riklam

ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی لەزانكۆو پەیمانگاكان رادەگەیەنرێت

کوردستان 08:47 PM - 2019-10-06
.

.

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: بەپەسەندكردنی رێنماییەكانی ماستەرو دكتۆرا لەمەودوا لەڕێگەی پلانەكانی خوێندنەوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانكۆكانمان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنین، بۆ ئەوەی دەرچوانیش بتوانن كاتەكانتان بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەكادیمییەكانیان لەناوخۆی هەرێم بەكاربهێنن.

ئێوارەی ئەمڕۆ 6ی تشرینی یەكەمی 2019، ئەنجومەنی وەزارەت بەسەرۆكایەتی د. ئارام محەمەد قادر سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبونی سەرۆك زانكۆ حكومییەكان كۆبونەوەی تەواوكاری ژمارە (5) ساڵی 2019ی  لەشاری سلێمانی ئەنجامداو چەند تەوەرو بابەتێكی پەیوەست بەپێشخستنی رەوشی خوێندنی باڵای كوردستان بڕیاریان لێوەدرا. لە گرنگترین بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزارەت:

 كۆنوسی ليژنەی سێنتەرەكانی زمان پەسەندكرا

سەبارەت بە پەسەندكردنی كۆنوسی لێژنەی سەرپەرشتیكردنی سێنتەرەكانی زمان بەمەبەستی پێداچونەوە بە مەرج و ڕێنماییەكانی زمانی ئینگلیزی لە كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو سەرپەرشتی كردنی كاروباری سێنتەرەكان، ئاماژە بۆ ئەوە كرا كۆنوسەكان لەبەرژەوەندی خوێندكاران و هەمو ئەو كاندیدانەیە كە سەرقاڵی ئەم پرۆسەیەن، بۆ ئەمەش د. محمد حوسێن سەرۆكی لیژنەی پێداچونەوە بەڕێنمایەكانی زمانی ئینگلیزی ئاماژەی پرۆگرامەكانی خوێندن و تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاست و خولی ڕاهێنان و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی كۆتایی و هەڵسەنگاندنی كۆتایی خولەكان و تاقیكردنەوەی كۆتایی و دانانی پرسیار و لێژنەی تاقیكردنەوەكان و لیژنەی راستاندن و گازاندەو كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی كردو بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی خستەڕو.

 

رێنماییەكانی كردنەوەی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا پەسەندكرا

لەبارەی كردنەوەی خوێندنی باڵا/ ماستەرو دكتۆرا لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان، دوای راگۆڕینەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت و گفتوگۆكردن لەسەر یەكە بە یەكەی بڕگەو مادەكانی پەیوەست بەپوختەی رێنماییەكانی ماستەرو دكتۆرا لەوانە (مەرجی تێكرای نمرە (معدل)، مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی، مەرجی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، مەرجی تەمەن، مەرج و پێداویستی كردنەوەی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكان، پێشكەشكاری دەرەوەی شارەكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی عیراق، پێداویستیە زانستیەكانی خوێندن، پلان و ژمارەی كورسیەكان ... هتد ) تاوتوێكران، دواتریش ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێنماییەكانی ماستەرو دكتۆرای پەسەندكرد.

بۆ پەسەندكردنی رێنماییەكانیش د. ئارام محەمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەمەودواو لەڕێگەی پلانەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆراوە دەتوانین دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانكۆكانمان لەناوخۆی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن كاتەكانتان بەكار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەكادیمییان.

وابڕیارە لەداهاتویەكی نزیكداو دوای پوختكردنی رێنماییەكان بەو گۆڕانكارییانەی لە كۆبونەوەكەدا بڕیاری لێدرا، رێنماییەكان بڵاودەكرێتەوە بۆ ئەوەی خوازیاران بتوانن ئاشنای تەواوی رێنماییەكان بن و خۆیان بۆ خوێندنی ماستەرو دكتۆرا ئامادەبكەن.

 

ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی دوانزەی ئامادەیی پەسەندكرا

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) پەسەندكرا. واش بڕیارە  لەداهاتویەكی نزیكدا ئەنجامی وەرگرتن رابگەیەنرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا چەند بابەت و تەوەرێكی دیكەی پەیوەست بە بواری زانستی و خوێندكاران و كارگێڕی پەیوەست بە زانكۆكان و دامەزراوە زانستیەكانی هەرێمی كوردستان و داواكاری و پێشنیازی مامۆستاو فەرمانبەر و هاووڵاتیان گفتوگۆی لەبارەوە كراو بەپێی پەیوەندی و لە چوارچێوەی یاساو رێنماییە كارپێكراوەكان بڕیاریان لێدرا.

PUKmedia راگەیاندنی خوێندنی باڵا 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket