riklam

مەلا بەختیار: ئازادی ئەقڵ لەدایك دەبێت

ئەدەب وهونەر 09:15 PM - 2019-10-07
.

.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە 7-10-2019 چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، كۆتاییهات‌ و تیایدا مەلا بەختیار، سەرۆكی فێستیڤاڵەكە، وتەیەكی پێشكەش كردو تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: ئاییندەیەكی جوان لەدایكدەبێت‌  بۆ هونەرمەندان،  نوسەران، رەخنەگرەكان، دنیایەكی تر دێتە پێشەوە، كە دەتوانن دوور لەسانسۆرەكان‌و لەسەركوێركردنەكان، تەواوی داهێنانەكانیان لەبواری سینەما، ئەدەب، شانۆ‌و هەموو بوارەكانی تر، بخەنە خزمەتی كورد‌و مرۆڤایەتی، یان مرۆڤایەتی‌و كورد.

ئەمەی خوارەوەش، دەقی وتەكەی مەلا بەختیار، سەرۆكی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی:
ئەم كاتەتان باش
زۆر سوپاس، لەرۆژانی فێستیڤاڵ، چ لەم هۆڵەو چ لەهۆڵەكانی سینەما، ئێوە ئامادەییەكی هونەردۆستانەو پڕ لەپەرۆشیتان هەبوو بۆ شارەكەتان‌و بۆ كوردستان، بۆ فێستیڤاڵ. ئێمە خۆشحاڵین بەخۆشحاڵبونتان بە فێستیڤاڵ، ئومێدەوارین بەردەوامبین.

تیپێكی جوان، من ناتوانم تیپ هەڵبسەنگێنم، موزیك هەڵبەسنگێنم، بەڵام خۆشحاڵم یەكێك لەخەڵكی شارەكەم‌و هاوشارەكەم، هەژار زەهاوی دەفژەن، یەكێك لەخەڵكی شارەكەمە، كە شاكاری دەفژەنە لەدنیادا. سەربەرزم هەم بەشارەكەم‌و هەم بەدەفژەنەكەمان. هەروەها بۆ ئاگاداریتانن نەصیر شەمۆ، عودژەنی بەناوبانگی جیهانی، ئەویش خەڵكی شاری خانەقینە.

هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵ بۆ داوەرەكان ماوەتەوە، ئێمەومانان هیچ قسەیەكی تێدا ناكەین، بەڵام ئەوەی من لەشار سینەما، چاوپێكەوتنەكان، بینینەكان، كورتە وتارەكانم خوێندەوە، خۆشحاڵم كە لەسەدا 90و پتر، فێستیڤاڵەكەیان بەدڵ بووە.

لەلای من گرنگیشە، میوانەكان، فەرەنسییەكان، ئێرانییەكان، عەرەبەكان‌و میوانانی تر، فێستیڤاڵیان بەدڵبووەو لەئاستی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە گەورەكانی دنیا‌و هەندێكیش بردیانە ئاستی فێستیڤاڵی كان! ئەمە نازانم چەند راستە یان چەند راست نییە، بەڵام وتنی زۆر جوانە.
بۆ ئاگاداریشتان، فێستیڤاڵی كان حەوت كەس دایانمەزراندووە كە یەكێك لەدامەزرێنەرەكانی خوالێخۆشبوو فرانسۆ میتەرانی سەرۆك كۆماری پێشووتری فەرەنسا بووە.

خۆشحاڵیش بووم كە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی زیاتر لەسەد شەهیدو شەش هەزار بریندارەی كە لەم دواییەدا بۆ نان‌و ئازادی راپەڕین.

دەركەوت، هیچ حكومەتێك، نە بەهێزی مەزهەب، نە بەزەبروزەنگ ناتوانێ‌ خەڵك دابینبكات. سەردەم، سەردەمی ئازادی‌و ئاسودەیی‌و تێربوونە. سەردەمی چەواشەكاری نەما! سەردەمی تاكگەرایی تێكەڵ بەئازادییەكانەو سەردەمی داهێنانە. سەردەمی ئەوەنییە، دەسەڵات لەسەنتراڵەوە بتوانێ‌ هەموو جومگەكانی ژیان‌و هەستەكان كۆنترۆڵ بكات، كۆتایی هات ئەم سەردەمە.

شەش ساڵ لەمەوبەر، لەوتارێكمدا نوسیومە‌و ئەمڕۆ لەسایتی چاودێر بڵاودەبێتەوە، نوسیومە: عیراق، بۆ قۆناغی دووەمی راپەڕینی وڵاتانی عەرەبی، دواكەوت! قۆناغی دووەمیش ئەمەیە كە دەستیپێكردووە.

ئەم قسانەش بۆیە دەكەم، دڵنیام، ئەم خۆپیشاندان‌و راپەڕینانە، ژانێكی گەورەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا‌و دوا سەرنجام لەرەهەندە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكانیدا، لێرە شكست دەخوات‌و لەوێ‌ دەنیشێتەوە، لێرە قوربانی دەدرێت‌و لەوێ خامۆش دەكرێ‌، لێرە دیكتاتۆر سەردەكەوێ‌‌و لەوێ‌ زەبروزەنگ سەردەكەوێ‌! ئەمە راستەو مێژووی دیموكراسی وابووە! بەڵام لەڕەهەندی دووری ئەم رووداوانەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێ‌، لەئەنجامدا دیموكراسی‌و ئازادی لەدایك دەبێ‌. كە دیموكراسی‌و ئازادی لەدایكبوو، ئەوكاتە لەم سەردەمەدا، كە سەردەمی جیهانگیرییە، ئازادی هونەر، ئەدەب، نوسین‌و ئازادی ئازادی ئەقڵ لەدایكدەبێت..! خەفەقان‌و ژێردەستەیی‌و سەركوێكردن‌و سەركوتكردن كۆتاییدێت.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەد ساڵە، هەر لەسایكس پیكۆوە تا ئێستا هیلاكی ئەم دیكتاتۆرانە‌و نەبوونی دیموكراسییە. ئیتر ئەو سەردەمە كۆتایهات، جۆش دەخوات ئەم سەردەمەو ئاییندەش، ئاییندەیەكی جوان لەدایكدەبێت، كە ئەوەش بۆ ئێوەی هونەرمەندان، نوسەران، رەخنەگرەكان، دنیایەكی تر دێتە پێشەوە، دنیایەك كە دەتوانن دوور لەسانسۆرەكان‌و لەسەركوێركردنەكان، تەواوی داهێنانەكانتان چ لەبواری سینەما، ئەدەب، شانۆ‌و هەموو بوارەكانی تر، بخەنە خزمەتی كورد‌و مرۆڤایەتی، یان مرۆڤایەتی‌و كورد.

خۆشحاڵم هەم شەرەفی كردنەوەی فێستیڤاڵ بەمن سپێردراو ئێستاش لەكۆتایی فێستیڤاڵدا پێیانخۆشبوو ئەم چەند وشەیە، لەهونەرو داهێنان‌و ئازادی‌و سیاسەت بڵێم‌و ئومێدەوارین ئێمەی رۆژهەڵاتی‌و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، نەتەوەی كوردی بێبەشكراو لەهەموو مافەكان، ئێمەش ئیتر نۆرەمانبێ‌، بەرەو دنیای ئازادیی‌و ئاسودەیی بڕۆین، كە پەنجا ملیۆن مرۆڤی كوردی لێ بێبەشكراوە.

PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket