riklam

دوا وتاری د.عیزەدین لەگەڵ ماڵئاواییەكەیدا

بیروڕا 10:34 AM - 2019-10-03
.

.

ئەمڕۆ 3ی تشرینی یەكەمی 2019، د.عیزەدین مستەف رەسوڵ كۆچی دوایی كرد، كۆچەكەشی لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ دوا وتاری لەگۆشەی (ئەم كونجەش) بەناونیشانی  ئیتر بۆ بنووسم بڵاوكردوەتەوە كە تایبەتە بە چەند بابەتێكی زمانەوانی.

لەبەشێكی گۆشەكەیدا دەڵێت: بەندە نووسیوومە كوردستان پێنج پارچەیە، مەبەسیشم ئەوەنەبووە - كە ئەم چوار پارچەیە بكەم بە پێنج، بەڵكو - بە (عەقڵی كەچی خۆم، پارچەی پێنجەمم دۆزیەوە، ئەویش ئەو بەشە كوردەیە كە لە (كازاخستان) ە. 

ئەوەشی نوسیوە: مێژووی ئەو بەشەشم باسكردبوو، زیانی نییە جارێكیتر باسی بكەمەوە - زۆریشم پێ خۆشە كابرای (مەنسوول) بیخوێنێتەوە. ئەگەر (بیخوێنێتەوە

دەقی وتارەكەی لە ژمارەی ئەمڕۆی كوردستانی نوێ

 

ئەم كونجەش 

ئیتر بۆ بنووسم:

زۆرجار بڕیار ئەدەم كە ئیتر نەنووسم. چونكە زۆر كەمن ئەوانەی چ نووسینی من، چ نووسینی كەسانیتر دەخوێننەوە. چونكە هەر لە جیهاندا دۆستانی ڕۆژنامەگەریی كاغەز - یا عەرەب ووتەنی -  الصحافە الورقیە- بەهۆی ئەم تەكنیكە هەمەڕەنگانەوە باوی كەم بووە. نایشارمەوە كە كەسێكی خوێندەوار پێم دەڵێ: فڵانە نووسینتم خوێندەوە، سوپاسێك ئەكەم كە هێشتا كەسانێك ماون دەخوێننەوە و دەست ئەدەمەوە قەڵەم - ئەمجارەش دەڵێم قەڵەم و (پێنووس) ناڵێم.

دەی با بێمە سەر مەبەس و (گڕی دڵ) - 

دیارە سەد شوكر - چاوم ماوە و دەخوێنمەوە. بە داخەوە هەندێ هاوڕێم لەو (نیعمەتە) بێ بەرین. سەیری ئەم كەناڵە ( زۆر بێ و بۆر بێ) یانەش ئەكەم و زۆر جار خەفەت دام دەگرێ و پەشیمان دەبمەوە.

دەی دیسان با بێمەوە سەر مەبەس:

لەم ڕۆژانەدا گوێم لە كابرایەك بوو: كە دیارە (مەسئوول) یشە و لەوانەیە كە دیار بوو زۆری پێ ناخۆشە (پارتی و یەكێتی) ڕێكبن. یا هەر كورد ڕێك بێت و خەو بە شەڕی ناوخۆوە دەبینێ و ڕەنگە مەبەسی نەبێ، چ لایەك سەر ئەكەوێ، ئیتر كورد بكوژرێ - ئەو شادمانە.

كابرا هێرشێكی توندی دەكردە سەر (پارتی) - خۆ دەزانن من نە (پارتیم) و نە دەبم بە (پارتی) - بەڵام رێزی (پارتی) و هەموو حیزبە تێكۆشەرەكانی كوردستانم لایە.

كابرا: ناوی نابەم - ناوی بە كۆرەكەی ئاشدا چێ - ها (كورد ووتوویانە: كۆرەكەی ئاش -  كوڵەكەی ئاش) یان نەووتووە: وەك ئێستا هەندێ كوردی نەزان دەیڵێن - كابرا لەو هێرشانەدا كە كردی یە سەر پارتی - ئەوەبوو كە (پارتی) دەڵێ (كوردستان - پێنج پارچەیە) و جەنابی سوور بوو لەسەر ئەوەی (هەر چوار پارچەیە).

بەڵام چونكە ئەمەیان - بەندە دەگرێتەوە - ناچارم بێمە جواب:

یەكەمجار (بەندە) نووسیوومە: كوردستان پێنج پارچەیە. مەبەسیشم ئەوەنەبووە - كە ئەم چوار پارچەیە بكەم بە پێنج. بەڵكو - بە (عەقڵی كەچی خۆم، پارچەی پێنجەمم دۆزیەوە. ئەویش ئەو بەشە كوردەیە كە لە (كازاخستان) ە. 

مێژووی ئەو بەشەشم باسكردبوو. زیانی نی یە جارێكیتر باسی بكەمەوە - زۆریشم پێ خۆشە كابرای (مەنسوول) بیخوێنێتەوە. ئەگەر (بیخوێنێتەوە). 

زانای گەورەی كیمیا و (كورد) نادر نادرۆڤ¬ - كە پاداشتی نۆبڵی هەیە - خەڵكی ئەوێ یە.

مێژووی ئەو بەشەش با باس بكەمەوە: كاتی خۆی تورك لەوبەری جزیرەوە - خەڵكیان دەناردە ئەمبەر. لەناو ئەوانەدا جاسووسیشیان دەنارد. (ستالین)ی مەزن، تووڕە بوو - ووتی: یا واز لەم هاتوچۆیە دەهێنن. یا فەرموو: ئەوە (كازاخستان) - ئەوە زەوی و ئەوە ئاو و خەریكی كشتوكاڵ بن - كۆمەڵێك كوردی - جزیرە) نێردرانە ئەوێ و بەشی پێنجەم (دامەزرا). كە تا ئێستا هەر بە كوردی دەخوێنن و هەموو پلەكانی خوێندنیان هەیە. هەر بە كوردیش دەناسرێن و حكوومەتی (كازاخستان) دانیان پێدا دەنێ - ئای ئەوەی زۆری دەڵێمەوە: خۆزگە (پیری و نەخۆشی) ڕێگەی دەدام و جارێك ئەو پارچەیەشم دەبینی - چونكە چوار پارچەكەیترم دیووە. حەزم دەكرد ئەو كابرا (مەنسوولەش) بهاتایە و بۆ ئەوەی لە بەتاوانكردنی (پارتی) بگەڕێ و جارێك ئەوەش بكات - بە گەورەیی بۆ (پارتی) و نامەوێ ناوی من بهێنێ. هەر حەز ئەكەم واز لەم ئاواتی كورد بە یەكتر بەكوشتدانە بهێنێ - چونكە كورد هەریەكن و هەموو حیزبەكان لایەنی یەكگرتوویان زیاترە لە پێچەوانەی ئەوە و دەوڵەتی یەكگرتووی كورد بەڕێوەیە و هەربژی كورد - بژی كوردستان.

PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket