riklam

وەزیری خوێندنی باڵا: پێویستە سوود لەتوێژینەوەكان وەربگرین

کوردستان 06:24 PM - 2019-09-08
.

.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: وەك چارەسەرێك بۆ كێشەو گرفتەكانی هەرێمەكەمان، پێویستە سود لە توێژینەوە زانستییە جیاجیاكانی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و لێكۆڵینەوەی زانستی وەربگیرێن.

ئەم ڕاگەیاندنەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی (٨/٩/٢٠١٩) لەمیانی بەسەركردنەوەی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و لێكۆلینەوەی زانستی هات.

لەسەرەتای بەسەركردنەوەكەدا كە هەریەك لە ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت یاوەریان دەكرد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەش و تاقیگەو سێنتەرە زانستییەكانی دەستەی كوردستانی بەسەركردەوەو لە نزیكەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی كاروبارەكانی پەیوەست بە دەستەكەی كۆڵیەوە، بەتایبەت سێنتەر و تاقیگەكانی جیۆلۆجی‌و ئۆرگانیك پیترۆلۆجی، سەنتەری مایكرۆبایلۆجی‌و تەندروستی، سەنتەری كواڵیتی كۆنترۆڵ‌و ژینگەو كشتوكاڵ‌و تەندروستیی كۆمەڵ، سەنتەری دراساتی ستراتیجی) بەسەركردەوە.

لەلایەن خۆیەوە د. پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا كورتەیەكی لەبارەی كارو پرۆژەكان پێشكەش كردو ڕایگەیاند: یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی دەستە ئەوەیە كه ‌ئاستی توێژینەوەی زانستی لەكوردستان بەهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ‌و داهێنان‌و پەیوەندییە دەرەكییەكان پەرەی پێبدرێت، ئەمەش دەبێتە هەوێنێك بۆ بەرزبونەوەی كواڵێتی، بەدروستبوونی نێت وۆركێك لەگەڵ دەزگاكانی توێژینەوە لەجیهان كە دەتوانرێت توێژینەوەی ئاست بەرز ئەنجام بدرێت و لەگۆڤارە زانستییە رەسەنەكانی جیهان بڵاوببێتەوە،  بۆ ئەو مەبەستەش تاقیگەی پێشكەوتوو لەدەستەكە دامەزراوە، كە لەو ئاستەدایە پشكنینی بەرز ئەنجام بدات و بتوانرێت لەگەڵ دەزگا زانستییە جیهانییەكاندا توێژینەوەی هاوبەش بكرێت. یاخود خوێندكاری ماستەرو دكتۆرا لەناوەوەو درەوەی وڵاتەوە وەربگرێت. وتیشی: ئامانجێكی دیكەی دەستە ئەوەیە (كادری زانستیی پێشكەوتوو پێبگەیەنێت‌) كە ئەم كادرە زانستییانە دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ چارەسەری كێشەكانی كۆمەڵ‌و هەرێمەكەمان.

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند لەچوارچێوەی سەردانەكانمان بۆ زانكۆ و دامەزراوە ئەكادیمیەكانی كوردستان و بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی كارەكان و گوێگرتن لە گرفت و پێشنیازەكان، ئەمڕۆ دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستیمان بەسەركردەوە، بۆ ئەمەش وتی: دەستەی كوردستانی یەكێكە لە دەزگا گرنگ و پر بایەخەكان لە هەرێمەكەمان، لەڕابردو ئەم دەزگا زانستییە كاری باشی كردوەو هەمیشە لەخزمەت زانست‌و زانستخوازاندایەو ئێستاش بەشێوازێكی فراوانترو لەڕێگەی پسپۆڕی زانستی لەبوارە جیاوازەكان‌ و تاقیگەو سێنتەری پێشكەوتووەوە، بەردەوامە لەخزمەتكردن ‌و هەمیشە لەهەوڵی پەرەپێدانی كارەكانیدایە.

د. ئارام محمد وتیشی: لە دەستەی كوردستانی كۆمەڵێك توانای مرۆیی باش هەیەو توانیویانە لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان توێژینەوەی كاریگەرو پێویست ئەنجامبدەن كە ئەم توێژینەوانە پێویستە وەك چارەسەرێك بەكاربێن بۆ كێشەكانی كۆمەڵگە. هەروەك وتیشی بۆ ئێمە گرنگە بتوانین پەیوەندی دەستەكە لەگەڵ دونیای دەرەوە فراوان بكەین بۆ ئەوەی بتوانین كاریگەرتر لە ڕێگەی توێژینەوەكان كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان بكەین، بۆ ئەمەش هاوكاری و هەماهەنگی وەزارەتی بۆ دەستەكە دوپاتكردنەوە.

دەستەی كوردستانی پەیوەندی لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی جیهاندا هەیە، بۆ نموونە زانكۆی جۆرج ئۆگوست لەشاری گۆتینگنی ئەڵمانی كە یەكێكە لەزانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان‌ و، بەردەوامیش مامۆستایان‌و پسپۆڕانی هەردوولا توێژینەوەو پڕۆژەی هاوبەشی زانستی لەنێواندا هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە دەستەكە ڕێكخەری ناوخۆیی چەند پرۆژەیەكی دیكەی جیهانییە وەك پرۆژەی تایگرێس.


PUKmedia  راگەیاندنی خوێندنی باڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket