەوە وڵاتەكەمان تواناو دەرفەتەكانی لەدەست دەڕوات.

بەدڵناییەوە خوشك و برایان ئێمە بەبێ رووبەڕووبووونەوەی راستەقینە لەگەڵ ویژدان وگەلەكەمان ناتوانین لەئاست ئیرادەی ئەم گەلە مەزنە بین كە بە هۆشیاری و سوربوونی خۆی سەلماندوە و دەیسەلمێنێت لە بەدەست هێنانی لە پێگە شارستانەیە رەسەنەكەی.

پێویستە راشكاو بین، دەبێ شوێنپێی هەندێ هەنگاوی جیدی هەڵگرین نەك دروشم و بەڵێن و هیواكان.

گەل داوای دادی كۆمەڵایەتی و ئازادی و ئاسایش و دەرفەتی كارو خزمەتگوزارییە پێویستەكان دەكات، ئەم داواكارییانەش بەدیهێنانیان ئەستەم نییە ، بەڵكو ئەوە لە كرۆكی بەرپرسیارێتییە كە هەر دەوڵەتێك نوێنەرایەتی گەلەكەی بكات و بەرگری لێبكات.

گەنجانی عیراق: ئێوە ئومێدو ئامرازی ئێمەن بۆ هەر گۆڕانكارییەكی راستەقینە بۆ گەیشتن بە عیراقێكی خۆشگوزەران و بەهێز و زامنی ئاسایش و ئۆقرەیەكی كە تیایدا هەمووان بە ژیانێكی ئازادو شكۆمەند شادبن نەك شەرعییەتدان بە هیچ پرۆسەیەكی سیاسی و سیستەمێكی سیاسی كە كار نەكات بۆ بەدیهێنانی داواكاری و پێداویستییەكانتان لە وڵاتێكی شكۆمەندا، ئەوە ئەركی ئێمەیەو پشتیوان بە خوا هەرگیز پاشەكشەی لێناكەین.

سیمای ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكانتان بپارێزن و رێگەمەدەن ئاژاوەگێران ئەم نیشتمانەتان لێ زەوت بكەن، رێگەمەدەن هیچ كەس خەون و داواكارییەكانتان لێ بەرێت، ئێمە لێرە رێزو ستایشی خۆمان بۆ پێشنیازەكانی مەرجەعیەتی ئاینی دووپات دەكەینەوە كە لە رێگەی وتارو ئامۆژگارییەكانەوە كێشە كەڵەكەبووەكانی دەستنیشان كردوو هۆشداری دا لە بارەی مەترسی پشتگوێ خستنی چاكسازی و خزمەتكردنی هاونیشتمانیان.

سەرەڕای پێزانینمان بۆ ئەو هەوڵانەی لە لایەن حكومەتەوە نران بۆ چارەسەركردنی قەیرانە ئاڵۆز و كەڵەكەبووەكان كە پەیوەستن بەرژوەندیە سیاسیە بەگژیەكجووەكاندا، لە روانگەی ئەوەی كە هەردوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە دەستپێشخەری و هەنگاوی عەمەلی خستیانە ڕوو بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران هەروەها لەسەر بنەمای ئەو دیالۆگ و گفتوگۆ جدییانەی كە لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەی سیاسی و نیشتمانیی و رێكخراوی مەدەنی و چالاكییە كۆمەڵایتەییەكان خرایەڕ,و،هەروا پێزانینان بۆ هەڵوێستی موقتەدا سەدر كە داوای وەستانی رژاندنی خوێنی عیراقییەكانی كردو سوربوو لەسەر دۆزینەوەی چارەسەكردنێكی ریشەی بۆ كێشەكانی خەڵك. لێرەوە ئەم خاڵانە ئەخەمەڕوو بەمەبەستی بەدیهێنانیان لە ماوەیەكی دیاریكراوی كورتدا كە بریتین لە:

یەكەم: دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەی دادوەری بۆ هۆكارەكانی ئەو توندوتیژیەی كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو روویاندا وە گرتنەبەری رێوشوێن و بڕیاری جدی بۆ دیاریكردنی میكانیزمی رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە لە ناڕەزایی و وە رێگرتن لە پەنابردن بۆ بەكارەێنانی هێز لەسەر بنەمای رێكاری رووبەڕِووبوونەوەی ئاژاوەو و زامنگردنی مافی هاڵانیان لە خۆپیشاندانی هێمنانەدا، وە پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان لێپێچینەوە لەوانە بكەن كە بەرپرسیاری رشتنی خوێنی عیراقییەكانن.

دووەم: وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكاری مەرجەعیەتی دینیی پشتیوانی لە پێكهێنانی لیژنەی پسپۆڕانی سەربەخۆ ئەكەین لە كەسانی خاوەن تواناو پاك وە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە لەگەڵ هێزە كاریگەرەكان لە پێش هەموویانەوە خۆپیشاندەران. لە چوارچێوەی سەرۆكایەتییەكان و هێزە سیاسییەكان كار ئەكەین بۆ زامن كردنی ئەوەی كە ئەو لیژنەیە بە كۆدەنگی نیشتمانی بێت و كەشێكی لەبار برەخسێنرێت بۆ كارپێكردنی بە بێ دەستوەردانی سیاسی تاكو بتوانێت كێشەكان دیاری بكات و چارەسەری گونجاو دابنرێت وەك دەسپێكێك بۆ پرۆسەی چاكسازی بە ئاگاداری و پشتیوانی گەلەكەمان، دەرەنجامەكانی كاری لیژنەكە بە ماوەیەكی دیاریكراو دەربچێت و هەنگاوی جدی و نەخشەرێگای پێویست دابنرێت تا كاری لەسەر بكرێت، وە سەرۆكایەتی كۆماریش هەموو هەوڵەكانی دەخاتە گەڕ بۆ سەرخستنی ئەو هەوڵانە.

سێیەم: دەسپێكردنی دیالۆگێكی سیاسی گشتگیرو راشكاو و بنیاتنەر بۆ پێكهێنانی كوتلەیەكی پەرلەمانی نیشتمانی و پشتیوان بۆ هەنگاوەكانی چاكسازی لەناویاندا دەرەنجامی لیژنە پێشنیازكراوەكە لەلایەن مەرجەعیەی باڵاو رێوشوێنە تەشریعی و حكومەییەكان، هەروا كۆسپ و گوشارە سیاسیەكان نەهێڵێت ، هاوكاری حكومەتیش بكات بە ئاراستەی هەنگاوی كارا بۆ بەكژاچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان.

چوارەم: پشتیوانیكردن لە گۆڕانكاریەكی وەزاری بنەڕەتی بۆ باشتركردنی ئەدای حكومی و كاراكردنی ئەو رێوشوێنانەی كە بازدانێك دەبن لەباشتركردنی ئەداو خزمەتگوزارییەكان لەپێناو تەواوكردنی پرۆژەی دەوڵەتسازی و بوژاندنەوەی دامەزراوەكانی و پارێزگاریكردن لە شكۆو شەرعییەت و رۆڵی لە خزمەتكردنی خەڵكدا.

پێنجەم: كاراكردنی رۆڵی دادگای تایبەت بە مەسەلەكانی دەستپاكی و دەستەبەركردنی كەشێكی لەبار بۆ كارەكانی بەشێوەیەكی سەرقەخۆ، رادەستكردنی تەواوی دۆسییەكانی گەندەڵی بۆ یەكلایكردنەوە لە كاتێكی دیاریكراودا كە بەبێ جیاوازی هەمووان بگرێتەوە، هیچ پارێزبەندیەك لەم دۆسییە چارەنوسازەدا بۆ هیچ لایەن و كەسایەتییەك نەبێت، سەرەڕای كاركردن بۆ گێرانەوەی سامانی گشتی.

شەشەم: پشتیوانی كردن لە بەڵێنەكانی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی زیانیان پێگەیشتووە وە كاركردن بۆ رەوانەوەی ئەو زیانانەی كە بەجۆرێك لەجۆرەكان بەر هاوڵاتییەكانمان كەوتووەو یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوون بەدەست ، دەبێ سەرپێچی حزب و كۆمپانیاو ئەو ناوەندانەی پەیوەست بە دامەزراوەی دەوڵەتەوە لەسەرتاسەری عیراق رابگیرێن، هەروەها رێوشوینی قانونی پێویست بگیرێتە بەر بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی كارو هاوكاری ئەوانەی بێ كارن و سەرپێ خستنەوەیان بە تایبەت دەرچووانی زانكۆ و خاوەن بڕوانامەكان، جگە لەمانەش ئەو رێكارانەی كە ئەنجومەنی وەزیران بڵاوی كردەوە كە بریتییە لە دەست پێشخەری ئابوری و خزمەتگوزاری خێرا.

حەوتەم: پەلەكردن بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی راژەی ئیتیحادی لە كەسانێكی سەربەخۆ كە لەماوەی یەك مانگدا دەست بەكاربن بۆ دانانی رێوشوێن بۆ داواكارییەكانی دامەزراندن بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، كە ئەولەویەت بدرێت بە دەرچووان و خاوەن بڕوانامە باڵاكان، هەروەها پێداچوونەوەو گرتنەبەری رێوشوێنی گشتگیر بۆ رێكارو رێكخستنی ئالیاتی دامەزراندنی حكومی كە رێگری بكات لە مەحسوبیەت و گەندەڵی لەم دۆسییەدا، سەرەرای ئەوانەش دەسپێكردنی دامەزراندن وەك ئەوەی لەبودجەدا بڕیاری لێ دراوە.

هەشتەم: پێداچوونەوە بە قانونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن بداتەوەو هانی هاوڵاتیان بدات بەشداری تێدا بكەن و قانونی نوێش دەربكات كە لەگەڵ ویستی نیشتمانی هەموو پێكەاتەكانی گەلی عێراق بێتەوە، سەرۆكایەتی كۆمار ئەركی پێكهێنانی تیمێكی گفتوگۆی نیشتمانی دەگرێتە ئەستۆ بۆ بەدواچوونی ئەم دۆسییە بە یارمەتی شارەزایان لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەكان كە تیایدا بەرزترین ئاستی شەفافی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەدەست بێت.

نۆیەم: دەستكردن بە كردنەوەی دیالۆگی نیشتمانی بۆ تاوتوێكردنی چارەسەرە پێویستەكان بۆ ئەو كێشانەی لە مەنزومەی سیاسیدا هەن وە بەربەست دروست دەكات لەبەردەم پرەنسیبی حوكمێكی دادپەروەرانە كە ببێتە مایەی یەڕیزی نیشتمانی.

ئازیزان و خۆشەویستانم

رۆڵەكانم لە ریزی خۆپیشاندەران لەپێناو مافەڕەواكانتان

داواتان لێدەكەم بەشداربن لە دیالۆگی بنیاتنەرو راستەقینە لە چوارچێوەی مەنزومەیەكی نیشتمانیدا كە تیایدا داواكارییەكانی گەل لەخۆبگرێت بەرەو هەنگاوەكانی چاكسازی و رێكخستنی دیداری راستەوخۆو رۆژانە لەگەڵ لاوەكانمان لەهەموو شارەكان بۆ چاكسازی و حوكمێكی دروست و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی كە هەمووان هەوڵی بۆ ئەدەن.

داواكارم پەرەسەندنەكان رابگیرێن و چاوڕوانی دەرەنجامی ئەو هەنگاوانەبین كە لەلای لایەنە پەیوەندیدارەكان گیراوەتە بەر بۆ وەڵامدانەوەو داواكارییەكانی گەل.

با ناكۆكی بەس بێت

با خوێنی عیراقییەكان بەس بێت..

با هەتیوبوون و بێوەژن بوون بەس بێت..

عیراق زۆری چەشت بەدەست توندوتیژی و گۆڕی بە كۆمەڵ و وێرانكاری و ئەنفال و جەنگەكان و گەمارۆو تیرۆر...

جیهان دان بەوەدا دەنێ كە ئێمە لە قۆناغی راگوزەرداین و پرۆسەی بنیاتنانەوەی وڵاتەكەشمان لەپێشینەی كارەكانمان دەبێت.

نامانەوێت عیراق ببێت بە سوتماكی ناكۆی ئەوانی ترو وە نەشبێتە مەیدانێك بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكان.

گەنجان و گەلەكەمان مافی ئەوەیان هەیە گوزارشت لە بیروڕاكانیان بكەن، دەستور رێگەی بەوە داوەو زەوتكردنی ئەو مافە جێگەی قبوڵ نییەو كارێكی نا دەستورییە.

خۆپیشاندانی هێمنانە مافێكی دەستوری و دیموكراتی دەستەبەرە گەلەكەمان ئەو مافەی هەیە پەیڕەوی بكات و بەداخەوە تاوانكاران و ئاژاوەگیڕان رێگەیان نەدا مومارەسەی ئەو مافەی خۆیان بكەن و خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان رووبەڕووی دەسترێژی گوللەی ئەو تاوانكارانە بوونەوە، ئەوان دوژمنی ئەم نیشتمانەن، ئەوان دوژمنی گەلن، پێویستە بە یەكەوە بوەستین بۆ رێگریكردن لە بەدیهێنانی مەرامە گڵاوەكانیان.

ئەركی راگەیاندنە كە بەرپرسیارێتی گواستنەوەی هەواڵەكان بەبێ لایەنی و دوور لە هەر هاندانێك بگوازنەوە، بەڵام ئەوەی بەشێك لە كەناڵ و دەزگاكانی راگەیاندن رووبەڕووی بوونەوە لە ترساندن جێگەی قبوڵ نییەو دەستورو قانون رێگەی پێنادات و ئەمە گورزێكە لە پێگەی دەستوریی عیراق.

پێویستە دان بەخۆدابگربن و رێگری لە ئالِۆزیەكان بكەین و جێگەیەك بۆ گفتوگۆ لەنێوان رۆڵەكانی یەك نیشتمان دابین بكەین و رێگری بكرێت لە دەستوەردانی دەرەكی لە دیالۆگی نیشتمانییمان.

رۆڵەكانی گەلە شكۆمەندەكەمان

گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانە دوایین وێستگە نابێت بۆ زامنكردنی داواكارییەكانی گەلی عیراق، بەڵكو كەشێكی لەبار دەرەخسێت بۆ چاكسازی راستەقینە كە جێبەجێكردنی ئەم رێوشێنانە نایەتەدی بەبێ چاودێری گەل و بەدیهێنانی ئازادی و شەفافیەت لە ئاڵوێری زانیارییەكان و زامنكردنی ئازادی راگەیاندن.

با وڵاتەكەمان بپارێزین و رێز لە ویستی گەلەكەمان بگرین، گەل خاوەن بڕیارە لە دیاریكردنی ئەوەی كە ئەیەوێت كێ كاروبارەكانی بەڕێوەبەرێت، بڕیار بڕیاری گەلە، شەرعییەت شەرعییەتی گەلە، دیموكراسیەت ئامرازێكە بۆ جێبەجێكردنی ویستی گەل.

بەزەیی و لێبوردەیی بۆ شەهیدەكانمان و چاكبوونەوەی هەرچی زوو بۆ بریندارەكان دەخوازین

هەموومان رۆڵەی یەك نیشتمانین

هەموومان بۆ عیراقین، بۆ ئۆقرەیی و پارێزگاریكردن لە رۆڵەكانی ئەم گەلە

خوا ئاگادارتان بێت

سڵاو و سەلامی پەروەردگارتان لێبێت

PUKmedia نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket