riklam

هەدەپە: لە تورکیا ئاشتی بۆ کورد نەبێت بۆ کەسیتر نابێت

کوردستان 04:18 PM - 2019-09-11
.

.

نەزمی گور، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە دەڵێت، داویان لە لایەنەکانی باشووری کوردستان کردووە کە هەوڵ و پەیوەندییە سیاسییەکانیان بە کار بهێنن بۆ بەرگرتن لە لابردنی سەرۆکشارەوانییەکان و دەشڵێت: ״بۆ هاتنمان بۆ کوردستان بەربەستی زۆرمان بڕی״.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو وەفدێکی پارتی دیموکراتی گەلان ״هەدەپە״ بە سەرۆکایەتیی سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی پارتەکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە.

نەزمی گور لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایدەگەیەنێت، دەوڵەتی تورکیا نایەوێت زمانی ئاشتی و دیموکراسی گەشە بکەن و هەر پەنا بۆ چەک دەبەن، دەشڵێت: ״ئەگەر لە تورکیا ئاشتی بۆ کورد نەبێت ئەوا بۆ هیچ کەسێکی تریش نابێت.״

با لە سەردانەکەتانەوە دەست پێ بکەین، هۆکاری سەردانەکەتان بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟

نەزمی گور: ئەو هەلومەرجە نوێیەی لە تورکیا هاتووەتە پێشەوە بە تایبەت لە دوای دوورخستنەوەی هەرسێ سەرۆکشارەوانیی ئێمە پێویستی بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی هەیە، هاتووینەتە باشوور بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی هەدەپە بۆ هێز و لایەنەکانی باشوور، هەروەها داواشمان لێ کردوون کە هەوڵ و پەیوەندییە سیاسییەکانیان بە کار بهێنن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و تووندوتیژییەکان لەگەڵ ئەوەشدا پێشگرتن بە سەندنەوەی شارەوانییەکانی دیکەمان، داوامان کردووە پشتیوانیی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان بکەن، بەبێ هاوکاریکردنی یەکتر ناتوانین بگەینە ئەنجام.

کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ بارزانی چۆن بوو، چی بەڵێنێکی پێتان دا؟

نەزمی گور: بارزانی سەرکردەیەکی پێشەنگە، ئەوەش وای کردووە بەرپرسیارێتییەکی لەسەر شان بێت بەرامبەر باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، کۆبوونەوەیەکی باشمان کرد و ئەوەی ئەو وتی و بەڵێنی دا هەر چاوەڕێی ئەوە لە کەسایەتیی کاک مەسعود دەکەین، بۆیە هیوادارین بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی هەستێت کە ئەو پێگە گرنگەی هەیەتی ئەوەی لێ دەخوازێت.

بەڵێنی چی پێدان؟

نەزمی گور: کاک مەسعود ئامادەی هەر ئەرکێکە پێی بسپێردرێت بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە ئاراوە، بەڵێنی ئەوەی دا هاوکار بێت لە هێنانەدیی ئاشتیدا، بێگومان ڕۆڵی ئەو کاریگەریی دەبێت بەو پێیەی لە ناوچەکە گوێی بۆ دەگیرێت، ئەوەی ئێمە داوامان کرد لە بەڕێزیان ئەو بە ئیجابی وەڵامی دایەوە.

هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی ڕۆڵێکی هەبێت لە گۆڕینی هەلومەرجی تووندوتیژیی تورکیا؟

نەزمی گور: ئێمە هاتووین بۆ باشووری کوردستان تا لێرەش ئەو دەنگە بەرز ببێتەوە و پەیامی هێز و لایەنی سیاسی و گەلی باشوورمان خەباتی خۆیان بکەن بۆ هێنانەدیی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕ، بێگومان باشووری کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە هێنانەدیی ئاشتی چی بە خستنەگەڕی ئەو پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییانە بێت کە باشوور لەگەڵ تورکیا هەیەتی، چی وەک گەلی باشوور بە چالاکیی جۆراوجۆر پشتیوانیی براکانیان لە باکوور بن، ئەمە جگە لەوەی ڕێگری لە شەڕ دەکات لە هەمان کاتیشدا یەکێتیی نەتەوەیی پێک دێنێت، پێویستە گەلی کورد لە دەوری یەکتری کۆ ببێتەوە و لە پرسی نەتەوەییدا زیاتر نزیکی یەکتری ببن.

ئێوە پەیامی ئاشتیتان گەیاندووە بە پەکەکە؟

نەزمی گور: پەیامی ئێمە بۆ ئاشتی و دیموکراسییە لە تورکیادا ئەو پەیامەش تەنیا ڕووی لە لایەنی دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە هەموو لایەنەکانە، لەم ڕووەشەوە دیسان پەیامی ئۆجەلان هەیە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ ئاشتی و دانوستان، بەڵام بە داخەوە دەوڵەت بە دەم هیچ بانگەوازێکەوە نایەت، لە ئاشتی ڕادەکات لە دیموکراسی و ئازادی ڕادەکات، لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی و تورکیایەکی ئارام و ئاشتی ڕادەکات.

هۆکار چییە ناچنە سەردانی قەندیل؟

نەزمی گور: نەخێر ناتوانین بچین، ئێمە نەچووین بۆ قەندیل بە پشتیوانیی پەکەکە تۆمەتبار دەکرێین و دەستگیر دەکرێین، ئەی ئەگەر بچینە قەندیل، کە هاتووین بۆ باشوور ڕێوشوێنی زۆرمان بڕیوە تا توانیومانە ئەو سەردانە بکەین، ئەم سەردانە هی دوو مانگ بەر لە ئێستا بوو، بەڵام ڕێگای هاتن قورس بوو بە هۆی ڕێگرییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە.

لە بارەی گەمارۆی سەر مەخموورەوە هیچ قسەیەکتان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کرد؟

نەزمی گور: بەڵێ نیگەرانیی خۆمان گەیاندووەتە بەرپرسانی هەرێم کە ئەوانە کوردن و بە هۆی سیستمێکی دیکتاتۆرییەوە هاتوونەتە باشوور، بۆیە داوامان کرد گەمارۆی سەر کەمپەکە هەڵبگیرێت، هەندێک بەڵێن لەم بارەیەوە هەن و کاری بۆ دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە.

ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە تورکیا دەبینرێت هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی، هەوڵەکانی ئێوە لەم ڕووەوە گەیشتووە بە چی؟

نەزمی گور: ئێمە چواردە ساڵە لە هەوڵ و تێکۆشانێکی مەزنداین بۆ ئاشتی، بەردەوام گەلەکەمان بانگەوازی هەبووە بۆ ئاشتی و دیموکراسی، بەڵام ئەوان ئەو بانگەوازانە نابیستن و زیاتر ملیان بە شەڕەوە ناوە، شتێک نابینن بە ناوی کێشەی کوردەوە زیاتر لە جاران فشار و تووندوتیژی دەنوێنن، خەباتی ئێمەش بۆ ڕاگرتنی ئەو تووندوتیژییە و هەوڵی هێنانەدیی ئاشتی دەدەین.

لە دوای هەڵبژاردنی دووەمی ئیستەنبووڵ هەست دەکرێت فشارەکان لەسەر هەدەپە زیاتر بوون، ئایا ئەمە وەک تۆڵەیەک نییە لە بەرامبەر خستنی ئەکەپە؟

نەزمی گور: بەڵێ ئەوە یەکێکە لە هۆکارە بەهێزەکان، نزیکەی دە شارەوانیی ئەکەپە بە دەنگی ئێمە گۆڕان و جەهەپە بە دەستی هێنان، چونکە دەنگەکانی کورد لەو دە شارەوانییە لەسەر و ١٠%یە، ئەوەش ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی گۆڕی، ئەمە ڕاستەوخۆ ئەکەپەی تووڕە کرد، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەکەپە و مەهەپە دەیانەوێت دەنگ و ڕەنگی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نەبێت، شتێک بە ناوی حزبی سیاسی و کەسایەتیی سیاسی و کورد بە گشتی نەبن.

لە بنەڕەتدا هۆکاری لادانی سەرۆکشارەوانییەکان چییە و مەترسیی قەیومەکان چین؟

نەزمی گور: هۆکارەکان ڕوونن نایانەوێت کورد دووکانێکی شتفرۆشتنیش بەڕێوە بەرن نەک شارەوانی، لە لای ئەوان کورد نابێت بگات بە هیچ دەزگایەکی حکومەت، نزیکەی سەد سەرۆک شارەوانی و ئەندامی شارەوانییەکان دەستگیر کراون لەبەر چی، بێگومان تەنیا لەبەر ئەوەی بە دەنگی گەل شارەوانییان وەرگرتووە و بە ڕێگای دیموکراسی گەیشتوون بەو پۆستانە، قەیومەکان زمان و چاوی ئەردۆغانن ئەوان دەنگی خەڵک کپ دەکەن و دەخنکێنن، تووندوتیژی بەرامبەر گەل پەیڕەو دەکەن، خەڵکی برسی و بێکار دەکەن، خۆپیشاندانەکان سەرکوت دەکەن، داهاتی شارەوانییەکان بۆ خۆیان و دەوڵەت تاڵان دەکەن، نووسین و زمان و هونەر و کولتووری کوردی قەدەغە دەکەن.

بەڵام ئەوان بیانووی پەیوەندیی سەرۆکشارەوانییەکانیان بە پەکەکە ڕاگەیاندووە؟

نەزمی گور: ئەمە تۆمەتێکی ئامادەکراوە بۆ هەموو سەرۆکشارەوانییەکان و ئەندامانی حکومەت یان هەر کەسێکی تر بیانەوێت، هیچ بەڵگە و دیکۆمێنتێکیان نییە، جگە لە بیانوویەک بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکشارەوانییەکان هیچی تر نییە، ئەوانەی بوون بە سەرۆکشارەوانی بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا دەربازیان بووە، لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر ڕابردوو و سیڤییان کراوە دواتر پەسند کراون، هاوکارەکانمان بوونەتە ڕکابەری کاندیدەکانی ئەوان، ئەگەر پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە بۆچی ئەوکات دوور نەخرانەوە و ڕێگرییان لێ نەکرا، نا مەسەلەکە ئەوەیە دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی گەلی کوردە و نایانەوێت کورد هیچیان بە دەستەوە بێت.

پەیوەست بە جەهەپە پێشبینیی ئەوە دەکەی سەرۆکشارەوانیی ئیستەنبووڵ دوور بخرێتەوە و هەمان مامەڵەش بەرامبەر پارتەکەی جەهەپە بکات؟

نەزمی گور: ئێوە دەبینن ڕۆژانە ئەردۆغان هەڕەشە لە جەهەپە و سەرۆکشارەوانییەکانیان دەکات، پێم وایە ئەوەی بەسەر شارەوانییەکانی ئێمە هات بەسەر ئەوانیش دێت، بۆ ئەوەی لایان بدەن تۆمەتی تیرۆریان دەخەنە پاڵ تا نەتوانن بەردەوام بن، ئەم تۆمەتە ئامادەکراوە فراوانتر بووە، تورکیایەکی دیموکراسی لەژێر سێبەری تۆمەتێکی ئامادەکراو چۆن پێش دەکەوێت و بەرەو دیموکراسی دەچێت، ئەم تووندوتیژی و تۆمەت و لەکارخستنانە هەمووان دەگرێتەوە.

پیشبینی دەکەی دۆخی تورکیا ئاڵۆزتر ببێت؟

نەزمی گور: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین کێشەی گەورە هەن کە گەورەترینیان کێشەی کوردە تا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە دەبێت گەلی کورد بە ئازادی بژی و خەبات و تێکۆشانی خۆی بکات، ئێمە وەک هەدەپە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە تورکیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە و پڕۆژەمان هەیە.

هەست دەکرێت پەیوەندیتان لەگەڵ جەهەپە باشە و ئایا لە هاوپەیمانێتی نزیک نەبوونەتەوە؟

نەزمی گور: ئێمە لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمانێتیمان نییە، بەڵام بۆ ئازادی و دیموکراسیی تورکیا کار دەکەین و بۆ ئەوەش خەباتێکی هاوبەشمان پێویستە تا بەو ئامانجە بگەین، ئەو ئاشتی و دیموکراسییەی ئێمە داوای دەکەین هەر بۆ خۆمان نییە بۆ هەموو لایەنەکان و تەواوی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە، جەهەپە خۆی نزیک دەبینێت لە هەدەپەوە لەبەر ئەوەی تێکۆشانەکانمان بۆ دیموکراسی و ئازادییە ئەوانیش ناچارن بۆ ئەوە تێبکۆشن، ئەم نزیکبوونەوەیە چاوەڕوانیی لای گەلانی تورکیا درووست کردووە بۆ ئەوەی بە ئاشتی بگەین چەکەکان بێدەنگ بکەین کە ئێستا ئەردۆغان لە زمانی چەک زیاتر هیچی تر نازانێت، بە جەهەپەمان وتووە پێویستە خەباتێکی گەورە دەست پێ بکەین تا ئەو زمانە لە تورکیا دوور بخەینەوە.

جگە لە جەهەپە پەیوەندیتان بە لایەنەکانی دیکەی  تورکیاوە کردووە بۆ ئەو هەوڵە نوێیە؟

نەزمی گور: ئێمە لەگەڵ هەموویان قسەمان کردووە و بانگەوازمان بۆ کردوون، بەڵام نایانەوێت هیچ ببیستن و هیچ بکەن، هۆکارەکەش ئەوەیە هەموو لایەنەکانی تورکیا لەسەر دووژمنایەتیکردنی کورد کۆک و هاوبەشن، بەڵام دەبێت ئەم تێڕوانینە کۆتایی پێ بێت، ئەگەر کۆتایی نەیەت تورکیا ئاشتیی تێدا نابێت، دەبێت بۆ کوردیش ئاشتی هەبێت، ئەگەر بۆ کورد ئاشتی نەبێت بۆ کەسی تریش نابێت.

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket