riklam

میدیا نازناوی ״زەعیفە״ی پووچەڵ كردەوە

هەمەرەنگ 04:53 PM - 2019-09-26
.

.

میدیا، شان و بازوویەكی بەهێزی هەیە، ئەمەش سەرنجی دەوروبەرەكەی كێش دەكات، بە تایبەتی كە لە هۆڵی ڕاهێنان وەرزش دەكات، كە دەتوانێت (84) كیلۆگرام بە یەك جار بەرز بكاتەوە، توانا و خولیاكەیشی بۆ وەرزشی بەرزكردنەوەی قورسایی پاڵنەری ئەوەیە كە خۆی بۆ پاڵەوانێتییەكی دیكەی نێودەوڵەتی لە مۆسكۆ ئامادە بكات، دوای ئەوەی توانی یەكەمی ئاسیا بێت لە ئەمساڵدا.

میدیا یەكەم ژنی كوردە كە توانی (84) كیلۆگرام قورسایی لە پاڵەوانێتیی ئاسیا بەرز بكاتەوە و پلەی یەكەمی بە دەست هێنا، یەكەم ژنی كوردیشە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقیش لە پاڵەوانێتیی بەرزكردنەوەی قورساییدا بەشداریی بكات، جگە لە خۆی مێردەكەی و 4 منداڵیشی هەمان خولیایان هەیە.

میدیا فەیزوڵڵای تەمەن ٣٨ ساڵ، باسك و لەشولارێكی وەرزشیی هەیە، بە جۆرێك لە ژنی دیكەدا نییە، خێزانەكەیشی هەموویان هەمان وەرزش دەكەن، كە لە 6 ئەندام پێك هاتوون و لە گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك-یش لە دایك بووە، یەكەم ژنی كوردە لە كوردستان و عێراق چەند جارێك پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بردووەتەوە.

میدیا فەیزوڵڵا، لە بارەی تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ ئەو ژنانەی یاریی هێزی لەش دەكەن و نهێنیی سەركەوتنی وتی: ״ساڵێكە دەستم بە یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی و هێزی لەش كردووە، ئەو كاتەی دەستم پێ كرد، هیچ ژنێك لە كوردستان و عێراق ئەو یارییەی نەدەكرد، بڕوابەخۆبوون كلیلی سەركەوتنە.״

ئەم ژنە كوردەی كەركوك، خاوەنی ناو و ناوبانگێكی فراوانە، بەرلەوەش كە دەستی بە یاریی ״ئاسن״ كرد، ئەوەی لەبەر چاو بووە، كە تووشی تانەوتەشەر دەبێت، ״خەڵك توانجیان لێ دەدام و دەیانوت ژن بۆ ئەو یارییە قورسە شیاو نییە، بەڵام من بە ویست و ئیرادەی خۆم دەستبەرداری خەونەكەم نەبووم״ میدیا بە باوەڕبەخۆبوونەوە ئەمەی وت.

میدیا لە  دوو پاڵەوانێتیی سەر ئاستی كوردستان بەشداریی كردووە، لە یەكەم پاڵەوانێتیدا پلەی یەكەمی بە دەست هێناوە، لە پاڵەوانێتیی دووهەمیشدا پلەی دووهەم، لە ڕۆژی 1/9/2019شداو لە پەراوێزی پاڵەوانێتیی ئاسیا بۆ هێزی لەش كە لە  توركیا بەڕێوە چوو، توانی لە كێشی ٨٤ كیلۆگرام پلەی یەكەم بە دەست بهێنێت.

ئەو ساتەی گەیشتە پلەی یەكەمی ئەو پاڵەوانێتییە، میدیا پلەی بەختەوەری و سەركەوتنەكەیشی هەڵكشا و دەڵێت: ״لە خۆشیدا هەستم بە شانازیی كرد وەك یەكەم كورد و یەكەمین ژن مەدالیای یەكەمیی وەردەگرم״.

میدیا هەفتانە (٤) ڕۆژ و ڕۆژانەش (٢) سەعات ڕاهێنان دەكات و دەڵێت: ״سیستمی خۆراكم ئاساییە و هیچ ماددەیەكی وزەبەخش بە كار ناهێنم.״

خێزانەكەی میدیا  هەشت ئەندامە و خۆی و مێردەكەی و  دوو منداڵیشی هەمان یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی و هێزی لەش و لەشجوانی دەكەن، محەمەد شەمسەدین، كە هاوسەری میدیایە، لە چەندین پاڵەوانێتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرزكردنەوەی قورساییدا ئەویش پلەی یەكەمی بە دەست هێناوە.

״هاوسەرەكەم زۆر هانی دەدام دەست بە یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی و هێزی لەش بكەم، هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانم بووە״، میدیا وای وت.

میدیا بە پشتیوانی و كاریگەریی محەمەدی هاوسەری خولیای بەرزكردنەوەی قورسایی بووە، دوو منداڵی دیكەیشیان كە كچێك و كوڕێكیانە بە كاریگەری و خۆشەویستیی ئەوان، هەمان یاری دەكەن، ئەم خێزانە گلەییان هەیە، كە هیچ بەرپرسێكی حزبی و حكومی پێشوازییان لەو سەركەوتنەیان نەكردووە.

״خۆم و هاوسەرەكەشم پلەی یەكەممان لە پاڵەوانێتیی بەرزكردنەوەی قورسایی و هێزی لەشی سەر كیشوەری ئاسیا بە دەست هێنا، كە چەند هەفتەیەك پێش ئێستا لە ئیستەنبووڵی توركیا بەڕێوە چوو، بەڵام هیچ بەرپرس و لایەنێكی حكومی و حزبی پێشوازییان لێ نەكردووین״، میدیا وای وت.

لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواری و تەنانەت لە عێراق و بەشێكی زۆری وڵاتانی ناوچەكەشدا، ژنان كەمتر لە بواری بەرزكردنەوەی قورسایی و لەشجوانیدا وەرزش دەكەن، بەڵكوو پیاوان زیاتر لەم بوارەدا دەركەوتوون، ״بەم سەركەوتن و وەرزشە توانا و هێزی ژنانمان سەلماند״، میدیا وا دەڵێت.

بۆ ئەوەی ژنان باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، میدیا لە پشتیوانیی كچەكەی خۆیەوە دەستی پێ كردووە و ڕاهێنانی بەرزكردنەوەی قورسایی پێ دەكات و لەگەڵ محەمەدی هاوسەری هاندەری تەواوی دەكەن تا ئەویش بە خەون و ئامانجی وەرزشی بگات.

مریەم محەمەد، كچی میدیایە و هاوشێوەی دایك و باوكی، حەز و خولیایەكی زۆری بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی و لەشجوانی هەیە، بۆیە دوای ٢ مانگ لە یاریكرن، بەشداریی لە پاڵەوانێتیی بەرزكردنەوەی قورسایی سەر ئاستی كوردستان كرد، كە لە كەركوك بەڕێوە چوو، توانی پلەی سێهەم بە دەست بهێنێت.

بە پێی زانیارییەكان تەنها (٣) ژن و كچ لە سەر ئاستی كەركوك و كەمتر لە ٢٠ خانمیش لە تەواوی هەرێمی كوردستان یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی و هێزی لەش دەكەن.

محەمەد شەمسەدینی هاوسەری میدیا و باوكی مریەم، دڵخۆشە كە هاوسەر و كچەكەی ئەم وەرزشە دەكەن و شانازییش دەكات، كە هاندەر و پشتیوانیانە و دەڵێت: ״لە ئێستادا لەگەڵ هاوسەرەكەم ئامادەكاریی بۆ بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جیهانیی بەرزكردنەوەی قورسایی دەكەین، كە بڕیارە ساڵی ئاییندە لە ڕوسیا بەڕێوە بچێت.״

ئەم وەرزشەوانە كوردە لە ساڵی ١٩٧٩ لە گەڕەكی قۆریەی كەركوك لە دایك بووە، لە ساڵی ١٩٩٧ یاریی لەشجوانیی كردووە و دوای ٤ ساڵ دەستی كرد بە یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی و هێزی لەش.

״تاكو ئێستا بەشدارییم لە ٣ پاڵەوانێتیی نێودەڵەتی و ٢٨ پاڵەوانێتیی ناوخۆیی كردووە، كە لە سەرجەمیان پلەی یەكەم و دووهەمم بە دەست هێناوە״، محەمەد شەمسەدین وای وت.

ماڵی میدیا و محەمەد سیمای وەرزشیی پێوە دیارە، بە هەر لایەكدا بڕوانیت هێمایەكی وەرزشی بە دی دەكەیت، گۆشە و دیوار وێنەی یەكێكیانی پێوەیە، یان جامێكی پاڵەوانێتی دەبینیت، ئەگەر لەگەڵ خێزانەكەیشدا دابنیشیت ئەوا (6) پاڵەوان هەن كە لەشولارێكی وەرزشیی جیاوازیان هەیە.

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket