riklam

مەزادی 1 تا 9ی تابلۆی هەڵەبجە بەملیار دەستپێدەكات

کوردستان 07:16 PM - 2019-09-15
.

.

لەپارێزگای هەڵەبجە لەزیادكردنێكی ئاشكرادا ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی 1 تا 9ی ئەو پارێزگایە دەفرۆشرێت، هاتووچۆی پارێزگاكەش دەڵێت پێش دەستپێكردنی پرۆسەكە چەندین كەس لەڕێی داواكاری و تەلەفونەوە دەیانەوێت ببنە خاوەنی ئەو تابلۆیانەو هەر كەسێكیش زۆرترین بڕە پارە بدات ئەو ژمارەی تابلۆیانەی بۆ دەردەچێت.

نوخشە ناسیح قائیمقامی قەزای هەڵەبجە بە PUKmediaی راگەیاند: سەعات 10ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ 16ی ئەیلول، لەهۆڵی بۆنەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەزیادكردنێكی ئاشكرادا تابلۆی ژمارە 1 تا 9ی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەفرۆشرێت.

وتیشی: بانگەوازمان كردوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئەو ژمارانەی تابلۆی پارێزگای هەڵەبجە بكڕن ئامادەیی پرۆسەكە بێت كە تیایدا دادوەرو داواكاری گشتی بەشداری پرۆسەكە دەكەن.

قائیمقامی هەڵەبجە راشیگەیاند: لەپرۆسەكەدا هەر كەسێك زۆرترن بڕە پارە بدات بەهەر ژمارەیەكی تابلۆی هەڵەبجە پێیدەدرێت، چونكە ئەو نرخەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ ئەو ژمارانە دیاریكراوە لەسەرو ئەو بڕە پارەیەوە زیادكردنەكە دەكڕێت، چونكە داهاتەكەی بۆ ژێرخانی ئابوری و پرۆژەكانی پارێزگا دابیندەكرێت، دەشیانەوێت بڕێكی زۆر پارە ئاوەدانكردنەی بۆ پارێزگاكەیان كۆبكەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو هەموو هاووڵاتیەكی هەرێم یان عیراق كە بیەوێت ببێتە خاوەنی تابلۆكان دەتوانێت لەپرۆسەی زیادكردنەكەدا بەشدار بێت، بەڵام تائێستا نازانن ژمارەی ئەوانەی بەشداری دەكەن چەند دەبێت.

 لەبارەی پرۆسەكەشەوە، عەمید حەسەن عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە PUKmediaی راگەیاند: زیادكردنەكە بۆ ژمارە (1 تا 9)ی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەبێت و هەر كەسێك زۆترین بڕە پارەی پێبدات دەبێتە خاوەنی.

وتیشی: نرخی تابلۆی ژمارە (1) بەپێی ئەوەی دیاریكراوە بڕی ملیارێك دینارە، بەڵام لەزیادكردنەكەدا نرخەكەی لەسەرو ئەوە دەبێت و هەركەسێك زۆرترین پارە بدات پێیدەدرێت، هەروەها نرخی تابلۆی ژمارە (2 تا 9) كە دیاریكراوە 600 ملیۆن دینارەو لەزیادكردنەكەدا دەبێت لەسەرو ئەو نرخەوە بێت.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی ئاشكراكرد: چەند كەسێك داواكارییان پێشكەشكردوە بۆ وەرگرتنی ئەو تابلۆیانە، جگە لەوانەش ژمارەیەكی زۆر لەڕێی تەلەفونەوە پەیوەندیان كردوەو سەرجەمیشیان خەڵكی هەرێمن و هیچ كەسێكی دەرەوەی هەرێم داوای نەكردوە، بەڵام لەهۆڵەكەدا دەردەكەوێت چەند كەس بەشداری زیادكردنەكە دەكات.

عەمید حەسەن باسی لەوەشكرد دوای تەواوبوونی زیادكردنەكەی سبەینێ، وادەی زیادكردنیش بۆ تابلۆكانی دیكە دادەنێن و داهاتی تابلۆكانیش بۆ ژێرخانی ئابوری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان دەكرێت.

پێشتریش بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ئەوەی بۆ PUKmedia ئاشكراكردبوو كە رۆژی 21ی ئابی رابردوو لیژنەی باڵای تایبەت بەفرۆشتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەناوی هەڵەبجە لەكۆبۆنەوەی خۆیدا بڕیاریداوە بەنەفرۆشتنی هەر سێ تابلۆی سپی و سورو زەردی ژمارە 1988ی هەڵەبجە.

باسی لەوەشكردبوو كە نەفرۆشتنی ئەو ژمارانە لەسەر پێشنیاری ئەوان بوەو خۆشبەختانە وەزارەتی ناوخۆش پێشنیارەكەی پەسەند كردون، چونكە ساڵی 1988 ساڵێكی شوم و پڕ لەیادەوەری تاڵە بۆ هەڵەبجەییەكان، هەربۆیە بڕیاردراوە بەهەڵگرتنی هەرسێ  تابلۆی سپی و سور و زەردی ژمارە 1988ی هەڵەبجە لەناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە. 

PUKmedia گۆران وەهاب  

 

هاتووچۆی هەڵەبجە زانیاری لەسەر فرۆشتنی تابلۆ تایبەتەكان دەدات

 

زانیاری له‌سه‌ر فرۆشتنی تابلۆی ژماره‌ 1988ی هه‌ڵه‌بجه‌

 

تابلۆی ژمارە 1988 ی هەڵەبجە نافرۆشرێت

 

عەرەبێك بۆ تابلۆی ژمارە 1 كێبڕكێی كورد دەكات

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket