riklam

مەلا بەختیار: نابێ‌ بەرابردوو، ئێستا لەقاڵبدەین

ی.ن.ک‌‌ 04:49 PM - 2019-09-04
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشوازی لەژمارەیەك لەهەڤاڵانی یەكێتی لەدەڤەری رانییە دەكات‌و لەگفتوگۆیەكی هەڤاڵانەشدا رایدەگەیەنێت: دەبێ‌ یەكێتی، لەیەكێتی رابردووەوە بهێنین بۆ یەكێتی ئەم سەردەمە‌و ئێستای لەمێژووەكەی جوانتر بكەین.

لەدیدارەكەیاندا كە ئەمڕۆ 4/9/219 بەڕێوەچوو، هەڤاڵانی دەڤەری رانییە، لەگەڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، گفتوگۆیان لەبارەی هەلومەرجی ئێستا كوردستان كردو تیایدا مەلا بەختیار، وێڕای ئەوەی بەگەرمی بەخێرهاتنی هەڤاڵانی كرد، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە یەكێتی لەكوردستاندا قەرزاری هەندێ‌ ناوچەیە، لەوانە قەرزاری خەڵكی رانیەو دەوروبەرێتی‌و وتی:

یەكێتی دووجار قەرزارین، جاری یەكەم: بەشی زۆری خۆڕاگری سەركردایەتی‌و جەنابی مام جەلال‌و مەكتەبی سیاسی‌و دانانی داوودەزگاكانی یەكێتی لەشۆڕشدا، لەقوتەی مامەند‌و لەخڕی نێرزەنگ بووە. كە ساڵانی سەختی خەبات‌و هەڵسانەوەو خۆڕاگری‌و بڵاوكردنەوەی شۆڕش لەو دەڤەرە بووە.

دووەم: هەم كڵپەی راپەڕین‌و هەم دەروازەی راپەڕین، رانیەیە. كە هەموو خەَكی كوردستانی جۆس‌و خرۆشدا‌و لەدوای ئەو ئازایەتییەو شەهیدەكان‌و قارەمانێتی خەڵكی رانیە، بەپێشمەرگە‌و هاووڵاتیان‌و دانیشتووی سنورەكە، هەڵمەتیان دەبردە سەر بەعس. ئەمەش دووەمجارە كە قەرزاری دەڤەرەكەین.

ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد كە نابێ‌ لەبەرامبەر ئەو ئاوەدانیی‌و خزمەتانەی كراوە، بێ‌ ویژدانین. هەروەك چۆن نابێ‌ بێ‌ ویژدان بین لەبەرامبەر تێكۆشان‌و قوربانی بەخشینەكاندا‌و لەو چوارچێوەیەشدا بەئامار گۆڕانكارییەكانی لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی‌و بونیادنانەوە خزمەتگوزارییەكان خستەڕوو.

هەر لەو روانگەیەشەوە، پاشئەوەی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە ئەم ئەزمونەی باشوری كوردستان، فیدراڵی، خۆڕاگری، پەرلەمان‌و حكومەتی كوردستان‌و پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی دنیا نەبوایە، هەرگیز ئەوەی رۆژئاوای كوردستانیش رووی نەدەدا‌و وتی: لەهەموو ئەو دەستكەوتانەشدا یەكێتی پشكی شێری بەردەكەوێت، هەتا چەند ساڵێك لەمەوبەر یەكێتی پێشەنگی ئاوەدانی‌و گۆڕانكاریی‌و ئازادییەكان بووە. بەڵام ئەوە چند ساڵێكە بەداخێكی زۆرەوە، هەم یەكێتی، هەم حكومەت، هەم بازاڕ كێشەی هەیەو هەم متمانەی خەڵك وردە وردە هاتۆتە خوارەوەو ئەمەش لەخۆیەوە نییە‌و رونیشیكردەوە:

دیاردەی گەندەڵی، دیاردەیەكی مەترسیدارە سەریهەڵداوە‌و پرسیارەكەش ئەوەیە ئەم حكومەتەی ئێمە بۆ چارەسەری ئەم گەندەڵییە ناكات، لەكاتێكدا حكومەتەكانی جەزائیر، سودان‌و لیبیا لەسەر گەندەڵی دەڕوخێن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و عیراقیش ئەوە دۆخەكەیەتی كە هەیە‌و وتیشی:  

نەوەی دوای راپەڕین‌و ئێستا، وەكو ئێمە بیر ناكەنەوە، چونكە من ناتوان دەستبەرداری مێژوو بم! ناتوانم دەستبەراری مام جەلال بم! ناتوانم دەستبەرداری شەهیدەكان، شەڕو قارەمانێتییەكان بم! بەڵام گەنجێك وەكو من بیر ناكەتەوەو بەڵكو گەنجێك مۆبایلەكەیی‌و فەیسبوكەكەی، بەهیچ شتێكی تر  ناگۆڕێتەوە، چونكە مۆبایلەكەیی‌و پەیوەندییەكانی زۆر لاگرنگە. بۆیە ئەم حكومەتە دەبێ‌ لەتێگەیشتنی نەوەی دوای راپەڕینیشەوە بەرنامەی هەبێ‌‌و رایگەیاند: نابێ‌ بەرابردوو، ئێستا لەقاڵبدەین. چونكە خەڵكی ئێستا، ئازادی، بازاڕ، بوژانەوە.. تد دەوێت‌و لەو تێڕوانینەشەوە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بە ئەركەكانی ئێستای یەكێتی كردو وتی:

یەكێتی لەشاخ، ئەو یەكێتییەیە كە هەموومان شانازی پێوە دەكەین، ئەگەرچی هەلومەرجی شاخ سەختبوو، بەڵام كۆسپ نەبوو لەبەردەم بەستنی كۆنگرە‌و كۆنفرانس‌و جەختیشیكردەوە: كە پێویستە لەپێناو گەشانەوەی متمانەدا، رەخنە لەخۆمان بگرین‌و سیاسەت بگۆڕین‌و كێشەكان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی بیروباوەڕی یەكێتی شەوقبداتەوەو كردارەكانی رەنگبداتەوە. چونكە خەڵك پێخۆشە یەكێتی هێزێكی كاریگەر بێ‌، هاوسەنگی بپارێزێت‌و نەهێڵێت هیزەكانی تر زاڵبن، هەر هێزێك بێت. چونكە زاڵبوونی هەر هێزێك بەتەنیا مەترسیدارەو زیان لەدیموكراسی‌و ئازادییەكان دەدات‌و گەندەڵ‌و دیاردە خراپەكانیش چارەسەر ناكات.

لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، تەئكیدی كردەوە: یەكێتییەكان نابێ‌ بێ‌ ئومێدبین‌و كۆڵبدەین‌و دەبێ‌ بە بەرنامەش كەموكوڕییەكانمان بزانین‌و رەخنەكانمان بزانین بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەین، كە هەموو ئەوانەش بەكۆنگرەی گۆڕانكارییەكان دەكرێ‌، بۆ ئەوەی یەكێتی، لەیەكێتی رابردووەوە بهێنین بۆ یەكێتی ئەم سەردەمە‌و ئێستای لەمێژووەكەی جوانتر بكەین.  

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket