riklam

هەندرێن خۆشناو لە باکۆی ئازەربایجان

ئەدەب وهونەر 05:16 PM - 2019-09-16
.

.

جێگای دڵخۆشی و شانازییە کاتێک ناوی کەسایەتیەکی کورد لە بوارێک لە بوارەکاندا لە بۆنەیەکی جیهانیدا دەبینین یان دەبیستین، بەتایبەتی کاتێک ئەو کوردە سەرکەوتووانە ناوی دێت، و جێگای خۆی لەنێو ئاپۆڕای کەسە لێهاتووەکانی جیهاندا کردۆتەوە، و بەهرەمەندی خۆی سەلماندووە، ئەو بوارەی کە باسی لێوەدەکەین بواری هونەرە بە گشتی، و هونەری کاریکاتێر و کارتۆن بە تایبەتی، کە بەهرەمەندانی کورد لەم بوارەدا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەهرەمەندەکەمان هونەری شێوکار و کاریکاتێریست (هەندرێن خۆشناو) ـە، کە ساڵانە دەیان چاڵاکی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدات، و بەشدارییان تێدادەکات، و چەندین خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانی پێبەخشراوە.

هونەرمەندی ناسراو (هەندرێن خۆشناو) تا ئێستا نزیکەی شەست بەشداریکردنی لەم بۆنە نێودەوڵەتیانەدا هەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بێجگە لە بەشداری و کار و چاڵاکییە ناوخۆییەکانی کوردستان، ئەوەی کە جێگای شانازی و دەستخۆشیە کە ئەو هونەرمەندە کوردە، دەیان ساڵە لە بواری هونەردا ماندوونەناسانە بەردەوامە لەکارکردن و خزمەتکردندا، بەبێ هاوکاری و لەسەر ئەرک و ماندووبوونی خۆی ئەو کار و چاڵاکییانەی ئەنجامداوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

سەبارەت بە دوایین چاڵاکی خۆی (هەندرێن خۆشناو) وتی: دوایین چاڵاکی هونەریم لە دەرەوەی کوردستان، بەشداریکردن بوو لە یەکەمین فێستیڤاڵی کاریکاتێریی کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ئەم مانگە ئەنجامدرا، ئەم فێستیڤاڵە تایبەت کرابوو بۆ ئەکتەر و راگەیاندنکاری ناسراوی ئازەری (بەهرام عارف باقرزادە)، (سەیران جەفەرلی) کە کاریکاتێریستێکی ناسراوی ئازەربایجانە، هەواڵی ئەم فێستیڤاڵەی بۆ ناردم و بۆ بەشداریکردن، چونکە پێشتریش لە چەند بۆنەیەکی تر لە ئازەربایجاندا بەشداریم کردبوو، منیش لەبەر کەمی ماوە بە کاریکاتێرێک بەشداریم کرد، کارەکەی ئەمجارەشم گەڕانەوە بوو بۆ شێوازی ڕەش و سپی، بەڵام بە تەکنیک و ستایلێکی جیاوازەوە، خۆشبەختانە بووە جێگای رەزامەندی ئەندامانی لێژنەی هونەری فێستیڤاڵەکە، کە لە شەش هونەرمەند لە شەش وڵاتی جیاوازەوە و خودی بەهرام باقرزادە پێکهاتبوو.

وتیشی: هیوادارم کە توانیبێتم بەقەد توانای خۆم خزمەت بە گەل و میللەتەکەی خۆم کردبێت، و ناوی کوردم خزاندبێتە نێو ناوی گەلانی ترەوە، لەم بۆنە نێودەوڵەتیە فرەنەتەوەییانەوە، زۆر سوپاسی ئەو برادەرانەش دەکەم کە ویستیان لەگەڵیاندا بەشداربم.

PUKmedia محەمەد بەرزنجی - هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket