riklam

حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر بودجەو مووچە كۆدەبنەوە

کوردستان 07:18 PM - 2019-09-08
.

.

كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەنجامدرا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا لە بارەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ئاماژە بەوەدرا پێشكەوتن لە گفتوگۆكان لە گەڵ بەغدا هەیە و هیوادارن لە سەر بنەمای دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن بە شێوەیەك پرنسیپەكانی : هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەسەر چەند تەوەرێك بە درێژی زانیاری پێویستیان لە بارەی ماف و داخوازییە دەستوورییە پێشیلكراوەكانی هەرێمی كوردستانیان بۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكان خستەڕوو.

 یەكەم: سەبارەت بە نەوت و راددەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەو بڕە نەوتەی هەناردە دەكرێت وشایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان و داهاتی مانگانەی نەوت كە بۆ مووچە خەرج دەكرێت، زانیاریی ورد وپێویست خرانە روو .
ئەم زانیاریانەش بەشێكە لە پرۆژەی وردبینی نەوت وگازی هەرێمی كوردستان كە لایەن كۆمپانیای نێودەلەوتی (دیلۆیت Deloitte ) ئامادەكراوە وسیاسەتی شەفاف و ئاشكرایانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە بواری نەوت وگازدا.

دووەم : قەرزەكان: سەبارەت بە دۆسیەی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان ، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەو قەرزانە درا كە لە ئەستۆی هەرێمی كوردستاندان و بەشێكە لە دۆسیەكانی گفتوگۆ لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی. هۆكاری سەرەكی ئەم قەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی بەغدا و ئەو قەیرانە داراییەی بەو هۆیەوە دروستبوو، بەتایبەتی دابینكردنی خەرجی زیاتر لە دووملیۆن ئاوارە و شەڕی داسەپاوی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

سێیەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پابەندبوون بەو ئیلتیزاماتە دەستووریانەی كە لە ئەستۆیدایە، لە هەمانكاتدا بە هیچ شێوەیەكیش سازیش لە سەر ماف و دەسەڵاتەكانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ناكات.
لە كۆبوونەكەدا ئاماژە بەوە درا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 30 ی تەمووزی 2019 سەرۆك و ئەندامانی لیژنە تەكنییەكانی دەستنیشانكردووە و گفتوگۆكانیش لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بەردەوامە لە سەر دۆسییەكانی دارایی وبودجە ، نەوت وگاز ، قەرزەكان ، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم . بەو ئاراستەیەی كە بتوانین بگەینە رێككەوتن لە سەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2020 و كاركردنی بەردەوام لە سەر چارەسەریی درێژخایەن بۆ ئەو دۆسیانە لە سەر بنەمای دەستوور وبەرژەوەندی هاوبەش  بەرەچاوكردنی پرەنسیپەكانی شەراكەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان.

لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها ئاماژە بەو یاسایانەش درا كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچن و نەگونجاون لەگەڵ بنەماكانی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی.

فراكسیۆنە كوردستانییەكان خۆشحاڵ بوون بەو كۆبوونەوانە و ئەو زانیاریە ورد وپێویستانەی خرانە روو ، بڕیاریش درا لە پێناو هەماهەنگی زیاتر كۆبوونەوەی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.


PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket