riklam

هاوسەرۆكی هەدەپە: ئامانجەكانمان لەگەڵ یەكێتی هاوبەشە

ی.ن.ک‌‌ 04:39 PM - 2019-09-08
.

.

وەفدی هەدەپە لەهەولێر  لەگەڵ سەعدی پیرە كۆبوونەوەو توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكان و بارودۆخی توركیاو ناوچەكەو هەوڵەكان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

ئەمڕۆ 8ی ئەیلولی 2019، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری هەولێر لەگەڵ سەزای تەمەللی هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و وەفدی یاوەری كۆبووەوە كە ماوەی دوو رۆژە بەسەردانێكی رەسمی لە هەرێمی كوردستانن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەبارودۆخی سیاسی گشتی ناوچەكەو بەتایبەتیش بارودۆخی توركیا.

لەو دیدارەدا سەرەتا سەعدی ئەحمەد پیرە بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بەگەرمی بەخێرهاتنی هاوسەرۆكی هەدەپەو وەفدی یاوەریكردو هاتنیانی بەهەنگاوێكی گرنگ و پڕ بایەخ وەسفكرد بۆ توندوتۆڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

هاوكات پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی كاندیدانی هەدەپەی لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەكانی توركیا كردو وتیشی: ئەمە نیشانەی پێشكەوتنی دیموكراسی و نیازپاكی و ئاشتیخوازی هەدەپە دەسەلمێنێت لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی دیموكراسی-دا، راشیگەیاند: سەقامگیری سیاسی و پتەوبونی دیموكراسیەت و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە زامنی ئارامی و بەیەكەوە ژیانە لەنێوان گەلانی توركیادا،هەروەها هەنگاوە دیموكراتی و مەدەنییەكانی هەدەپەی لەخەباتی سیاسی و پەرلەمانیدا بەرز هەڵسەنگاند بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان .

لای خۆشیەوە سەزای تەمەللی وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەڵوێستەكانیدا سەبارەت بەبارودۆخی سیاسی ناوچەكە تەئكیدیكردەوە كە بەردەوامدەبن لەسەر زیاتر توندو تۆڵكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتی و یەكێتی  بەتایبەتی. وتیشی: دروشم و ئامانجەكانمان لە هێنانەدی ئاشتی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ هاوبەشە لەگەڵ دروشم و ئامانجەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانیشمان بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و چەسپاندنی دیموكراسی لە توركیا و ناوچەكە چڕتر دەكەینەوە.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket