riklam

سەرۆك كۆمار: خاكی عێراق دەبێتە ناوچەیەك بۆ ئاشتی و دۆستایەتی

عیراق 10:33 PM - 2019-09-14
.

.

سەرۆك  كۆمار د. بەرهەم ساڵح لەوتەیەكدا كە ئەمرۆ شەممە ٢٠١٩/٩/١٤ لە میانی كردنەوەی (دیدگای گەنجانی عەرەب بۆ پێشەنگی كار) پێشكەشیكرد، كە لەلایەن یەكێتی عەرەبی بۆ ژنان رێكخرا بوو و لە نوسینگەی سەید عەممار حەكیم سەرۆكی تەیاری حیكمە ساز كرا بوو، ئاماژەیكرد بۆ ئەوەی ناوچەكە و جیهانیش پێویستیان بەوە نییە جەنگێكی نوێ‌ لە كەنداو و خۆرهەڵاتی ناوەراست رووبدات بە ئەندازەی ئەوەی پێویستیان بەسەركەوتنی عێراقە بەسەر تیرۆریستاندا و ببێتە بەشێك لە سیستەمی ئیقلیمی نوێ‌ كە لەبار بێت بۆ برەودانی ئابووری و دەستەبەركردنی كار بۆ گەنجانی بێكار و بەدیهێنانی داواكاری كۆمەڵگەکەمان لە پەروەردەو فێركردن و خزمەتگوزاری تەندروستی و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و شكۆمەند بۆیان.

 

سەرۆك كۆمار ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد تەواوی ناوچەكە پێویستی بە بنیادنان و گەشەپێدان هەیە، پێویستی بە دەستەبەركردنی ئاشتی هەیە لە پێناو هەڵسانەوە و گەیشتن بە كاروانی شارستانی و جیهانی بە بێ‌ جیاوازی کیشوەرەکان، پەلەكردن لە درێژە پێدان و دروستكردنی شارستانیەتەكەی، هیچ كاممان لە ناوچەكە نابێت چیتر لەوە دوا بكەوین وەك لەوەی كە پێشتر دوا كەوتوین، پێویستە هەماهەنگی لە پێناو ئاشتی و بنیادنانەوە راستگۆیی بێت نەك بۆ درێژە پێدانی گرژی و قەیرانەكان.

 

هەر لە پەراوێزی ئەو دیدگایەدا سەرۆك كۆمار پێشەنگایەكی كاری دەستی و هونەری جیاوازی بەسەر كردەوە  بە یاوەری سەرۆكی تەیاری حیكمەی نیشتمانی لەو  تابلۆیانەی روانی كە داهێنانی گەنجانی وڵات تیا بەرجەستە كرا بوو.

 

ئەمەش دەقی وتارەكەی سەرۆك كۆمارە:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

خوشك و برایانی ئامادەبوو  

سڵاوتان لێبێت، بەخێرهاتنتان دەكەین بۆ بەغدا بۆ ناو كەسوكار و برا و دۆستەكانی خۆتان

سوپاسی سەماحەتی سەید عەممار حەكیم دەكەم بۆ ئەم بانگهێشتە بە پێزە و سپۆنسەركردنی ئەم دیدگایە، بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لەگەڵتان دەبم لە كردنەوەی ئەم دیدگایە كە دەستپێشخەرییەكی گرنگە بۆ برەودان بە پلاندانان و توێژینەوە كە سەكۆیەكە بۆ لە ئامێزگرتنی بەهرە و تواناكان و داهێنانی خاوەن بەهرەكان لە نێو گەنجانی كوڕ و كچدا.

ئەوەی كە پێویستە سەرنجی هەمووانی بەلادا رابكێشین بیرۆكەی ئەم دیدگایەیە كە ئەركی بریتیە لە دۆزینەوەی داهێنەران و روناكی خستنە سەر  دەستكەوتی داهێنانەكانیان و كاركردن بۆ رەخساندنی دەرفەت تاكو رێگە خۆش بكات بۆ دەست پێشخەری داهێنەرانە تاكو رۆشنگەری بنیاد بنێن، جگە لەوەش گرنگیدانە بە رۆڵی سەركردایەتی ژنان لەم ئەركە داهێنەرانەیەدا هاوشانی پیاوان، ژنانی خاوەن بەهرە و داهێنان شایستەی ئەوەن ئەم رۆڵە ببینن، عێراق خاوەنی چەندین ژنی داهێنەر و خاوەن بەهرەیە لە بوارە جیاوازەكان لەوانەش خاتوونی شاعیر نازك مەلائیكە و بەدەر لەویش خاتوونی وەزیر نەزیهە دلێمی و ئەندازیاری بەناوبانگ زەها حه‌دید كە ئەم رۆڵە بەویش كۆتایی نایەت، هەریەك لەم شێرە ژنانە رێچکە شكێنی بوارەكەی خۆیان بوون و نمونەیەكی بێ‌ وێنە و داهێنەرانەیان پێشكەشكردووە لە رۆڵی گەورە كە ژنان دەتوانن لە ڕێگەیەوە جڵەوی پێشەنگ و داهێنەرانە بگرنە دەست.

 

بێ گومان كەرتەكانی گەنجان شایستەی گرنگی پێدانی زیاترە، ئەمە دەرفەت دەرەخسێنێت لەبەردەم دەسپێشخەرانی داهێنان و برەودان بە داهێنان جگە لەوەی چالاكی كەرتی تایبەت و رێچکەشكێنی لە كاردا برەو پێدەدات، بە تایبەت لە عێراق كه‌ وڵاتێكە بە كۆمەڵی گەنج دەناسرێت و گەنجان زۆرینەی دانیشتوانیان پێكهێناوە، بۆیە عێراق لەم دۆخەی ئێستایدا پێویستی بەهەموو وزە و تواناكانە كە بەشداری كارا بێت لە پرۆسەی بنیادنانەوە و برەودان و پێشكەوتنی ئابووری.

 

خوشك و برایانی خۆشەویست، ئەمڕۆ ئێوە لە بەغدان كە لە لێواری قۆناغێكی نوێیە لە نوێبونەوە و بەبەرداكردانی بەرگێكی نوێ‌ و سەركەوتنەوەی تاكو لە دڵێ‌ ژیان و پێشكەوتن و شارستانیەتی دابێت و بەشدار بێت لە پێشكەوتن و بنیادنانەوە و داهێنان.

 

بەغدا وەك زۆرینەی شارە مێژووی و شارستانیەتەكان رووبەڕووی شكست و كەوتن بۆتەوە بەڵام هەر زوو  وەك فۆنێكس (باڵندەی ئەفسانە) لە نەمانەوە هەڵساوەتەوە بەوپەڕی متمانە و خەونی گەورە و ئیرادەی بەهێزەوە.

 

بەم جۆرە بەغدا هەڵدەستێتەوە و هەموو عێراقیش لە گەڵیدا، دوای چەندین دەیە لە دیكتاتۆرییەت و ئەو جەنگ و ماڵوێرانكارییەی روویدا، دوای چەندین هەڵمەتی رووبەڕوو بونەوەی هاووڵاتیانی عێراق دژ بە تیرۆر لە دژوارترین شێوەیدا جگە لە توندوتیژی و وێرانكاری شارەكان و كاولكردنی پێگە مێژوویی و شارستانیەكان و خامۆشكردنی ژیان و دەربەدەركردنی ملیۆنان كەس جارێكی تر كەوتەوە سەر پێ‌.

 

سەركەوتنی عێراقییەكان لەم رووبەڕوو بونەوەیەدا سەرەتایەكی گرنگە بۆ هەڵسانەوە، هەڵسانەوەیەك كە جێگەی باوەڕ دەبێت، بە پشتیوانی خوا، و بە ویستی هاووڵاتیانی عێراق بە جیاوازی پێكهاتەكانیەوە سەركەوتنی یەكانگیر و یەكلاكەرەوە بەدیدێت بەسەر هەموو قێزەونی تیرۆر و تاوان و توندوتیژی و بیری تیرۆری فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی ریشەكێش دەكرێت.

 

ئەم سەركەوتنانە گەورە بوون كە بە قوربانیدانی هێزەكانمان بە جیاوازی ریز و پێكهاتە و بە پشتیوانی دۆستەكانمان لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و دڵسۆزانی دراوسێ‌ بەدیهات كە ریشەكێشكردنی تەواوەتی دەبێت بەسەر تیرۆردا پشتیوان بە خوا.

 

بەداخەوە لە دۆخی ئیقلیمی لێوان لێو لە دڵەراوكێ كە ئومێد دەكەین لە هەر دۆخێكی نەخوازراو بەدوور بێت لە براو دۆستەكانمان لە وڵاتانی ناوچەكەو دراوسێ‌.

 

ئێمە لە جەنگی چوار دەیەی رابردوو دەربازبووین و هیواخوازین هیچ جۆرە جەنگێكی تر روو لە ناوچەكەمان و جیهان نەكات، دەمانەوێت جەخت بكەینەوە لە سەر پەرەپێدان و پێشخستن و ئاراستەكردنی ئابووری پێویست بۆ چارەسەركردنی كێشەی وڵاتەكەمان.

 

ئەمە بەرژەوەندی عێراق و بەرژەوەندی گەلان بەیەك دەگەیەنێت بۆیە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكە كە عێراق بگاتە ئەو ئیرادەیەی كە تەواوی ناوچەكە لە خاكی خۆی بەتایبەت لە ئافات و مەترسی تیرۆر و گرژی كۆتای پێ بهێنێت.

ناوچەكە و جیهانیش پێویستیان بەوە نییە جەنگێكی نوێ‌ لە كەنداو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات بە ئەندازەی ئەوەی پێویستیان بەسەركەوتنی عێراقە بەسەر تیرۆریستاندا و ببێتە بەشێك لە سیسته‌می ئیقلیمی نوێ‌ كە لەبار بێت بۆ برەودانی ئابووری و دەستەبەركردنی كار بۆ گەنجانی بێكار و بەدیهێنانی داواكاری كۆمەڵگەكەمان لە پەروەردەو فێركردن و خزمەتگوزاری تەندروستی و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و  شكۆمەند بۆیان.

 

تەواوی ناوچەكە پێویستی بە بنیادنان و گەشەپێدان هەیە، پێویستی بە دەستەبەركردنی ئاشتی هەیە لە پێناو هەڵسانەوە و گەیشتن بە كاروانی شارستانی و جیهان بە بێ‌ جیاوازی كیشوەره‌كان، پەلەكردن لە درێژە پێدان و دروستكردنی شارستانیەتەكەی، هیچ كاممان لە ناوچەكە نابێت چیتر لەوە دوا بكەوین وەك لەوەی كە پێشتر دوا كەوتوین، پێویستە هەماهەنگی لە پێناو ئاشتی و بنیادنانەوەی راستگۆیی بێت نەك بۆ درێژە پێدانی گرژی و قەیرانەكان.

 

عێراق لە پێگەیەكی جوگرافی گرنگدایە، لە ساتێكی مێژوویی دابراوو، گومانی تیادا نییە كە ئێمە كێشە و ئاستەنگی زۆرمان لە بەردەمدا بووە پاشماوەی مەترسیدار لە وێرانكاری و كاولكاری جێماوە كە زیانی گەیاندووە  بە هەموو جومگەكانی ژیان و خزمەتگوزاری لەم وڵاتە.

 

بەڕێز عەممار حەكیم باسی لە پەروەردە كرد كە لە پێشینەی كاری كۆمەڵگەکەمانە... ئەمڕۆ عێراق بەگوێرەی سەرژمێرییەكان كە بەردەستن پێویستی بە 12 هەزار بینای قوتابخانەی نوێیە جگە لە پێویستی نۆژەنكردنەوەی بینا كۆنەكان، وەك باسمان لە تەندروستی و یەكە جیاوازە مەدەنییەكانی تر كرد كە پاشماوەیەكی مەترسیدار و كەڵەكەبوی ترسناكە، ئەوەی كە عێراق رووبەرووی بووە لە ماوەی نزیكەی 4 دەیە بریتی بوو لە جەنگ و گەمارۆ و سەركەوتن و گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دەربەدەركردن و نەژادپەرستی تائفی و نەتەوەیی، بۆردومان بە چەكی كیمیایی، تیرۆر كە هیچ كۆمەڵێكی تر رووبەرووی ئەم كاولكاری و تاوانانە نەبووەتەوە.

 

قەبارەی ئاستەنگەكان لەبەردەم عێراق گەورەیە بەڵام دەیڵێمەوە كە ئەم دەرفەتەی هاتووتە پێش لە دۆخی كۆمەڵایەتی عێراقدا دەرفەتێكی گەورە و بێ‌ وێنەیە كە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ نەهاتووەتە پێش بەدەر لە دۆخە سیاسییەكە، كە عێراقییەكان سورن لە پێشكەوتن و لە سەركردە و سیاسیەكانی قبوڵ ناكەن كە ئەو پێشكەوتنە پەك بخەن و سود لە خێرو بێری وڵاتەكەیان وەرنەگرن، وڵات بەرەو گەندەڵی و جەنگ و گرژییەكانی بەرن.

 

دەتوانم بڵێم لەم ساتە وەختەدا دەتوانین ئەوەی لە بەرنامەی حكومەتدا هاتووە دەست پێ بكەین ئەویش لە رێگەی بەرنامەی راستەقینەو ورددا، برامان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق بیرۆكەی ئابووری باشی هەیە بۆ پەرپێدانی بواری ئابووری، پشتیوان بەخوا بە هاوكاری تیمی حكومەت و پەرلەمان بەدەر لە گرێ‌ گۆڵەی سیاسی و دەستووری گومانم نییە دەتوانێت سور بێت لەسەر ئاراستەكردنی كارەكان بە شێوەیەكی دروست.

 

لەم ساتەدا بەبێ‌ گوێدانە هەموو ناكۆكییەكانمان بە یەكڕیز و سور دەبین لەسەر پێویستی جەختكردنەوەی هەوڵەكانمان لە هەر پێودانگێكی سیاسیەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی كە رووبەڕووی دەبینەوە و دووپاتكردنەوە لەسەر گرنگترینیان كە بریتیە لە خزمەتكردنی گشت خه‌ڵكی عێراق و خزمەتكردنی ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی كە لە نزیكەی چوار دەیەی رابردوودا رووبەڕووی بونەتەوە.

 

دەتوانم بڵێم ئەوەی عێراق رووبەرووی بۆتەوە هیچ وڵاتێكی تر رووبەرووی نەبۆتەوە و راستیەكەش ئەوەیە كەئێمە سورین لەسەر دۆخی ئەم وڵاتە بەگوێرەی ئەو بەرپرسیارییەتەی لە ئەستۆمانە، ئەو ئاستەنگانە بگۆڕین بۆ دەرفەتی گەورە و عێراق لە گۆرەپانی بەیەكادان و ناكۆكییەوە بگۆڕین بۆ گۆرەپانی بەیەك گەیاندنی بەرژەوەندییە ئیقلیمییەكان، عێراق ببێته‌ جه‌‌مسه‌ری بەیەكگه‌یشتن و یەكخستنی ئابووری ناوچەكە. كار دەكەین لەسەر گۆڕینی ناونیشانی عێراق لە ناونیشانی گرژی و جەنگ و كێشە و توندوتیژی و سەركوتكردن بۆ ناونیشانی  هەڵسانەوەی ئابووری، كە لەم بوارەدا گەنجان و بە دیاریكراویش ژنان رۆڵی كارا و سەرەكیان هەبێت.

 

حكومەت رۆڵ و كاریگەری هەیە لەم پرۆسەدا بەڵام كەرتی تایبەت و دەستپێشخەری تایبەت و داهێنانی هاووڵاتیان كاریگەری كارا و گرنگی دەبێت بۆ ئاراستەكردنی ئەو بابه‌تانه‌ كە پێویستن.

 

هەموومان دەزانین كە عێراق لە پێشەنگی سیستەمی فێركردن بووه‌ لە خۆرهەڵاتی ناوەراست، سیستەمی خزمەتگوزاری ئابووریمان لە پەنجاو شەستەكاندا بەهێز بووە تا ئەو كاتەی سەركوتكاری زیانی پێگەیاند. عێراق بەبەختە ئەویش بەو سامانە سروشتیەی كە خودا پێی بەخشیوە، جگە لەوەی پێگەی مێژووی گرنگی هەیە و خاوەنی توانای مرۆیی گەورەیە لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراست و ئاستی جیهانی ئیسلامی.

 

ئومێدی گەورەم هەیە كە ئەم ئاستەنگانە بگۆرن بۆ دەرفەتێكی گەورە نەك تەنیا خێری عێراقی تیادا بێت بەڵكو خێر و بەرەكەتیش بێ‌ بۆ ناوچەكە.

 

ئێوەی خوشك و برایانی ئەم نەوەیە، خاوەنی بەرژەوەندی راستەقینەن لە ئاشتیدا، ئێوە گرنگی و بەهرە و توانای داهێنەرانەی گەورەتان هەیە، كە دەكرێت ببێتە راستیەك كە بواری دەركەوتن و كاركردنی زیاترتان هەبێت بۆ ئەوەی بەشێك بێت لە هێنانە دی دۆخی ئاشتی و بنیادنانەوە.

هەمووان هیوادارین كە ئاشتی لە ناوچەكە و جیهان بەرقەرار بێت.

زمانی عەقڵ و ژیری سەربكەوێت.

هەماهەنگی بكەین لە پێناو پێشكەوتن و راستگۆیی، ئەو وشانە تێبپەڕێنین كە تەنیا وتەن بەڵكو گەنجەكانمان پێویستیان بە دەرفەتی كارە، گەنجەكانمان پێویستیان بە قوتابخانەی نوێ و خزمەتگوزاری تەندروستی باشتر هەیە لەوەی كە ئەمڕۆ هەمانە.

هاووڵاتییەكانمان پێویستیان نەك تەنیا لە عێراق بەڵكو لە تەواوی ناوچەكە بە حوكمی ره‌شیده‌ كە جێگەی باوەڕی هاووڵاتی بێت، حوكمی دەستپاك لە داهاتی گشتی و وەبەری بهێنێت بۆ خزمەتی هاووڵاتییەكانی.

ئەم پێشكەوتنانەی كە لە شوێنەكانی تری جیهان بەدی هاتووە بۆ ناوچەكەمان جێی تێڕامان نییە لەكاتێكدا ئێمە خاوەنی ئەو هەموو وزە و داهێنەرەین.

سوپاس بۆ ئامادەبوونتان لەم دیدگایە، هیوادارم كۆنفراسەكە سەركەوتن بەدەست بهێنێت كە دەست پێشخەرییەكی گرنگە، سوپاس بۆ سەماحەتی سەید عەممار حەكیم.

 

PUKmedia راگەیاندنی سەرۆک کۆماری عیراق 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket