riklam

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی

ی.ن.ک‌‌ 05:26 PM - 2019-09-07
.

.

پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ (7/9/2019) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی ‌و ئامادەبوونی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی  بەرێوەچوو. 

لە كۆبونەوەكەدا، كە بەدەقیقەیەك وەستان بۆ رێزلینان لە شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد، ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەوردی‌و هەمەلایەنانە بارودۆخی سیاسی‌و دواپەرەسەندنە سیاسی ‌و  گۆڕانكارییەكانی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵسەنگاندنی كرد بۆ قۆناغی دوای رێكەوتنی لایەنەكان‌ و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكان‌ و كارنامەی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ‌و باشتركردنی گوزەرانی خەڵك‌ و كاراكردنی خزمەتگوزارییەكان ‌و كاركردن لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە‌و هاوبەشی ‌و لامەركەزیەتی ئیداری بەگرنگ زانرا.

هەروەك یەكریزی گەلی كوردستان ‌و تەبایی ‌و هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، لە ئاست پرسە چارەنوسسازەكانی عیراق‌ و ناوچەكە بە پێویستیەكی گرنگی قۆناغەكە ‌و زامنی بەدیهێنانی مافە دەستوری‌ و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان‌ و رووبەروبونەوەی مەترسیەكان دانا. 

   لەتەوەرێكی تری كۆبونەوەكەیدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی دۆخی كەركوك ‌و ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكان تاوتوێ كرا، جەختكرایەوە لەسەر تەواوكردنی هەنگاوەكانی ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لەم هەلومەرجەدا، كە سەرلەنوێ هەوڵی گۆڕینی باری دیمۆگرافی كەركوك ‌و تەواوی ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكانی تر‌و مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرو زیادبوونی كردەوەی تیرۆریستی لە ئارادایە، كە پێویستە لە سەر ئاست ‌و بوارە جیاجیاكاندا هەوڵی هاوبەشی كوردستانیانە بخرێتەگەر بۆ رووبەروبونەوەو چارەسەركردنی ئەو كێشە و مەترسیانە.

 لەم روانگەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی، پێكهێنانی لیستێكی هاوبەشی كوردستانی بۆ بەشداری كردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە، سلاحەدین، بە هەنگاوێكی ئەرێنی زانی بە ئاراستەی كاری هاوبەش‌و تەبایی بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە‌و رووبەروبونەوەی مەترسیەكان.

بۆ گفتوگۆی بەرپرسیارانەی نیشتمانی بەئاراستەی یەكخستنی هەڵوێستی نوێنەرانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجومەنی سەركردایەتی بانگهێشتی هەموو ئەو لایەنە سیاسیە كوردستانیانەی كرد، كە نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، بە ئامانجی بەرگری كردن لە مافە دەستوری‌و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان.

هەڵسەنگاندنی كاروباری رێكخراوەیی ‌و حزبی تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بوو، ئەنجومەنی سەركردایەتی بە كۆی دەنگی ئەندامانی رۆژی (7/12/2019)ی بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی پەسەندكرد، هەروەك ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەگفتوگۆی هەڤاڵانە‌و بەرپرسیارانەی ئەندامانی رێوشوێنی پێویستی بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو تاوتوێكرد، كە بەجۆرێك كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ساز‌و ئامادەبكات بۆ راپەراندنی ئەركە بنچینەییەكانی خەبات‌و خزمەتكردنی زیاتری گەلی كوردستان‌و هێنانەدی تەواوی ئامانجە بەدینەهاتووەكان، كە یەكێتی‌و گەلەكەمان هەزاران شەهید ‌و قوربانیان لەپێناویدا بەخشیوە.

ئەنجومەنی سەركردایەتی، سڵاوی ئەمەك ‌و وەفاداری دەنێرێت بۆ رۆحی پاكی ڕابەری مێژوویمان جەنابی مام جەلال‌و سەرجەم شەهیدانی كورد‌و كوردستان‌و كەسوكاری سەربەرزیان، سڵاوی پێزانین دەنێرێ بۆ جەماوەری خۆراگری یەكێتی‌و پێشمەرگە قارەمانەكان.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

7/9/2019

PUKmedia  تایبەت

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket