riklam

مەلا بەختیار: یەكێتی بەردەوامە لەخەبات‌

ی.ن.ک‌‌ 07:06 PM - 2019-10-06
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (6/10/2019) بەگەرمی پێشوازی لەژمارەیەك بنەماڵەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان لەچەمچەماڵ‌و دەوروبەری كردو لەدیدارێكی هەڤاڵانەشدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە  ئەوەی دەڤەری ئێوە بۆ شۆڕشی نوێ‌‌و یەكێتی كردووە، مرۆڤ سەرسامدەكات و وتیشی: دوو دەڤەر، ئەنفالزەدەن! كە توندترین‌و خراپترین شاڵاوەكانی ئەنفال كە كراوەتە سەر كوردستان، لەدوو دەڤەردا چڕكراوەتەوە، ئەوانیش گەرمیان‌و چەمچەماڵن‌و زۆرترین قوربانییەكانی ئەنفالیش لەو دوو دەڤەرەن.

مەلا بەختیار، ئەو هۆكارەشی رونیكردەوە كە بۆ بەعس چەمچەماڵ‌و گەرمیانی هەڵبژارد تا زۆرترین كارەسات لەوێ‌ بسەپێنێت‌و وتی: جوگرافیا‌و هەڵكەوتەی زەوی لەسیاسەتدا زۆر گرنگە. بۆیە بەعس چەمچەماڵی بەخاڵێكی گرنگ بۆ شۆڕش دەزانی‌و لەو دەڤەرە بەگشتی، هەر لەشوان‌و هەمەوەندو..تد، تا دەگاتە لای قادركەرەم لێی دەترسا، كە وردە وردە پێشمەرگە چەمچەماڵ بكاتە پێگەی خۆیی‌و  چواردەوری كەركوك بگرێ‌، هەتا لەئاییندەدا هەر رووداوێك بێتە پێشەوە لەوێوە كەركوك رزگار بكرێ‌. بۆیە بەعس لەقەرەهەنجیرەوە هەتا بان مەقانی بەپتەوی گرتبوو. ئەنفالیشی كە لەوێ‌ چڕكردەوە، بۆ ئەوەبوو كە هەتا هەتایە، ئەو مەترسییە لەسەر كەركوك نەهێڵێن بەئەقڵی خۆیشی بەجینۆسایدكردنی ناوچەكە.

هەروەها گەرمیانیش لەبەرئەوەبوو، كە لەقۆڵێكەوە دەچێتە سەر رێگەی كەركوك، داقوق، دووز خورماتوو، ناوچەی سەڵاحەدین‌و ئەمەش رێگەیەكە لەرێگە مەترسیدارەكان‌و لەو لاشەوە سەنگاو گەرمیان دەبەستێتەوە بەناوچەكانی قادركەرەم‌و چەمچەماڵ. بۆیە گەرمیان لەدوولاوە مەترسی بوو بۆ حكومەت، لایەكی بۆ سەر رێگەی كەركوك‌و ئەو ناوچەیە، لەملاشەوە بۆ جەلەولا، سەعدیە‌و بەرەو دیالەو خانەقین، بۆیە ئەم ناوچەیەی هەڵبژارد هەتا زۆرترین قوربانییەكان لەم ناوچەیەبن، هەتا خەڵك‌و خاكەكەی لەرەگ‌و ریشەوە هەڵبكەنێت‌و ناوچەكەش ببڕای ببڕ، سەر بەرز نەكاتەوە‌و لەدەوری شۆڕشی نوێ‌ ‌ویەكێتیش نەمێننەوە. بۆیە بەعس خەنجەرەكەی لەدەڤەری ئێوە زۆر چەقاند، تەنانەت لەبادینان‌و دۆڵی باوزێش ئەنفال‌و كیمیابارانی كرد، لەدۆڵی بالیسان، گۆپتەپە‌و عەسكەر‌و هەموو ئەمانەش پەیوەندی بەو نەخشەیەوەبوو كە باسمكرد. 

بەڵام سەرەنجام گەلەكەمان مایەوە، كوردستان‌و شۆڕشەكەیی‌و حزبە سیاسییەكەیی‌و بەتایبەتی یەكێتی كە زۆرترین پلانگێڕی لەسەر بوو، هەر مانەوەو بەپێچەوانەوە حكومەت كۆتایهات. 

هەر لەدیدارەكەدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بە بەردەوامی كاروانی قوربانی بەخشینەكانی یەكێتی نیشتمانی كرد، رۆڵی گەنجان‌و لاوانیشی لەرووبەڕووبەوەی تیرۆریستانی داعش بەبایەخەوە هەڵسەنگاند‌و رایگەیاند:  یەكێتی بەردەوامین لەخەبات‌و ئەم حكومەتەش دەبێ‌ بەردەوام بێ‌ لەخزمەت هەرچەندە هەلومەرجێك هاتۆتە پێشەوە ناتوانین بڵێین مەترسی نییە. ئەوەتا عیراق لەكوردستان دەوڵەمەندترەو سوپاكەشی بەهێزترە، لەگەڵ ئەوەشدا چۆن وڵاتێك دەچێت بەڕێوە پەنجا هەزار كۆمپانیا داخرابێت‌و بەگەندەڵی‌و بەدزیش گەیاندیانە ئاستێك ئەوەتا هەموو میللەتەكە‌و گەنجی عیراق لێیان راپەڕیون. لەكاتێكدا هیچ حزبێك لەو راپەڕینەدا كاریگەری نییە.

وتیشی: نەوەی راپەڕینی ئێستای عیراق، نەوەی برسێتی‌و نەوەی گەندەڵی دوای سەركەوتنە، نەوەی ناعەدالەتی دوای سەركەوتنە. ماوەیەك خۆیان گرت، بەڵام كەزانیان ئەم حكومەتانە یەك لەدوای یەك دێن‌و نەك ناتواننن گەندەڵی چارەسەر بكەن، بەڵكو گەندەڵی زیاد دەكات، سەرەنجام خەڵك تەقییەوە!

رونیشیكردەوە: لەكاتێكدا دنیای ئێستا، دنیای خۆشگوزەرانی‌و پێویستییەكانی ژیان‌و تەكنیك‌و تەكنەلۆجیایە، بەڵام لەسەدا 24ی خەڵكەكەی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین! بەڵام حكومەت ناتوانێ‌ رێژەی هەژاریی‌و بێكاری كەمبكاتەوە، بەپێچەوانەوە گەندەڵی‌و هەژاری‌و بێكاری پێكەوە زیاد دەكەن. بۆیە خەڵك توشی نائومێدی‌و رەشبینی دەبێت.

مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە: ئەم دۆخە، دۆخێكی ترسناكە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت‌و خەڵكەكەی رازی نەكرێت، ئەوا ژمارەی كوژراوەكانی عیراق، لەژمارەی كوژراوەكانی میسرو لیبیا زیاتر دەكات‌و دەبێ‌ شوكربین وەكو سوریای لێنەیات.

هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە نێوانی پێكهاتەكانی عیراق باش نییە، هەروەها نێوانی بەغدادو هەرێمیش باش نییە‌و لایەنیكەم دوو ملیۆن چەك لەعیراقدا بڵاوبۆتەوە، رێژەیەكیش لەو ژمارەیە بەناوی جیاجیا موچە لەحكومەت وەردەگرێت، بەڵام لەسەرەنجامدا هەموو ئەوانە وەك باروت‌و بەنزین‌و ئاگر وان، هەر كاتێك گرش بكرێت‌و كڵپە بسەنێت، دامركاندنەوەی قورس‌و ئەستەم دەبێت‌و وتی:

مەترسی ئەوەشم هەیە عیراق تێكبچێت‌و حكومەت بگۆڕێت، ئەوا نێوانی هەرێم‌و بەغدادیش وەكو ئەوەی ئێستا نامێنێت! كە وەكو ئێستاش نەما، ئەوا موچە نامێنێت، كە موچەش نەما، ئایا چ یەدەگێكمان هەیە؟ كە ئەمە پرسیارەو لەحكومەتی كوردستانی دەكەم‌و ئومێدەواریشم حكومەتی ئێستا‌و كابینەی نۆیەم، لەئێستا ئیحتیاتی خۆیان بخەن‌و ئەگەر دۆخی عیراق لەگرێژنە دەرچوو، بیر لەوە بكەنەوە، ئەگەر عیراق دوو بۆ سێ‌ مانگ موچەی نەدا‌و بودجەكەش كە دەكەوێتە قوڕگی شێرەوە، هیچ پاشكەوتێكمان نییە، چونكە حكومەتی هەرێم هێشتا قەرزی سەردەمی پاشكەوت دەداتەوە بە كۆمپانیاكان. بۆیە هیواموایە دۆخی عیراق نەگاتە ئەو بارودۆخە ترسناكییەی چارەسەر نەكرێت، كە ڕەنگە رووبدات‌.

 وتیشی: ئەگەری شەڕی گەورە، ئەگەری گۆڕینی حكومەتی عیراق‌و ئەگەری بڕینی بودجەو مووچە لەكوردستان، پێویستە حكومەتی كوردستان، حزبەكانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان، ئەم بابەتانە بكەن بەكاری سەرەكی خۆیان.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەبارەی ئەو بارودۆخەی عیراقیشەوە، تەئكیدیی كردەوە: ئەم بارودۆخە بەریفۆرم‌و پینەوپەڕۆ چارەسەر ناكرێت، بۆیە ئەم حكومەتە لەماوەی یەك مانگدا، هەموو ئەو گەندەڵە گەورانە، ماسییە بچوكەكان نا بەڵكو حوتەكان، نەخاتە زیندانەوەو دادگاییان نەكات، ئەوا خەڵك لێیان رازی نابێت! ئەمەش شۆڕش‌و ئازایەتی دەوێت. چونكە گەندەڵی كە نەزیفی ئابورییە، بەلیژنەو بەكۆمسیۆنی باڵای دژایەتی گەندەڵی‌و حاكم‌و دوو حاكم چارەسەر نابێت. بۆیە بنەبڕكردنی گەندەڵی شۆڕش‌و ئازایەتی دەوێت‌.

 وتیشی: ئێمەش، دژی گەندەڵی نەبین‌و سیستەم نەگۆڕین، دەستور نەنوسین‌و چاودێری بازاڕ نەكەین، نەهێڵین بەزۆری زۆرداری خەڵك سەرانە لەبازاڕ وەربگرێت‌و پەرلەمانیش چاوی نەكاتە سەد چاو لەسەر بازاڕ، هیچ بەدووری مەزانن، خۆشمان بگرێتەوە. چونكە ئایا خەڵك جارێكی تر بەرگەی پاشكەوتی موچە دەگرێت؟!

PUKmedia راگەیاندنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket