riklam

هەتا كەی هەر شیوەن بێت.... ؟

جینۆساید‌‌ 08:35 PM - 2019-09-11
.

.

عەبدولواحید محەمەد 

كورد لەوەتەی هەیە  لە ژێر پاساوی جۆراوجۆرەوە دووچاری هێرش و پەلاماری داگیركەران بۆتەوە، ئەوەی لەمێژودا زۆر زەق و دیارە،  قەعقاع و هاوڕێ چاو رەشەكانی بەخۆ بەشمشێرەكانیانەوە لە روانگەی سورەتی ئەنفالدا  هەڵدەكوتنە سەرمان و بەبۆماوەی جنۆكە ناومان دەبەن، وەكو دروێنەكردن دەمان دوورنەوە، پیاو، ژن، هەموی هەر وەكو ئاژەڵ، سەران لەلاشە دەكەنەوە، فەتوای كوشتنی منداڵەكانیش دەدەن، دوای ئەوەی حەزە شەڕانگێزیەكانیان نەختێك دادەمركێتەوە، دەرونە نەخۆشەكانیان خاڵی دەبێتەوە، خۆیان كردۆتە فریشتە و كوردیش بەخۆش باوەڕیەكەی خۆیەوە شان و باڵە چڵكنەكان و  دەم و چاوە تۆزاویەكانیان  ماچ كردووە و هەرچی شین و واوەیلا هەبووە لە بیریان چۆتەوە.

ئەمجارەیان سەددام كوڕە بێ غەل و غەشەكەی قەعقاع دێت و دیسان لە ژێر ناوی ئەنفالدا هەمان ئەدگار كۆپی دەكاتەوە، كوردستان دەكاتە ئەنفالستان  پیرە پیاو، پیرەژن، گەنج و كچ تەنانەت منداڵی ناو پێشكەش دەكاتە قەلەبروت و زیندە بەچاڵكردن،.

بەبڕوای  خۆم هەتا دنیا ماوە زەویە لماویەكانی باشوری عیراق هەڵدەیەوە هەر كەللە سەرو ئێسقانە دەست و قاچ و جەمانی و شەرواڵی شمەكی ئاڵاواڵای ونجڕ ونجڕ كراوی كوردان دەدۆزرێتەوە، ئەو دیمەنە جەرگبڕەشمان لەبەرچاوە، كاتێك دێوەزمەیەكی بەعس لولەی چەكەكەی لە دەمی منداڵێكی ناو بێشكە نزیك دەكاتەوە، لە منداڵە  وایە ئەوە مەمكە و دەیەوێ بیمژێ‌، كەچی ئەو دێت بەفیشەكێك كەلەسەری دەتەقێنێ، مخابن سەرباری ئەو هەژمونە زۆر تفت و تاڵ و بە سوێیە.

كورد دەبێت بە دوو بەش بەشێكی كەوا سوری بە لەشكر و ماڵ كۆكردنەوە جێبەجێكردنی دروشمەكەی سەدام (سەر بۆ من و ماڵ بۆ ئێوە) هەتا ئێستاشی پێوە بێت هەندێكیان لەو خەوەدان ناوە ناوە نوزەیەك دەكەن، بەشەكەیتر شین و شەپۆڕ بێ ئەوەی دەرس و پەند وەرگرن.

 لەپاش پرۆسەی ئازادیش روبەڕوی چەندین ناو و ناوو و نیشانی جیاواز بووینەتەوە، دڵنیام هەمویان  پاشماوەی قەعقاع و سەدامن هەموو ئەدگارەكانیان بێ كەموكوڕی بەوان دەچێت، دوا شەپۆلمان بە چاوی خۆمان دیت، داعش چ كارەساتێكیان خولقاند ئەوەی لەسەردەمی قەعقاع و سەددامدا كرابوو تیان پەڕاندو بە زیادەوە كردیان و بەردەوامیشن، لەو ترسە نەبوو هەزاران كەس سەری خۆیان هەڵگرت، بەشێكیان لە دەریا بێ بەزییەكان بوونە خۆراكی قڕش و نەهەنگ، ئایلانیشمان دیت وەكو پەپولەی بەهار سەرئاو كەوتبوو، جێگەی خەم و كۆڤانە ئەو تراجیدیا نەبڕاوەتەوە هەر رۆژە و لە شوێنێك رودادەتەوە،.

چل رۆژ لەمەوبەر پیاوەكانی ئەبوبكر بەغدادی  تراجیدیایەكتریان نایەوە، سەرەنجام چوارگوڵاڵە سورەی نیشتمان شەهید بوون، ئەوە لێگەڕێ ئەو برینە چەند بەسوێیە، برینی پەپولەیەكی رۆح سوك، سەمەندر ئاسا لە حەژمەتی لە دەستدانی باوكی، بەدەم باوكە گیانەوە، كە لە شەقەی باڵیدا و بووە قوربانی، بەڕاستی برینەكەی  زۆر بە سفت و سۆێتر  بوو،  هێشتاش ترس زۆرە ئەو موسەلسەلە بەردەوام بێت، ئەمە كوردستان، ئەوانەش دوژمنەكانن، وڵاتەكەمان  هەر لەسەر كەڵەكی ئاوەوەیە.

ئەوەی بەلای مندا مایەی هەڵوێستەكردنێكی قوڵە،  هەموو شتێك رون و ئاشكرایە، ئەوانە هەر تامەزرۆی خوێنی كوردن، كەوایە هەتاكەی هەر شیوەن بێت، باشتر نیە لە بری شان و باڵ ماچ كردنیان  باڵی یەكتر ماچ بكەین، باشتر نیە لە بری ئەوەی منەتی قەساب هەڵگرین گۆشتی دەستی خۆمان بخۆین و كوردایەتی بكەین، بۆ ئەوی چیتر قەعقاع و سەدام و ئەبوبەكر بەغدادی  مەنجەنیقمان بۆ دانەخەن و هەوو رۆژی هەر شیوەنمان بێـت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket