riklam

حاجی مەسیفی: بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك چیتر سەبرمان نەماوە

ی.ن.ک‌‌ 09:36 AM - 2019-09-26
.

.

حاجی مەسیفی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتیی لە هەولێر، پێیوایە هاتنی وەفدی پارتی بۆ لای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ״نیگەرانییەكانیان سەبارەت بەڕێگریكردن لە مەحمود سەنگاوی رەواندووەتەوە و كۆتایی پێ هاتووە״، دەشڵێت: لیژنەیەك لە نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان پێكدەهێندرێت.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، وەفدێكی باڵای پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییان لە هەولێر كرد، ئەوەش دوای ئەوە هەفتەی ڕابردوو لە بازگەی دێگەڵە رێگری لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی كرا بچێتە شاری هەولێر.

حاجی مەسیفی لە چاوپێكەوتنێكی (ئاژانس)دا سەبارەت بەدواكەوتنی دانانی پارێزگاری كەركوك رایدەگەیەنێت كە پارتی لەو پرسەدا كەمتەرخەم بووە و خۆی دزیوەتەوە و دەشڵێت: ״بە پارتیمان وتووە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك چیتر سەبرمان نەماوە.

 

ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، كە رۆژی دووشەممە كۆبوونەوەیەكتان لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا باستان لە چی كرد؟

حاجی مەسیفی: كۆبوونەوەیەكی هێمن بوو لەسەر ئەو نیگەرانییانەی یەكێتیی بوو كە بەم دواییە هاتە ئاراوە و بۆ نەهێشتن و ڕەوینەوەی گرژییەكان بوو، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كۆبوونەوەی تر بكەین بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان.

 

ئاژانس: لەسەر ئەو رووداوەی رێگری لە مەحمود سەنگاوی، گفتوگۆكان چ ئاراستەیەكیان هەبوو؟

حاجی مەسیفی: یەكێك لە خاڵەكان باسی ئەو پرسە بوو.

 

ئاژانس: تیمی پارتی هۆكاری ئەو ڕێگرییەیان ڕوون كردەوە، چی بوو؟

حاجی مەسیفی: نا ڕوونكردنەوە نەبوو، بەڵكوو بڕیار درا زۆر نەچینەوە سەر ئەو پرسە و لاپەڕەیەكی تازە هەڵدەینەوە.

 

ئاژانس: لە كۆبوونەوەكەدا پارتی بە ڕەسمی داوای لێبووردنی لە یەكێتیی كرد؟

حاجی مسیفی: من لە كۆبوونەوەكە نەبووم بۆیە ئاگاداری ئەوە نیم.

 

ئاژانس: وا بڵاوكرایەوە یەكێتیی داوای لە پارتی كردووە داوای لێبووردن بە رەسمی لە میدیاكانەوە بڵاو بكاتەوە؟

حاجی مەسیفی: هەندێك شت هەیە ناكرێت، لە سیاسەتدا ئەوە نییە من شتێكم بووێت تۆش دەبێت وا بكەیت، ئێمە دوو حزبی گەورە و سەرەكیی پێكهێنانی حكومەتین دەبێت گیانی لێبووردەییمان زۆر بێت، ئەگەر وا نەكەین ناتوانین خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین.

 

ئاژانس: نیگەرانییەكانی یەكێتیی لەو بارەیەوە ڕەویونەتەوە یان ماون؟

حاجی مەسیفی: پێم وایە هاتنی شاندێكی گەورەی مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ لای برادەرانی ئێمە كۆتاییهاتنی شتەكانە.

 

ئاژانس: لەسەر پرسی كابینەی نوێ، بۆچی پڕكردنەوەی پۆستە تەواوكارییەكانی حكومەت هێندە سستە؟

حاحی مەسیفی: بڕیار دراوە كە لیژنە لە هەردوو لا پێك بهێنرێت و پەلە بكرێت لە پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی كە ماون.

 

ئاژانس: ئەی لەسەر مەسەلەی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی بە چی گەیشتوون؟

حاجی مەسیفی: لەسەر دەسەڵاتەكانی كاك قوبادیش بە هەمان شێوە ئێمە داوامان كردووە ئەم پرسەش چارەسەر بكرێت، چونكە ئەگەر قوباد تاڵەبانی هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت ئەی بۆچی  جێگری سەرۆكی حكومەتە.

 

ئاژانس: تیمی یەكێتیی لە حكومەت جۆرێك لە نیگەرانییان پێوە دیارە بەوەی دەسەڵاتەكانیان سنووردارە و وەك كابینەكانی پێشوو دەسەڵاتیان لەبەر دەست نییە، گفتوگۆتان لەم بارەیەوە كردووە؟

حاجی مەسیفی: بەڵێ‌ ئەمە ڕاستە، ئێمە لەو حكومەتە داوای شەراكەتی حكومڕانیمان كردووە، ئەگەر وا نەبێت بۆچی لە حكومەتین، بۆیە لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی دووشەممە كە دوا كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتیی بووە هەموو ئەو نیگەرانییانەمان باس كردووە و ئەوانیش بەڵێنی چارەسەركردنیان داوە.

 

ئاژانس: ئەو ماوەیە كۆتایی هات كە بۆ پارێزگاری كەركوك دیاری كرابوو، بەڵام هیچ نەكرا، بۆچی؟

حاجی مەسیفی: ئەمەش خاڵێكی تر بوو لە كۆبوونەوەكە باس كراوە، لەو ماوەیەی دیاری كراوە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك پارتی كەمتەرخەم بووە و تەنانەت خۆدۆزینەوەش هەبووە، بۆیە دەبێت ئەم پرسەش چارەسەر بكرێت.

 

ئاژانس: یەكێتیی لەو بارەیەوە چی بە پارتی وتووە؟

حاجی مەسیفی: یەكێـتیی بە ڕاشكاوی ئەوەی بە پارتی وتووە، كە دەبێت لە ماوەیەكی نزیك پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلایی بكرێتەوە و لەوە زیاتر یەكێتیی ناتوانێت سەبر بگرێت.

ئاژانس: هەڵوێستی یەكێتیی چی دەبێت، تا كەی چاوەڕێ دەكات بەم جۆرە كە پارێزگاری كورد لە كەركوك دانەندرێت، ئایا نییەتی پارتی چییە، ئامادە نییە ڕێككەوتنەكەتان لەگەڵ جێبەجێ بكات؟

حاجی مەسیفی: یەكێتیی حزبێكە هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكات و هەمیشە بەرژەوەندیی نەتەوە و نیشتیمانەكەی لە پێش بەرژەوەندیی حزبیدایە، بۆیە یەكێـتیی دەیەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتییانە ئەو كێشانەی كە هەن چارەسەر بكات، نەوەكو لە ڕێگەی كاردانەوە، برادەرانی پارتیش بەڵێنی چارەسەری كێشەكانیان داوە.

 

ئاژانس: ئەو كادرانەی لە لایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیر كرابوون ئازاد كراون؟

حاجی مەسیفی: بەڵێ‌ سەرجەمیان ئازاد كراون.

 

PUKmedia لەئاژانسەوە وەرگیراوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket