riklam

د. ئارام محمد:خوێندنی زانکۆی ڕاپەڕین لەگەڵ ئابوری یەكدەخەین

کوردستان 06:58 PM - 2019-09-15
.

.

لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە چوار ساڵی ئایندە کار دەکەین بۆ بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستیەکان و دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان زانکۆ و بازاڕی کار، چونکە بەرنامەی ئێمە لە چوار ساڵی کارکردن ئەوەیە بتوانین ئاستی متمانە بەخوێندنی باڵای کوردستان بەرزبکەینەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (١٥/٩/٢٠١٩) لەمیانی بەشداریکردنی هات لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین، کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت و ڕاگری کۆلێژەکانی زانکۆ ئامادەیبون.

زانکۆی ڕاپەڕین لە ٦ کۆلێژ و ٣٥ بەش پێکهاتوە
لە وتەیەکدا د. موفق خالد سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین بەناوی ئەنجومەنی زانکۆ بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ستافی وەزارەتی کردو هیوای خواست ئەم سەردان و کۆبونەوەیە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بەرەو پێشبردنی ئاستی زانکۆ و خستنەڕوی ئەو سەرنج و تێبینیەیانەی کە پەیوەستە بە کاری زانکۆ. هەروەک لە ڕێگەی پریزنتەیشنێکەوە پوختەیەکی لەبارەی کاری زانکۆ و پێکهاتەکەی و سیستمە نێودەوڵەتییەکانی کە لەم زانکۆیە جێبەجێ دەکرێت خستەڕو.

هاوکاری زانکۆی ڕاپەڕین دەبین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان
لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی زانکۆ و ڕاپەڕین لە ڕانیەی دەروازە، بۆ ئەمەش سوپاسی مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکاران و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە ڕۆڵیان هەبوە لە پێشخستنی زانکۆکە، وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتیکردەوە زانکۆی ڕاپەڕین بەشێکی بچوکە لە قەرزی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی قوربانیدەرو تێکۆشەری ئەم ناوچەیە، بۆیە دەمانەوێت ئاستی زانکۆکەتان پێشبخەین و گەشەی زیاتری پێبدەین و کار بکەین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی زانکۆ. وتیشی: هەرچەندە لەڕابردو کاری باش لەم زانکۆیە لەڕوی زانستی و جێبەجێکردنی سیستمە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە، لە بەرنامەی وەزارەتەکەماندایە لەم کابینەیە هاوکاری تەواوتان بین بۆ ئەوەی ئاستی زانکۆکانمان پێشبخەین، بۆ زانکۆی ڕاپەڕینیش لە بەرەو پێشبردنی زانکۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستاو خوێندکارانمان پشتیوانتان دەبین.

زانکۆی ڕاپەڕین دەبێت کارامەیی بۆ پێداویستی بازاڕی کاری ناوچەکە بەرهەم بهێنێت
هەر لە وتەکەیدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هەڵکەوتەی ڕانیە و سروشت و پێکهاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ و پڕبایەخە، لە چوار ساڵی ئایندە کار دەکەین بۆ ئەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەم زانکۆیە لەگەڵ پێداویستیەکانی ئەم ناوچەیە ڕێکبخەین و پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان زانکۆو بازاری کارو ئابوری و پێداویستی ناوچەکە برەخسێنین، چونکە پێمانوایە زانکۆ تەنها شوێنێک نیە بۆ بەخشینی بڕوانامە، بەڵکو دەبێت زانکۆ کارامەیی و پسپۆڕی بۆ پێداویستی بازاڕی کار بەرهەم بهێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا وتی: دەمانەوێت دەستی کاری تازە لەزانکۆی ڕاپەڕین بۆ ناوچەکە دروست بکەین، بۆ ئەم پرسە وەک وەزارەت هاوکاری سەرەکیتان دەبین بۆ خزمەتکردن بە زانکۆکەتان. زیاتر وتیشی: بەرنامەی ئێمە لە چوار ساڵی کارکردندا ئەوەیە بتوانین ئاستی متمانە بەخوێندنی باڵای کوردستان و زانکۆکان بەرزبکەینەوە، ئێوەش لەڕێگەی پلانی چوار ساڵی کارکردن ئەو پرۆژەو بەرنامانە بخەنە کاری سەرەکیتان کە هۆکارە بۆ پێشخستنی زانکۆ و پرۆگرامەکانی خوێندن هاوتەریب بێت لەگەڵ بازاڕی کار.

سەرەڕای بەربەستەکان، ڕیفۆرم لەکەرتی خوێندنی باڵا پێویستیەکی ژیارییە
سەبارەت بە ڕیفۆرم لە کەرتی خوێندنی باڵای کوردستان، د. ئارام محمد لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: بۆ سێکتەری خوێندنی باڵا ڕیفۆرم بابەتێکی گرنگی ژیارییە، بۆ هەر پرۆژەو کارێک کە مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکان بێت سەرەڕای بەربەستەکان، بەڵام درێغی ناکەین، بۆ سەرکەوتنی ڕیفۆرم و جێبەجێکردنی پرۆژەو بەرنامە زانستییە ئاست بەرزەکانیش، پێویستە زانکۆکان بە تونا مرۆییەکانیان و ئەو پسپۆڕی و شارەزاییەی تیایاندایە لەگەڵمان هاوکارو هەماهەنگ بن.

وەزیری خوێندنی باڵا لەنزیکەوە لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ گفتوگۆی ڕاشکاوانەی ئەنجامدا
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەی بۆ زانکۆی ڕاپەڕین وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سێنتەری ڕاوێژکاری زانکۆلاین–ی زانکۆی بەسەرکردەوە، کە لەم سێنتەرەدا ڕێنمایی و ڕێنوێنی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی دەکرێت بەمەبەستی رێنیشاندانیان بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین، بۆ ئەمەش د. ئارام محمد لە نزیکەوە لەگەڵ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی گفتوگۆی کردو گوێی لە داخوازی و پێشنیازەکانیان گرت و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن بۆ دواڕۆژێکی ڕوون لەزانکۆ و پەیمانگەکاندا. هەر لە زانکۆی ڕاپەڕین و لەمیانەی بەسەرکردنەوەی بەش و کۆلێژەکان و کافتریای زانکۆ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین گفتوگۆ و ڕاوێژی ڕاشکاوانەی کرد، هەروەک باسکردن لە ئاستی زانستی زانکۆ و ئاستی خزمەتە ئەکادیمیەکانی زانکۆی ڕاپەڕین بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی مامۆستاو خوێندکاران بەشێکی دیکەی گفتوگۆی د. ئارام محمد بو لەگەڵ خوێندکاران.

PUKmedia    ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket