riklam

زانكۆلاین كارا كرا

کوردستان 05:10 PM - 2019-09-10
.

.

پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردو لە سەعات (5) ئێوارە ئەمڕۆوە 10ی ئەیلولی 2019، زانكۆلاین بۆ ماوەی (١٠) رۆژ بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی كەوتە‌كار.

ئەمڕۆ لەهۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانس لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هەریەك لە د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت و د.جەمال كەمال یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن و ئیبراهیم رەشید بەڕێوەبەری خوێندنی تایبەت بەڕێوەچوو.

لەدەستپێكی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی لەدەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی كرد و ئومێدی خواست لە چوار ساڵی خوێندنی زانكۆ سەركەوتووبن، وتیشی: ئەمڕۆ وەكو ستافی وەرگرتن لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكان پلانی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان رادەگەیەنین.

 

٥ی ئێوارەی زانكۆ لاین كارا كرا

سەبارەت بە وادەی راگەیاندن و كاراكردنی سیستمەكانی وەرگرتن د.خەتاب ئەحمەد رایگەیاند: لە سەعات (٥)ی ئێوارە ئەمڕۆوە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی خولی یەكەم و دووەمی دوانزەی ئامادەیی تا سەعات (١٢)ی شەوی رۆژی (٢٠/٩/٢٠١٩) واتە بۆ ماوەی (١٠) رۆژ كارا دەكرێت، بەوەش دەرچوانی پۆلی (12)ی ئامادەیی دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن لە زانكۆو پەیمانگەكان پڕبكەنەوەو پێشكەشی بكەن، بۆ خوێندنی تایبەتیش بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت وتی: زانكۆ تایبەتەكان لەئەمڕۆوە دەتوانن فۆڕم بەسەر خوازیاران لەخوێندنی تایبەت دابەش بكەن، هەروەك جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە دەرچوان دەبێ بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەكارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر لە خوێندنگەكانیان وەریانگرتۆتەوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن پڕبكەنەوە.

 

كورسی خوێندن لە ژمارەی دەرچووان زیاترە

سەبارەت بەپلانی وەرگرتن بۆ خوێندنی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت پلانی وەرگرتن بەهەرسێ جۆری خوێندن (گشتی، پارالێڵ، ئێواران) رونكردەوە، بەجۆرێك بۆ خوێندنی گشتی (٢٤٧٨٤) كورسی خوێندن و بۆ خوێندنی پارالێڵ (١٠٥١٤) كورسی خوێندن و بۆ خوێندنی ئێواران (١١٥٧٧) كورسی خوێندن تەرخانكراوە، بەم شێوەیەش لە زانكۆ حكومیەكان (٤٦٨٧٥) كورسی خوێندن تەرخانكراوە و بۆ خوێندنی تایبەتیش (٢٣٧١٤) كورسی خوێندن بۆ دەرچووان تەرخانكراوە، بەم شێوەیەش كۆی كورسی خوێندن بەهەردو جۆری حكومی و تایبەت (٧٠٥٨٩) كورسیە.

سەبارەت بەژمارەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی وتی: وەزارەتی پەروەردە ناوی (٥١٩٣٣) بۆ ئێمە رەوانە كردووە كە (٣٦٣٥٠) دەرچوی زانستی و(١٥٥٨٣) دەرچوی وێژەیین، بەو شێوەیەش ژمارەی كورسیەكانی خوێندن زیاترە لە ژمارەی دەرچوان.

 

سێنتەری راوێژكاری زانكۆكان ئامادەی هاوكارین 

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا د.خەتاب ئەحمەد وتی: بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزە و ئاشنابونیان بەسیستمەكانی وەرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران و خوێندنی تایبەت) دەتوانن سەردانی سەنتەری ڕاوێژكاری زانكۆكان بكەن بۆ ڕونكردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستمە جیاوازەكان، وتیشی: ئەوەش دەرەفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشكەش بكەن و ئاگاداری وردەكارییەكانی سیستمەكە بن و هەوڵ بدەن بە ئامادەبونی خۆیان فۆڕمەكانی بۆ پڕبكرێتەوە.

 

كرێی خوێندن كەم دەكرێتەوە

سەبارەت بەكەمكردنەوە و كرێی خوێندن بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە چڕكردۆتەوەو پلانی كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی هەیە، ئەمەش پاڵپشت بە خاڵی ١٣ لەكارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانمان دەست پێكردووە.

 

مینبەرمان سایت و پەیجی خوێندنی باڵایە

د.خەتاب ئەحمەد سەبارەت بەهەبوونی پەیج و ئەكاونت بەناوی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن وتی: ئێمە وەك ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەكاونتێكمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیە بەناوەكانی زانكۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێكی دیكە، بەڵكو تاكە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەكانی ئێمە لەڕیگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە.

 

سوپاسی وەزارەت پەروەردە كرا

لەكۆتایی وتەكانیشیدا بەرێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان بەوەكالەت سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ  هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندكاران لەزانكۆ و پەیمانگەكان.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا نێردراوانی دەزگاكانی راگەیاندن لەبارەی چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی چەند پرسیارێكیان ئاراستەی ستافی وەرگرتن لە زانكۆو پەیمانگەكان كردو لەچوارچێوەی پلان و بەرنامەی كارو ڕێنماییەكانی وەزارەت لەلایەن نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەڵام درانەوە.

PUKmedia راگەیاندنی خوێندنی باڵا 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket