riklam

دوژمنی گەل نمایش دەکرێت

ئەدەب وهونەر 11:58 AM - 2019-09-05
.

.

شاكارێكی شانۆیی نووسەری جیهانی (هینریك ئیبسن ١٨٢٨ - ١٩٠٦) كە بە باوكی شانۆی ریالیزمی دادەنرێت، لە شاری هەولێر كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و نمایش دەكرێت، ئەویش شانۆگەریی (دوژمنی گەل)ـە، لەم شانۆگەرییەدا كە ژمارەیەكی فراوانی بەشدارانی لەخۆ گرتووە، دەستەیەك لە شانۆكارە گەنجەكانی شاری هەولێر رۆڵەكان بەرجەستە دەكەن و كارە هونەرییەكان رادەپەڕێنن.

سەبارەت بەم نمایشە، دەرهێنەری كورد (ئەرسەلان دەروێش) وتی: شانۆگەریی (دوژمنی گەل) كە لەساڵی ١٨٨٢دا بڵاو بووەتەوە لە رێگای بابەتی پیسبوونی ئاوی شارێكی باكوری رۆژهەڵاتی نەرویژەوە، پرسی نغرۆبوونی ویژدانی خەڵك لە نێو زەلكاوی بەدمۆڕاڵی و پشت لە راستیكردن و ملدان بۆ ستەم وچەواشەكاریی دەسەڵاتداران دەخاتە روو. (ئیبسن) لەم شاكارەیدا بوێرانە پەردە لەسەر دیاردەی گەندەڵی هەڵدەماڵێ و بانگەشە بۆ زەروورەتی بەرپەرچدانەوەی دەكات ئەگەر بە شێوەیەكی تاكەكەسیش بێت! تا ئەو ئاقارە دەڕوات كە بڵێت: (بەهێزترین مرۆڤ لە جیهاندا، ئەو كەسەیە كە بەتەنها دەجەنگێت)، ئێمەش لە میانەی بایەخدان بە كەلتووری شانۆی جیهانی، نەخاسمە ئەو تێكستانەی كە بەركەوتنی لەگەڵ واقیعی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاریی كۆمەڵگاكەماندا هەیە، پێمان پەسەند بوو وەك (تیپی شانۆی سالار) ئەم كارە كە چەندین جار پێشتر لە كوردستاندا نمایش كراوە، لە شاری هەولێری پایتەختدا بە پشتیوانی (بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ)ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری هەولێر لە  وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان پێشكەش بكەین. 

wena-- 33.jpg

ئەرسەلان دەروێش وتیشی: لەم دەرفەتەدا وێڕای سپاس بۆ ئەو پشتیوانییەی (بەڕێوەبەرایەتیی هونەری  شانۆی هەولێر)، سوپاسی تەواوی ستافی بەشداربوو دەكەم كە لە هەلومەرجێكی یەكجار سەختدا بە هۆی نەبوونی هۆڵی شانۆیی شایستە لە شارەكەدا و ئاریشەگەلێكی زۆر بۆ ئەم جۆرە كارە گەورانە، خۆنەویستانە ئەم بەرهەمەیان سەرپێ خستووە بۆ بەر دیدەی بینەرانی ئازیز..

هەروەها جێی خۆیەتی سپاسی (پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێر) و بەشی شانۆ بكەم بۆ تەرخانكردنی هۆڵی رەوانشاد (مامۆستا فەرهاد شەریف) بۆ كارەكەمان. بەو هیوایەین كە بینەرانی ئازیزو خامە ماندووكانی بواری نووسینی هونەریی بایەخ بەم هەوڵە خاكەڕایەمان بدەن و بە ئامادەبوونیان و بەشداریكردنیان لە نمایشی (دوژمنی گەل)ـدا..

جێگەی باسە، شانۆگەریی (دوژمنی گەل) یەكێك لە بەناوبانگترین دەقەكانی نووسەری مەزنی نەروێژی (هینریك ئیبسن)ـە، كە لەم كارەدا دەستەیەك لە شانۆكارە گەنجە ئەكادیمییەكان بەشداری دەكەن و كارە هونەرییەكانی ڕادەپەڕێنن، رۆڵە سەرەكییەكان لەلایەن هونەرمەندان (بەهمەن حاجی، مەولان حەمەدەمین، وەیلان سدیق، یوسف یوسفی، محەمەد تاهیر، یاسین عومەر، سیما مستەفا، زیاد كەریم) بەرجەستە دەكرێت، هەروەها كۆمەڵێك ئەكتەری تر بەشدارن لەوانە (زەهرە نەجات، هۆزان كاروان، نەورۆز عەلی كەمال، بنیاد فەرحان، دیمەن تاهیر، هاوكار خدر، محەمەد حەمە، شەنیارمحەمەد ، عەلی كەمال، گەرمیان گلی ، باوان كەیفی ، یارا ئەرسەلان ، رەهێڵ هەورامان) هەروەها هونەرمەندان (دانا محەمەد وەك یاریدەدەری دەرهێنەر، كۆمەڵێك بەهرەی تازە دەركەوتوو كارە هونەرییەكانی (دیكۆر و روناكی و موزیك و دەنگ ) ئەنجام دەدرێت، پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێریش بە هۆڵە شانۆییەكەی (فەرهاد شەریف) پشتیوانیی كارەكە دەكات و نووسەر و هونەرمەندی دوورەوڵات (هاودەم ساڵح جاف) لە نەرویژییەوە دەقەكەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی كوردی، كە بڕیارە لە رێكەوتی ٩ی ئەیلوولەوە رۆژانە كاتژمێر ٥ی ئێوارە لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر نمایش بكرێت.

PUKmedia ئەرسەلان دەروێش

 

wena--11.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket