riklam

هەرێم: لەناوچە جێناكۆكەكان مەترسیمان لەسەرژمێری هەیە

کوردستان 11:48 AM - 2019-09-19
.

.

هەرێم و بەغدا لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری كۆبوونەوە، نوێنەری هەرێم لەلیژنەكە دەڵێت: پشتیوانی لەبەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەكەین، بەڵام لەناوچە جێناكۆكەكان مەترسیمان هەیە. نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عیراقیش دەڵێت: لەسەر ئاستی باڵای هەرێم پشتیوانی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەكەو هەوڵی چارەسەری ئاستەنگ و كێشەكانیش دەدەین. 

لەبارەی ئامادەكاریییەكانی سەرژمێری و كێشەكانی بەردەم پرۆسەكە بایبەت لەناوچە جێناكۆكەكان، وەفدی بەغداو هەرێمی كوردستان لەهەولێر كۆبوونەوەو دواتریش لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسیان لەمەترسی و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی سەرژمێری كرد.

 لەسەرەتایی كۆنگرەكەدا، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: وەك حكومەتی هەرێم پشتیوانی لەئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەعیراق و هەرێمی كوردستان دەكەین كە مەبەست لێی پەرەپێدان بێت و دوور بێت لەدەستێوەردانی سیاسی، چونكە ئەو سەرژمێریانەی لەماوەی رابردودا كراون ئەوەندەی سیاسی بووە، ئەوەندە بۆ پەرەپێدان نەبوون.

وتیشی: دەمانەوێت ئەو سەرژمێرییەی كە بڕیارە بكرێت بۆ پەرەپێدان بێت و دوور بێت لەبابەتی سیاسی، چونكە سەرژمێریەكانی پێشتر بەئامانجی سیاسی كروان و هەڵەو كەموكوڕی تێدایە، بەتایبەت ئەوەی ساڵی 1997 كە بوە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای زۆر ناوچە.

لای خۆشیەوە خالید شوانی  وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا  وتی: لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆمان كرد لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی كە بڕیارە كۆتایی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، باسمان لەتەواوی رەهەندەكانی پرۆسەكەش كرد كە لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و خزمەتگوزارییەوە لەسەری هەیە.

وتیشی:چەند مەترسیمان هەیە لەبارەی سەرژمێرییەكەوە، بەتایبەت ناوچە جێناكۆكەكان كە پەیوەندیان بەماددەی 140ی دەستوورەوە هەیە، چونكە هەندێك ناوچە هەیە تێبینیمان لەسەری هەیەو گەیاندومانەتە سەرو خۆمان.

شوانی راشیگەیاند:مەترسی و تێبینییەكانیشمان گەیاندە وەفدەكەی عیراقیش، تێبینیەكانمان تەنها لەڕووی تەكنیكییەوە نەك سیاسی، چونكە ئێمە لەگەڵ سەرژمێرییەكین كە بۆ گەشەپێدانی عیراق بێت، نەك بۆ زیاتر پەراوێزخستنی پێكهاتەكان یان ئامانجی سیاسی لەپشتەوە بێت.

ئەوەشی خستەڕوو: داوامان لەوەفدەكە كردوە هەموو مەترسیەكان بڕەوێننەوەو رێوشوێنی ورد دابنێنن كە سەرژمێری واقعی راستەقینەی ئەو ناوچانە نیشاندا بدات و خەڵكی رەسەنی ناوچەكان تۆمار بكرێن، نەك ئەو واقعەی ئێستا هەیەو گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە.

تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە: وەفدەكەی عیراق بەڵێنیان داوە لەداواكارییەكانمان بكۆڵنەوەو رێوشوێنی هونەری بگرنەبەر تا كێشەكان چارەسەر بكرێن، بۆیە چاوەڕێی كۆبوونەوەی لیژنەی هونەری نێوان بەغداو هەرێم دەكەین.

خالیدی شوانی ئاشكراشیكرد" دواتر وەك لیژنەكەی هەرێم لەسەر ئەنجامی كۆبوونەوەكان راپۆرتێك دەدەینە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە بە چ شێوازێك سەرژمێری گشتی بكرێت، ئەگەر كرا چ میكانیزمێك بگیرێتەبەر.

هەر لەكۆنگرەكەدا هەمدی عەلاق راوێژكاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: ئەنجامی كۆبوونەوەكانمان لەبارەی سەرژمێرییەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم بەرهەمدار بووەو پێكەوە باسمان لەئامادەكاریەكانی پرۆسەكە كردوە لەحكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2020 سەرژمێرییەكە بەڕێوەبچێت.

وتیشی: راستە هەندێك ئاستەنگ دێنە پێش پرۆسەكەوە، بە‌ڵام شەفافیەتی زۆر هەیە بۆ پرۆسەكە بگیرێتەبەر، چونكە باسمان لەمامەڵەكردن كرد لەگەڵ ناوچە جێناكۆكەكان، هەوڵمانداوە متمانە لای یەكتر دروست بكەین، بەهەموو باتەكاندا دەچنەوەو رەچاوی بەندە نێودەوڵەتیەكان دەكەین بۆ پرۆسەكە. 

ئەوەشی وت: لەرۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێم و یۆنامی دەكەین تا بگەینە رێككەوتن و كۆدەنگی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشانەی كە دێنەڕێی پلانی تەكنینكی ئامادەكاری سەرژمێری، بۆ ئەوەی لەمانگی 10ی ساڵی داهاتوو سەرژمێرییەكە بكەین.

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لەوەشكرد لەسەر ئاستی باڵای هەرێمی كوردستان پشتوانی هەیە بۆ سەرژمێری و سەرخستنی پرۆسەكە، تا متمانە بۆ خەڵك بگێڕینەوە، چونك لەساڵی 1987ەوە نەتوانراوە سەرژمێرییەكی دروست بكرێت، پێویستە سەرژمێرییەكە بەهەماهەنگی هەردوولا بكرێت.

لای خۆشیەوە زیا عەواد سەرۆكی دەزگای ئاماری عیراق رایگەیاند: لەلایەن وەزیری پلاناداناوە راسپێردراوم كە وێنانەیەكی گشتیمان دەستبكەوێت لەسەر لایەنی تەكنیكی و بەكارهێنانی ئامێری ئەلیتكرۆینی پێكشەوتوو بۆ سەرژمێرییەكە.

ئەوەشی وت: گفتوگۆ لەسەر هەنگاوە سەرەتاییەكان دەكەین تا لەسەر رێككبكەوین بۆ ئەوەی پرۆسەكە بكرێت، تا لەدواتردا كێشە لەسەر پرۆسەكە دروست نەبێت،  هەردوولاش پابەندین بەلابردنی ئاستەنگەكان، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی باش لەنێوان دەستەی ئاماری هەرێم و بەغدا هەیە تا بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەكان پرۆسەكە سەركەوتو بێت.

سەرۆكی دەزگای ئاماری عیراق راشیگەیاند: قۆناغە سەرەتاییەكانی پرۆسەكەمان بڕیوەو بەدوای چارەسەری گیروگرفتەكانی بەردەم قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكەدا دەگەڕێین، تا پرۆسەی سەرژمێری جێی متمانەی هەموولایەك بێت، هەروەها سەرژمێرییەكەش گشتی بێت و سەرجەم ناوچەكان بگرێتەوەو لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە هاوكاری بكرێن

  PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket