riklam

ئێران و سعودیە وەڵامی یەک دەدەنەوەو ترەمپیش داوای چارەسەر دەکات

جیهان 02:41 PM - 2019-09-20
.

.

بەرپرسانی ئێران و سعودیە لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی سعودییە بەردەوام وتەی دژیان بەرامبەر یەک هەیە، هاوکات سەرۆکی ئەمریکاش داوا دەکات کێشەکانی نێوانیان بە رێگای ئاشتییانە چارەسەر بکەن.

لە كاردانەوە بەردەوامەكانی هێرشەكەی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوزی وڵاتەكەی رایگەیاند سیناریۆی زۆر لە ئارادان، ئەگەر چارەسەرێكی ئاشتیانەش هەبوو ئەوا كارێكی باشە پرسەكە بە ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، بەڵام پێدەچێت پرسی ئێران بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر نەبێت.  

ترەمپ وتیشی:  پێشتر ئەمریكا هێزی سەربازیی وەك ئێستای نەبووە و ئەو هێزە سەربازی و جەنگییەی ئێستا ئەمریكا هەیەتی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و هیچ وڵاتێك نییە بتوانێت بەرامبەر بە هێزی سەربازی ئەمریكا بوەستێتەوە.

لەبەرامبەر وتەکانی ترەمپ یەحیا رەحیم سەفەوی راوێژكاری سەربازیی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆرشی ئێران لەمیانی لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا ، وەڵامی ئێران بۆ هەر پەلامارێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، تەواوی دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای هیندی دەگرێتەوە ، یەحیا رەحیم سەفەوی ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا هاوپەیمانانی ئێران لە ناوچەكەدا، زۆر بەهێزترن لەو لایەنانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەكەن.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا راوێژكاری سەربازیی خامنەیی رایگەیاند: ئەگەر ئەمریكا بیر لە ئەنجامدانی پیلانگێڕی بكاتەوە دژ بە ئێران، ئەوكاتە گەلی ئێران لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە دەستدەكات بە وەڵامدانەوەی ئەمریكا و بەرەو هەریەك لە زەریای سوور و زەریای هیندییش پەلدەكێشێت.

هاوکات لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێنی ئەمریكی دووپاتیكردەوە، لە ئەگەری هەر گورزێكی سەربازیی ئەمریكی یان سعودی لە دژی ئێران، تەقینەوەی جەنگێكی گشتگیری بەدواوە دەبێت.

لەبەرامبەریشدا عادل جوبەیر وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری دەرەوە لە میانی توێتێكدا ، ئاماژەی بەوەدا ، تادێت كۆماری ئیسلامی ئێران رادەی هێرشەكانی بۆ سەر سعودیە فراوان تر دەكات ، وتیشی: پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكانی تاران دابنێت ، هاوكات لە بەشێكی تری وتەكانیدا عادل جوبەیر تیشكی خستە سەر بۆردومانكردنی دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە لە چەند رۆژی رابردوودا  و رایگەیاند: هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە ئەو راستییەی سەلماند كە ئێران نایەوێت كێشە و ئاڵۆزییەكان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكات.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری دەرەوە بە پێویستی زانی هەنگاوەكان دژی ئێران توند تر بكرێت و تەنها لە چوارچێوەی سزا و گەمارۆی ئابووری و دارایی نەمێنێتەوە.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket