riklam

مەلا بەختیار: پێویستە كۆنگرەی بێ‌ تەوافوق‌و گۆڕانكاری ببەستین

ی.ن.ک‌‌ 08:37 PM - 2019-09-17
.

.

كۆمیتەی شۆڕش، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی دەكەن‌و لەدیدارێكی هەڤاڵانەشدا، كە ئەمڕۆ (17/9/2019) بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرۆشی‌و دڵسۆیی خەڵكی دەڤەرەكە‌و كۆی ئەو قوربانیانەش كرا، كە پێشكەش بەشۆڕشی نوێ‌‌و خەباتی راوای گەلەكەمانیان كردووە‌و هاوكات لە‌و دیدەشەوە، ئاماژەیان بەو ئەرك‌و لێپرسراوێتیانەشدا، كە لەچوارچێوەی ئامانجە رەواكانی یەكێتیدا‌و لەناوچەكەدا رایدەپەڕێنن.

لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە چەمچەماڵ‌و شۆڕش‌و دەڤەرەكە دەتوانرا لەوەی ئێستا زۆرتر خزمەت بكرایە. بەتایبەت پرۆژەی ئاوی شارەكە دەكرا زۆر باشتر بوایە. 

مەلا بەختیار، وتیشی: كۆمەڵێك كێشە بۆ شارەكان‌و دەڤەرە جیاوازەكان، شارۆچكە‌و دێهاتەكان‌و ئەم حكومەتەش بەجێماوە، كە بەئاسانی حكومەتەكان دەیانتوانی چارەسەری بكەن، ئەگەر هەر حكومەتێك لەسەدا دەی كێشەكانی چارەسەر بكردایە، كە لەساڵی (1992)ەوە تائێستا كە سەرجەمی ئەو حكومەتانەی لەكوردستان دامەزراون، ئەوا ئێستا كێشە لەكوردستاندا نەمابوو. هەروەها ئەو سەروەت‌و سامان‌و پارەو پولەی لەم كوردستانەدا بەهەدەر دەڕوات، نیوەی ئەوە كوردستانی دەكرد، بە بەهەشتێكی زۆرتر لەوەی ئێستا‌و هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە: ناتوانم بێ‌ ویژدانی بكەم بەرامبەر ئەو ئاوەدانی‌و خزمەتەی كراوە، بەڵام دەتوانرا لەوەی ئێستا باشتر خزمەت بكرێت. تەنانەت ئەو پیشەسازییەی ئێستا لەكوردستاندا بڵاوبۆتەوە، ئەگەر بە بەباشی بخرێتەكار نەك بۆ مشەخۆریی‌و كۆمەڵێك دەوڵەمەند، دەتوانێ‌ ببێتە ژێرخانێكی باش بۆ كوردستان.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، راشیگەیاند: ئەم سێ‌ حزبەی حكومەتەكەمان دامەزراندووە، لێپرسراوێتییەكی گەورەمان لەسەر شانەو نەك نابێ‌ ئەم حكومەتە تێكبچێ‌، بەڵكو دەبێ‌، پێدابگرین كە ئەركەكانی جێبەجێ‌ بكات. چونكە ئاگادارین لەو هەموو كێشانەی لەناوچەكەو لەهەرێمایەتی، تەنانەت لەعیراق‌و لەنێوان بەغدادو كوردستاندا هەیە، بۆیە ئەگەر جارێكی تر بگەڕێینەوە بۆ سەرهەڵدانەوەی كێشەكان، لەنێوان كوردستان‌و بەغداد، ئەوا زۆر خراپ دەبێت‌و دڵنیام ئەگەر كێشەكان بتەقنەوە ئەوا لەپێشووتر خراپتر دەبێت. 

وتیشی: هەرچۆن سەرۆك مام جەلال، صەمامی ئەمان بوو بۆ هەموو عیراق، ئەوا جەنابی عادل عەبدولمەهدیش، دەتوانین بڵێن صەمامی ئەمانە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان‌و بەغداد‌و زەختێكی زۆریشی لەسەرە كە بودجەو مووچەی كوردستان ببڕێت، بەڵام نایبڕێت! یەكێكیش لەهۆكارەكانی دەیانەوێت بیگۆڕن ئەوەیە، كە دەڵێن تۆ هەڵوێست بەرامبەر كوردستان نانوێنی!

جەختیشیكردەوە: لەكوردستانیش، دەمێكە دە بۆ پانزە ساڵە دانوستاندنی هەڵە لەگەڵ بەغداد دەكەین! باشە ئەم حكومەت‌و حزبانەی ئێمە بۆ داوای قەرەبووی ئەنفالەكان‌و كیمیابارانی هەڵەبجە لەبەغداد ناكەین؟ بۆ داوای قەرەبووی پێنج هەزار گوندی رووخاو ناكەینەوە! بەدڵنییاییەوە ئەگر تەنها داوای قەرەبوی كیمیاباران‌و ئەنفال‌و گوند‌و شارۆچكە‌و شارە روخاوەكان بكەینەوە، لایەنیكەم حكومەت بەغداد دەبێ‌ سەد ملیۆن دۆلار قەرەبومان بكاتەوە! هەروەك چۆن عیراق تا ئێستاش قەرەبووی كوەیت دەكاتەوەو ئەڵمانیاش قەرەبووی ئیسرائیل دەكاتەوە. 

ئێمەش دانیشتووین هەموو دانوستانەكانمان تەنها لەسەر نەوت‌و غازە، لەكاتێكدا سەد كێشەكان لەگەَ بەغداد هەیە، لەوانە دەكرێ‌ لەدادگا شكات لەحكومەتی عیراق بكەین، كە بە چ هەقێك مادەی 140ی دەستور جێبەجێ‌ ناكەن؟ كە مادەیەكە مایەی هەمواركردنەوەش نییە. ئەگەرچی یەك دۆلار قەرەبویان نەداوە، بەڵكو ساڵانەش بەڕێكوپێكی پارەی جوتیارانیش نادەن!

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وتیشی: باوەڕم بەوەیە حكومەتەكە بەوە سەركەوتوو دەبێ‌، كە كەموكوڕییەكانی خۆی چارەسەر بكات‌و لەگەڵ بەغدادیش بەپرۆژەیەكی ستراتیجی تازە گفتوگۆ بكات. چونكە نادادپەروەری لەكوردستاندا زۆرە، كە شارۆچكە هەیە بووە بە بەهەشت، بەڵام شاریش هەیە ئاو نییە بیخواتەوە..!

لەبارەی یەكێتیشەوە، مەلا بەختیار، رایگەیاند: پێویستە هەڤاڵان بەوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكەن، چونكە لەكاتێكدا رەخنەو رەخنە لەخۆگرتن نەماوە‌و لێپێچینەوە نەماوە، ئەوا پێویستە كۆنگرەیەكی بێ‌ تەوافوق ‌و كۆنگرەی گۆڕانكاری بەستین، چونكە ئەگەر كۆنگرەی تەوافوق بكەین، ئەوا شكۆی یەكێتی دەنێژین.

 

PUKmedia  تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket