riklam

ژنێك 15 ساڵە تەڵاق دراوەو لەگەڵ مێردەكەی دەژی

ژنان‌ 11:07 PM - 2019-10-06
.

.

مینا، 15 ساڵە تەڵاق دراوەو بەدرێژایی ئەو ماوەیەش لەگەڵ مێردەكەیدایە، یاساناس و مامۆستایانی ئایینی یەك رایان هەیە، كە سێهەم تەڵاقی پیاو دەبێت جیابوونەوە بێت، بەڵام هێشتا مینا لە ژێر یەك سەقف و ماڵدایە لەگەڵ مێردەكەی.

مینا تەمەن 39 ساڵەو ناوی خوازراویەتی، دانیشتووی ئاكرێیە دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی هاوسەرەكەم (15) ساڵە تەڵاقی داوم، بەڵام لەگەڵ ئەودا (س) لە ژێر یەك سەقفی خانوودا دەژین.

״مێردەكەم بەردەوام وشەی تەڵاق لەسەر زمانیەتی، رۆژانە بەردەوام پێم دەڵێت تەڵاقم داویت یان تەڵاقت دەدەم״، مینا وا دەڵێت.

بەپێی گێڕانەوەی مینا، مێردەكەی كە ناوی (س)ە، تەمەنی 47 ساڵەو حەوت ساڵ لەخۆی گەورەترەو لە دادگاش بەشێوەیەكی یاسایی مارە كراوەو هاوسەرگیریی لەگەڵ كردووە.

سالار، دراوسێیەكی نزیكی ماڵی ئەم ژنەیەو ئاگاداری دۆخی ژیانی ئەوانە، دەڵێت: زۆر جار دیومەو گوێم لێ بووە بەژنەكەی وتووە تەڵاقدراوی یان تەڵاقت دەدەم، دواتریش وتوویەتی شتی وام نەوتووە.

 

مینا ژیانێكی جیاوازی هەیە، كە لەژیانی ژن و مێردی ئاسایی ناچێت، هەروەها كۆمەڵگەی كوردەوارییش لەم نموونەیەی تێدا نییە كە ژنێكی تەڵاقدراو هەر لە لای مێردەكەی بمێنێتەوە، بە وتەی مینا لەو خانووەی كە لەگەڵ (س) پێكەوەن ژووری نووستنیان جیایە، بەڵام ئەو بەشەرمەوە وتی: ״جاری وا هەیە بەزۆر سەرجێییم لەگەڵ دەكات و حەزی خۆی تێر دەكات و دەسەڵاتم نییە.״

״15 ساڵە لەگەڵ مێردەكەم بەم جۆرە دەژیم، لەسەر هێنانی پەرداخێك ئاو كە شتێكی  ئاساییە، ئەو  تەڵاق لەسەر زمانیەتی״، مینا وا دەڵێت.

بەڕێكردنی ژیانێكی لەو جۆرەی مینا هۆكارێكی لە پشتە 15 ساڵ بەوجۆرە بمێنێتەوە، سەرباری تانەی خەڵك و كۆمەڵگەش، ئەو هێمای بەوەشدا ماڵی باوك و كەسوكاری هەردوولاش بەم شێوە ژیانەیان دەزانن و كەسیان هەقیان نییە بەسەرمانەوە.

״من ژنی ماڵەوەم و هیچ سەرچاوەیەكی ژیان و بژێویم نییەو (س) تەنیا كرێكاری دەكات و بژێوی دابین دەكات.״

میناش وەك هەموو ئەوانەی لە بارەی ئەم جۆرە ژیانەوە دەبیستن، پرسیارەكەی مێشكیان بۆ وەڵامێك دەجوڵێت، چۆن تەڵاق دراوەو پێكەوەن، ئەویش لە مێردەكەی پرسیوە: ״تۆ تەڵاقت داوم، وشەی تەڵاقت بەرامبەر بە من  هاتووەتە سەر زمانت، بەڵام ئەو  دەڵێت: ״من شتی وام نەوتووە، ئاگاداری نیم، واتە بێئاگایە لەو قسانەی كردوویەتی.״

لە ڕووی یاساشەوە بارودۆخێكی لەم شێوەی نێوان ژن و مێرد بەهەموو جۆرێك ڕێگەپێنەدراوە.

نەشاد عومەر، پارێزەر لە یەكێك لە دادگاكانی كوردستان بە پشتبەستن بە بڕگەی یاسایی لەسەر دۆخی مینا، دەڵێت: ״بە پێی یاسای ژمارە (١٨٨ ساڵی ١٩٥٩) لە یاسای باری كەسێتی پیاو بۆی هەیە (٣) جار ژنەكەی تەڵاق بدات، دوو جار چاك دەكرێتەوە، بەڵام بۆ جاری سێیەم دەبێت جیا ببنەوە.״

كێشەی ژیانی مینا تەنیا پەیوەست نییە بەیاساوە، بەڵكوو لەڕووی ئایینی ئیسلامیشەوە شەرع رێگەیەكی بەستنەوەو هەروەها جیابوونەوەی ژن و مێردی تێدایە.

مەلا محەمەد مەلا مەحمود، مامۆستای ئایینی و وتاربێژ، دەڵێت: ״لەڕووی دینیشەوە وشەی تەڵاق نابێت بەكار بهێنرێت، بەڵام گەر بەكاربێت دوو جار چاك دەكرێتەوە بۆ جاری سێیەم دەبێت جیا ببنەوە.״

״ئەگەر ئەو دوو كەسە بیانەوێت هاوسەرگیری بكەنەوە دەبێت جیا ببنەوە، هەریەكەیان هاوسەرگیرییەكی دیكە بكەن و ماوەیەك پێكەوە بژین، پاشان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ لای یەكتری و دیسان پێكەوە لەژێر یەك ماڵ و سەقفدا بژین.״

توێژەرانی كۆمەڵایەتیش لە گۆشەیەكی دیكەوە لە شێوەی ژیانی مینا دەڕوانن لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە.

مەریوان حسێن، توێژەری كۆمەڵایەتییە، دەڵێت: ״ژنان بەناچاری ئەم ژیانە هەڵدەبژێرن، بەتایبەت  خۆشەویستیی دایك بۆ منداڵەكانی لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق هۆكارێكن ژنەكە ناچار دەكات ئەو ژیانە هەڵبژێرێت.״

ئەم ژنە خاوەنی (3) منداڵە كە دوو كوڕو كچێكە، گەورەكەیانی تەمەنی یانزە ساڵە، ناوەنجییەكەشی هەشت ساڵەو بچوكەكەشی پێنج ساڵە، سەختیی ژیان و تانەی كەس و كۆمەڵگەو سێ منداڵ، هۆكاری سەرەكین كە مینایان بە ژیانێكەوە بەستووەتەوە كە 15 ساڵە بەو جۆرەیە.

PUKmedia لەئاژانسەوە وەرگیراوە

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket