riklam

چیرۆكی بیركردنەوە لە دروست كردنی جێگایەك بۆ فۆلكلۆری عیراقی

کوردستان 07:49 PM - 2019-10-06
.

.

لە شاری سلێمانی كاتێك ڕێت دەكەوێتە شەقامی مەولەوی هەنگاوەكان ئەتباتە سەر شوێنێكی سەرنج ڕاكێش كە شتی دێرین و كەلوپەلی فۆلكلۆر و تەزبیحی تێدا نمایش دەكرێت كە تایبەتن بە فۆلكلۆری دێرینی كوردو عیراق.

شوان مەحمود خاوەنی ئەم جێگە فۆلكلۆرییە لەسەر شەقامی مەولەوی، بەدەم چاخواردنەوە چیرۆكی بیركردنەوە لە كردنەوەی ئەم جێگایەمان بۆ دەگێڕێتەوەو دەڵێت: پێشەكی بەخێرهاتن بۆ ئەم جێگە سادەیە كە لەساڵی 1992 دامەزراوە، كاتی خۆی شوێنی فرۆشتنی پەراوگەو پێداویستی قوتابخانە بوو.

لەدوای ساڵی 2003 پاش چەند گەشتێكم بۆ دەرەوەی وڵات، سەردانی زۆر شوێنم لە ئەوروپا یان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا كرد، چەندین جێگاو شوێنم بینی كە تێیدا كەلوپەل و شتە دێرینەكانی خۆیان نمایش دەكەن و پیشانی گەشتیارەكان دەدەن و بۆیان باس دەكەن، لەگەڵ خۆشیاندا ئەو شتە دێرینانە دەكڕن و بەدیاری دەیانهێننەوە بۆ وڵاتەكانیان.

پاشان ئەو بیرەم لەلا گەڵاڵە بوو كە ئەم پرۆژەیە بێنمەوە بۆ عیراق و شاری سلێمانی شاری ڕۆشنبیری و هونەر، سەرەتا لە كاری پیشەیی دەستی و وێنەی زەیتی دەستم پێ‌ كرد، تاوەكو بوە ناوەندێكی فۆلكلۆری عیراقی كوردی.

شون زیاتر دەدوێت و دەڵێت: زۆربەی كڕیارو میوانەكانم لە گەشتیارانی ناوەندو باشووری عیراقن، هەرچەندە ئیش وكار كەمێك كز بووە بەڵام پێویستە بەڕێوەبەرایەتیەكانی ڕۆشنبیری و گەشتیاری كۆمەك و پشتگیریی ئەم جۆرە كارو جێگایانە بكات، كە من ناوی دەبەم بە سەنتەری ڕۆشنبیری و فۆلكلۆری،  كاتێك گەشتیار لەهەموو شوێنێكەوە ڕوو دەكەنە شاری سلێمانی و دێنە لام،  مێژووی گەلەكەم و شارەكەم.. كەلوپەلو شتە فۆلكلۆریە دێرینەكان و مێژووەكەیان  بۆ باس دەكەم.

عەبدولقادر شكار نووسەرو ڕۆشنبیر كە یەكێكە لە سەردانی كەرانی ئەو جێگا فۆلكلۆریانە،  دەڵێت: ئەم جۆرە جێگایانە لەشارەكەماندا كەمە، ئەم جێگەیەی كاك شوان بەیەكێك لە شوێنە سەرنج ڕاكێشەكان دادەنرێت، خۆی لەخۆیدا ڕابەرێكی گەشتیارییە، خۆشی زانیارییەكی باشی لەسەر مێژوو فۆلكلۆری شاری سلێمانی هەیە، لەبەرئەوە پێویستە لەلایەن دامو دەزگا ڕۆشنبیری و گەشتیارییەكان گرنگیان پێ‌ بدرێت و هان بدرێن تاوەكو كەلوپەل و شتە دێرین وجوانەكانی ئەم شارە نمایش بكەن و بخرێنە بەرچاوی گەشتیاران و مێژووی شارەكەمانیان پێ‌ بناسێنین.


PUKmedia  و/ عومەر رەشید

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket