riklam

مەلا بەختیار:بەدیلی یەكێتی هەر یەكێتییە

ی.ن.ک‌‌ 04:56 PM - 2019-09-18
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشوازی لەژمارەیەك لەهەڤاڵان‌و تێكۆشەرانی دێرینی سەردەمی شاخ‌و پێشمەرگایەتی دەكات‌و لەدیدارێكیشدا كە ئەمڕۆ (18/9/2019) بەڕێوەچوو، هەڤاڵان لەلایەن خۆیانەوە، وێڕای ژیانەوەو وەبیرهێنانەوەی رۆژانی شاخ‌و ئەو قوربانیبەخشین‌و گیانفیداییەی لەپێناو بیروباوەڕو شۆڕشدا بەخشیویانە، گللەیی‌و گازندەو داواكارییەكانیشیان گەیاندە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەلایەن خۆیشییەوە، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە لەگەڵ ژمارەیەك تێكۆشەری سەر سەر ڕاستی شۆڕش كۆدەبێتەوەو هاوكات ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: مرۆڤ لەكاتێكدا لێپرسراو دەبێت‌و دەسەڵاتی عەسكەری دەبێ‌، ئەوا دەسەڵاتداری بە ویژدان‌و دەسەڵاتداری بە ئەخلاق، ئەو كەسەیە كە دەسەڵاتەكەی بۆ خزمەت‌و چارەسەری كێشەكان بەكاربهێنێت، نەك بۆ ستەمكاری!
وتیشی: ئێستا كە سەیری رابردوو دەكەم، خەفەت بۆ كێشەكانی رابردوو دەخۆم، بەڵام لەهیچ بۆچوونێكدا بەهەڵەدا نەچووین.

وەكو تر كە راپەڕینیش سەریهەڵداو ئەزمونێكی دیموكراسی هاتە پێشەوە، كە زانیمان ئەم ئەزمونە مەترسی لەسەرە، وەكو ئاڵای شۆڕش وتمان: دەبێ‌ ئەزمونە دیموكراسییەكە بپارێزین‌و نابێ‌ ناكۆكییەكان قوڵ بكەینەوەو بەڵكو لەگەڵ یەكێتی ئەگەرچی ناخۆشییەكی زۆر كەوتبووە نێوانمان، یەكێتیمان هەڵبژارد‌و وتمان یەكێتی بەئێمەوە بەهێزتر دەبێت‌و دەتوانێ‌ باشتر ئەم ئەزمونە دیموكراسییە بپارێزێت.

چونكە ئەگەر بەرقەوە بیرمان لەو برینانە بكردایەتەوە، كە لەویژدانی هەمووتاندا هەبوو، هەرگیز نەدەبوو لەگەڵ یەكێتی یەك بگرینەوە، بەڵام دیموكراسی‌و ئاییندەی نەتەوەی كوردو سەرنەكەوتنی پیلانی دوژمنەكان‌و مێژوویەكی هاوبەشیش كە لەناو یەكێتیدا هەمانبوو، وایكرد: پێ‌ بەهەموو ئازارەكانی خۆماندا بنێین‌و بڵێین: ئەزمونەكەو نەتەوەكەو دیموكراسی‌و مێژوومان گرنگترە لەوەی چەندمان برینداربووین‌و چەندمان شەهید كراوە! 

وتیشی: لێمان شەهید كرا، بەڵام دەستمان نەكردەوە‌و هیچ كەسێك بەدەستی ئاڵای شۆڕش شەهید نەبووە! ئەگەرچی مەفرەزەو كەسی قارەمان‌و ئازاشمان هەبووەو نەشچوینەتە پاڵ هیچ دوژمنێك شەڕی یەكێتی بكەین!

ئەوكاتەشی خواحافیزیمان لەجەنابی مام جەلال كرد، نەچوینە سەر سنور، بەڵكو چوینە قەراغ، بۆ ئەوەی پەیامێك بدەین بە یەكێتی‌و بڵێین: ئێمە نامانەوێ‌ هێزی پێشمەرگە جیابكەینەوە، بەڵكو دەمانەوێ‌ بەبرایەتی ‌و خۆشەویستی ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین. بەڵام بەداخەوە وەڵامی ئێمە، بەهاتنی هێزی عەسكەری درایەوە!
لەكاتێكدا ئێمە نەچوینە سەر سنور، بەڵكو چوینە ناو قوڵایی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی، لەبەرئەوەی باوەڕم بەشەڕی ناوخۆ نەك لەگەڵ یەكێتی، بەڵكو باوەڕم بەشەڕی ناوخۆ لەگەڵ پارتیش نەمابوو. بەڵام بەداخەوە باڵێكی شەڕخواز لەناو یەكێتی هەبوو، تەفەهومی ئەو بۆچوونانەی ئێمە‌و بیروباوەڕی جیاوازی نەكردو هاتنە سەرمان.

لەكاتێكدا هەرچی كرابێ‌ بەرامبەرمان، بەڵام ئایا ئێستا ئەنجامەكەی سەربەرزیی‌و جێگەی شانازییە؟! یەكێتی دەتوانێ‌ ئێستا شانازی بەوەوە بكات، كە پەلاماری ئێمەی داوە؟ یادی دەكاتەوە، یادی قڕناقا‌و پشت ئاشان دەكرێتەوە؟! چونكە یادێكی ئەوەنە تاڵە، ناكرێ‌ بیر لەیادكردنەوەی بكرێتەوە. 

مەلا بەختیار، وتیشی: كەواتە كاتی خۆی بۆچوونی سیاسیمان، فكریمان، رێكخستنەكان‌و جیانەبوونەی عەسكەریمان، مایەی ئەوەبوو نەمانویستووە جیاببینەوە، بۆیە چوینە قوڵایی هێزەكانی یەكێتی.. بۆ مێژوو دەیڵێم‌و بەگۆڕی هەموو شەهیدەكانتان، جیابوینەتەوەو هاتوشینەتەوە ناو یەكێتی، بەشبەحاڵی خۆم یەك دینار، یەك دۆلار‌و یەك تمەنم نە لەیەك دەوڵەت‌و نە لەهیچ حزبێكیش وەرنەگرتووە.

چونكە ئامادەنەبووم، نە چەك، نە پارە، نە یارمەتی لەهیچ لایەك وەربگرم‌و دژی یەكێتی بەكاری بهێنم. وەكو بەڵگەش تا ئێستا زیاتر لەپەنجا نامەی دەستوخەتی من بڵاوبۆتەوە، كە هەموو ئەم قسانەی بۆتان دەكەم، لەو نامانە لەپێش پەلاماردانی و دوای پەلاماردانی ئاڵای شۆڕشیش، هەمویم باسكردووە‌و بڵاویش بۆتەوەو بۆتە دۆكیۆمێنت.

راشیگەیاند: ئێستاش مێژوو دووبارە نابێتەوە، ئەگەرچی دوو ساڵە ئەو تۆمەتەم بۆ دروستدەكرێ‌، كە دەڵێن: مەلا بەختیار، بەنیازە ئاڵای شۆڕش دروستبكاتەوە! بەڵام مێژوو دووبارە نابێتەوەو ئاڵای شۆڕشیش بۆ زەمانێك بوو، كۆتایی هاتووە. دیاریشە لەدوای یەكگرتنەوە چیمان بۆ یەكێتی، بۆ دیموكراسی، بۆ ئازادی كردووە. خەڵكی رقاویش نایەوێ‌ لەمە تێبگات، با تێنەگات‌و گەردنی ئازا بێت. بەڵام لای مەلا بەختیار، بەدیلی یەكێتی هەر یەكێتییە.

جەختیشیكردەوە: هەموو جیابوونەوەیەكیش لەمێژوودا كۆتایپێهاتووە. ئێمەیان بەخائین دەزانی، ئەی جیابونەوەكانی دوای ئێمە چین؟! ئێمە لەشاخ دەچەوساینەوە، زیندانی دەكراین‌و ئەشكەنجە دەدراین، بەڵام خۆ لەشار چەوساندنەوە نەبوو، بۆ جیابونەوە؟ خەڵك ئازاد بوو، پارەتان هەبوو، تەلەفزیۆنتان هەبوو، پەیوەندی نێودەوڵەتی‌و ئیقلیمیتان هەبوو، بۆ جیابونەوە؟!

لەكاتێكدا ئێستا بۆ زەمان‌و زەمینی خۆی، بیروبۆچوونی ئاڵای شۆرش بەدروست دەزانم‌و لەهیچ بۆچونێكماندا بەهەڵەدا نەچووین.. بەهەڵەدا نەچوین كە دەمانوت هەر چوارپارچەكەی كوردستان پێكەوە رزگار ناكرێ‌.

بەهەڵەدانەچووبوین كە بەشۆڕشی چەكداری كوردستان رزگار ناكرێ‌، بەڵكو بەراپەڕین رزگار دەكرێ‌. لەوەشدا بەهەڵەدا نەچووبوین كە لەم قۆناغەو لەم هەلومەرجەدا كوردستان بەشێكە لەكێشە دیموكراسییەكانی عیراق. لەدوای راپەڕینەوە تا ساڵی (2003)، سیانزە ساڵ سوپا‌و حكومەتی عیراق لەكوردستان دوور بوون، ئەی بۆ سەرخۆیی رانەگەیەندرا؟ كەچی هەر دەوترا كوردستان‌و فیدراڵەكەی بەشێكە لەعیراق! تەنانەت لەوەش بەهەڵەدانەچووبوین كە دەمانوت كۆمەڵە هەڵدەوەشێنرێتەوە..!

بۆیە دڵنیابن نە ئەوسا عیراقی بووین‌و نە كەسیشمان لەخۆمان بەكوردستانی تر دەزانی‌و ئێستاش بەقەدەر زۆر كەس باوەڕم بە عیراقیبوون نییە.
من بووم بە ئەندام پەرلەمانی كوردستان نەك هی عیراق‌و ئەوانەی ئێمەیان بەعیراقچێتی تاوانبار دەكرد، ئەوان بوون بەئەندام پەرلەمانی عیراق! شانازیش دەكەم هیچ كەسێك لەئاڵای شۆڕش، فایلی لای بەعس نەگیرا‌وەو فایلی نەبووە. فایلەكانیش هەمووی لای دەزگای زانیارییە، با یەك خائینی ئاڵای شۆڕش بدۆزنەوە؟! بۆیە شانازی بەوەوە دەكەم، كە لەناو ئاڵای شۆڕش خائین نەبووە.

مەلا بەختیار، وتیشی: بۆ مێژوو ئەمە دەڵێم: سەدام روخابوو، مانگێكی پێنەچوو، مەكتەبی سیاسی چووین لەبەغداد كۆبوینەوە، ئەوكاتە لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێك هەبوو، وتی: با یەكێتی نیشتمانی بكەین بە حزبێكی عیراقی! بەڵام یەكەمین كەس من دژی بووم‌و وتیشم: ئەوە مەترسیدارە، چونكە سەردەم، سەردەمی بوژاندنەوەی نەتەوایەتییە ئێستا.. مێژووش بۆ دەرس وەرگرتنە نەك بۆ دووبارە كردنەوە.

لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، مەلا بەختیار، وتی: ئێوەی هەڤاڵانیش كە ئازارو نارەحەتیتان چەشتووە، ئەنجامەكە دەریخست لەسەر رێگەیەكی شۆڕشگێڕانە بەسەرتانهاتووە، نەك لەسەر خیانەت. بەڵكو خاوەنی بیروباوەڕو رەفتاری شۆڕشگێڕانەی خۆمان بووین‌و كاتێكیش كوردستان پێویستی بە یەكگرتنەوە بوو، بەوپەڕی ئازایانەوە بڕیارماندا‌و پێمان لەبرینی خۆماننا‌و لەگەڵا یەكێتی یەكمانگرتەوە‌و بەدڵسۆزیشەوە بەردەوامین.

PUKmedia  تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket