riklam

كەناڵی گەلی كوردستان.. 28 ساڵ سەروەری و مێژوو

کوردستان 03:59 PM - 2019-09-10
.

.

تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان (كەناڵی دایك) پێدەنێتە یادی 28 ساڵەی تەمەنی كە وەك یەكەمین كەناڵی بینراو پەخشی خۆی لەڕۆژی 11/9/1991 دا دەستپێكردو تائێستاش لەخزمەتكردنی گەلی كوردستاندایە.

لەم بۆنەدا، كەناڵەكانی راگەیاندی (ی.ن.ك) پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرو رۆژنامەنووس و كارمەندانی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان دەكەن و دەڵێن كەناڵی دایك ئەو شانازییەی پێبڕا، كە بووە خوێندنگەی پێگەیاندنی چەندان كادرو رۆژنامەنوس و بێژەرو تەكنیكاری بواری راگەیاندن، هاوكاتیش بەردەوام بووە لە ئەركەكانی راگەیاندن و پیادەكردنی دەسەڵاتی چوارەم و ئەركەكانی هۆشیاری و كوردایەتی و رێبازی شەهیدان و یەكێتیی، كە بۆ ئەو قۆناغە پێویست و گرنگ بووەو سەركەوتوانەش ئەنجامیدان.

هەروەها دەڵێن "سەروەرییەكانی كەناڵەكە هاوشانی قۆناغەكانی سەركەوتنی یەكێتییەكەمان و گەلی كورد بووەو بەردەوامیشە، خوازیارین كەناڵی دایك وەك هەمیشە بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی ئەركەكانی راگەیاندن و خۆی لەگەڵ خێراییەكانی پێشكەوتن و گەشەسەندنی راگەیاندنی بینراو رابهێنرێت بۆ درێژەدان بەكاروانە پیرۆزەكەی".

كەناڵی گەلی كوردستان زیاتر لەچارەكە سەدەیەكە پەخش دەكات و لە یادی 28 ساڵەیدا، یەكەم رۆژی پەخشی دەهێنینەوە یادی نەوەكانی ئەمڕۆ، كە بۆ ئێمە رووداوێكی لەبیرنەكراو بوو، بەتایبەت كە كەناڵەكە یەكەمین كەناڵی تەلەفزیۆنی بوو لەدوای راپەرینی بەهاری كورد لەساڵی 1991 و ژمارەیەك كادرو بێژەریش رۆڵیان لە دامەزراندن و پەخشكردنیدا هەبوو.

لەوانەش جەمال غەمبار پارێزەرو شاعیرو رووناكبیر، یەكێكە لە بێژەرەكانی یەكەمین كەناڵی بینراو كە گەلی كوردستانەو لەدوای راپەرین لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دامەزرا.

گەلی كوردستان لە قۆناغێكی سەخت و دژواری سیاسیی و ئابووری و لەدوای سێ مانگ لەدوای راپەرینی گەلی كوردو راوەدونانی بەعس لە كوردستان دامەزرا، كە ژمارەیەكی كەم لە كادرو روناكبیر بەڕێوەدەبرا، یادەوەریی و بەسەرهات لەدوای 28 ساڵ لەلای بێژەرو كادرەكان لەبیرو هزریاندا تۆماركراوەو دەهێنێت كە "فیلمی دۆكیۆمێنتاری" لێ بەرهەم بهێنرێت بۆ مێژووی یەكەمین كەناڵی بینراوی كوردی دوای راپەڕین.

 

جەمال غەمبار، یەكەمین دەركەوتنی لەو كەناڵە خوێندنەوەی بەیاننامەیەك بوو، لەجیاتی كورسی لەسەر بلۆكێك دانیشتوەو كامێراش وێنە دەگرێت، لەوبارەیەوە غەمبار بۆ PUKmedia دەڵێت:"شانازی دەكەم كە لە یەكەمین كەناڵی بینراوی دوای راپەڕین كە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان-ە كارم كردووە" ئەو وەبیری هێنایەوە كە یەكەمین پەخشی گواستنەوەی وتارێكی جەماوەریی هەڤاڵ مام جەلال بوو كە رۆژی 11/9/ 1991 لە یاریگای سلێمانی پێشكەشیكرد".

جەمال غەمبار وەك یەكەمین بێژەری پیاو لەشاشەی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان دەركەوت، بینای تەلەفزیۆنەكەش لە شاخی ئەزمڕبوو، غەمبار وایدەگێرێتەوە:" لە مانگی 10 دا بوو، رژێمی بەعس پەلامارێكی گەرمیانی داو منیش دەبوایە بەیاننامەیەكم لەوبارەیەوە بخوێندایەتەوە، لەوكاتەدا لە رەبایەیەكی كۆنی ناوچەی هەروتەدا پەخشمان كردو لەجیاتی كورسی من لەسەر بلۆكێك دانیشتبووم، ئەوەش یەكەمین دەركەوتنم بوو".

عوسمان چیوار رۆڵی گرنگی هەبووە لە دامەزراندنی كەناڵی دایكداو زۆربەی بەرنامەكان لە ژوورێكی ماڵی چێواری خوالێخۆشبوودا تۆمار دەكراو دواتر دەبرا بۆ ئەزمڕو پەخش دەكرا، تا ئەوكاتەی كەناڵەكە كەوتەسەرپێی خۆی، هەموو ئەوانەی لە دامەزراندنی كەناڵی دایكدا بەشداربوون، یادەوەرییەكی تایبەتی لەبیرنەكراویان هەیە، بەهەمانشێوە، بینەرانیش یەكەمین ساتی بینینی كەناڵی دایكیان لەبیرە، ئەو ئێوارەیە هەمووانی بەدیار شاشەیەكەوە دانیشاند، دوای ئەوە هەواڵی كردنەوەی كەناڵی گەلی كوردستان بووە بروسكەو بەسەرتاسەری كوردستاندا بڵاوبووەوە، لەو رۆژەوە گەلی كوردستان بووە خاوەنی "گەلی كوردستان".

غەمبار یادەوەری زۆری لەگەڵ كەناڵی دایكدا هەیەو وەبیری هێنایەوە "رێنماییەكانی مامی گەورە بنەمای سەرەكی كاركردنمان بوو، زۆركاتیش هەڤاڵانی دیكەش رێنماییان دەكردین"، وتیشی::"خۆشی و شاگەشگەیی ئەو رۆژەو مژدەی یەكەمین كەناڵی كوردیم لەیاد ناچێت، ژوورێكی ماڵی چێواری خوالێخۆشبوو، كرابووە جێگەی تۆماركردن و دواتر دەبرا بۆ پەخش، بۆیە كەناڵەكە ستۆدیۆی نەبوو، ئیمكانیاتی ئەوكاتەی كاركردن بۆ كەناڵ و پەخشی تەلەفزیۆنی زۆر سادەبوو، بەڵام كاریگەرییەكەی ئێجگار گەورەی بوو".

غەمبار لە كیشوەری ئۆسترالیاوە، پیرۆزبایی خۆی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەنێرێت، كە لە كەناڵی دایكدا كاریان كردووەو كاردەكەن و دەخوازێت:" هەمیشە میدیاكانمان لەپێشكەوتن و داهێناندا بن".

عەباس عەبدولڕەزاق لە دامەزرێنەرانی كەناڵی گەلی كوردستان، كە بە عەباسی ڤیدیۆ ناسراوە، لەساڵیادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستاندا پیرۆزبایی لە سەرجەم كوردستانیان و هاوڕێیانی كرد كە ئێستا لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كاردەكەن و وتی: "بێگومان كاتی خۆی ئێمە كە لەپێشمەرگایەتییەوە لە شاخەوە هاتینە خوارەوە، بیرمان لەوە كردەوە كە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان دابمەزرێنین، ئەو كات لەژێر فەرمان و رێنمانی سەرۆك مام جەلال، من و هاوڕێكانم توانیمان تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان دابمەزرێنین، كە ئێستا سەتەلایتی گەلی كوردستانیش لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان-یش هەیە جگە لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، وتیشی: تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان لەكاتی خۆیدا رۆڵێكی چاكی راگەیاندنی و وروژاند لە كوردستان و هیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم.

لەلایەن خۆیەوە هەروەها دڵشاد ئەحمەد ئامادەكار و پێشكەشكاری دێرینترین بەرنامەی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان لەو یادەدا وتی: بۆ ئێمەی راگەیاندنكار و رۆژنامەنووس دەتوانین بڵێین رۆژانی كاركردنمان لە گەلی كوردستان رۆژێكە لە رۆژەكانی لە میدیای ئازاد، ئەو میدیایەی كە ئێمە وەك نەتەوەی كورد ئازادی خۆی بەدەستهێنا و ئیتر وابەستەو دەرداری هیچ وڵاتێك نەبووین، كە ئەمەش كارێكی ڕاستەوخۆی كردەسەر گەشەكردنی قەڵەمی بوێر و ئازا و ئازادی كورد.

هەروەها وتی: من لەساڵیادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستاندا سڵاو دەكەم لەو كارمەندانەی كە لەدوور و نزیكەوە، هەركەسە و بەپێی قەوارەو توانای خۆی كاری لە گەلی كوردستان كرد، من لێرەوە سڵاو لە هەموویان دەكەم، هەروەها سڵاو لەوانەش دەكەم كە رۆژێك لەرۆژان كاریان لەم تەلەفزیۆنە كردوە و لەئێستادا لە ژیاندا نەماون و بەجێیان هێشتووین.

هەر سەبارەت بە بەرنامەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستانیش كە یەكێكە لە بەرمانە دێرینەكانی ئەو كەناڵە خۆشەویستەو تا ئێستاش هەر بەردەوامە، دڵشاد ئەحمەد وەك ئامادەكارو پێشكەشكاری ئەو بەرنامەیە وتی: هەر لەسەرەتای دەستپێكردنم بە بەرنامەكە لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، مینبەرێكی ئازاد درا بەمن، بەبێ سانسۆر لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ماوەی 28 ساڵی تەواوە لەو بوارەدا كاردەكەم، بوم بەهۆی ئەوەی كە پردێكی پەیوەندی كوردەواری دروستبكەم لەنێوان شارستان و گونددا، لەهەمان كاتدا دەروازەیەكی مێژوویی ئەو وڵاتە بچووكانە بكەمەوە كە پێی دەڵێن لادێ، كە ئاشنابن لە خاك و ئاو و قوربانییەكەمان و ئەو چیرۆكە جوانانەی كە هەمیشە لە ژێر تەپ و تۆزدا بوون و تەپوتۆزەكەم لابردوە و خستومەتە بەرچاوی خەڵك، هەر لەوێشەوە من دەوڵەتی كوردیم راگەیاند، بەڵام دەوڵەتەكەی من جیاوازە و هی كرێكار و جووتیار و هەژار و زەحمەتكێش و لەپێش هەموویانەوە هی خوێنی  شەهیدانی كوردستانە.

هەروەها عوسمان نوری وەكو تەكنیككار و و مۆنتێریێكی دێرینی كەناڵی گەلی كوردستان، لەم یادەدا وتی: لە دامەزراندنی یەكەم تەلەفزیۆنی دوای راپەڕین و ئازادی، خولێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال وەك یەكەم پشتگیرو پشتیوانمان بۆ دامەزراندنی تەلەفزیۆن بۆ سەرجەم كوردستان و یەكێتییەكان، پیرۆزبایی لەسەرجەم بەرپرسان و كارمەندانی ئەو كەناڵە ئازیزە دەكەم و هیوادارم ئەو كەناڵە چۆن وەك كەناڵی دایك دەناسرێت، لەگەڵ پێشكەوتن و گەشەكردنی راگەیاندنی كوردیدا بەردەوام بێت لە گەشەو بەرەو پێشچوون.

باسی سەرەتای كاركردنیشی لە كەناڵی گەلی كوردستان كرد وتی: ئەوكات كاری مۆنتێری و مۆنتاژكردن بەو شێوەیەی ئێستا گەشەكردو نەبوو، چونكە ئەو ئامێر و پێداویستیانەی كە لە بەردەستماندا هەبوو تەنها لە چەند ڤیدیۆیەكی ئاسایی و سادەی (VHS) كارەكانمان دەكرد كە ئەویش كەمبوو، كە ئەمە خۆی سیستمێكی ماڵان بوو، هەروەها میكسەرێكی دەنگمان هەبوو، هەروەها چەند كامێرایەك كە كاری ناو ستۆدیۆمان پێدەكرد، ئێمە لەو سەردەمەدا كاری مۆنتاژكردن و ئامادەكردنی بەرنامەكانمان بەو ئامێران بە ئەنجام دەگەیاند.

راشیگەیاند: لەو سەردەمەداو بەو توانا ماددیە كەم و دیاریكراوەوە،  ئێمە بەهەوڵ و ماندوبوونی چەند كارمەندێكی دڵسۆز و لە خۆبوردوی ماندونەناس توانیومان ئەو كارانە زۆر بەسەركەوتوو بە ئەنجام بگەیەنین و ببینە مینبەرێكی جوان بۆ راگەیاندنی كوردی كە لەو كاتەدا تاكە كەناڵی كوردی دوای ئازادی بووین كە خەڵكی كوردستان، بەردەوام و بە پەرۆشەوە بوو بۆ بینین و سەیركردنی بەرنامەو كارەكانی ئەو تەلەفزیۆنە.

وتیشی: لەو بەرنامانەی ئێمە لەو كاتەدا كارمان لەسەر دەكرد هەمووی بەرنامەی بەپێز و خۆشەویست بوون لای خەڵك كە لەگەڵ بارودۆخی ئەو كاتەی كوردستاندا دەگونجان.

هەروەها خەبات عەزیز لە تەكنیككارە دێرینەكانی كەناڵەكە بە بۆنەی تێپەڕبوونی 28 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكەم تەلەفیزیۆنی دایك "تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان"،  باس لەوەدەكات كە سەرۆك مام جەلال پشتگیریكەر و هاندەریان بووە بۆ دامەزراندی تەلەفزیۆن بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان، پیرۆزبایی لە هاوڕێ و هاوكارانی لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كردو هیوای خواست تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان وەك تەلەفزیۆنی دایك لەگەڵ رەوتی پێشكەوتنی راگەیاندنی كوردی  لەگەشە و پێشكەوتن دوانەكەوێت.

PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket