riklam

سەرۆكی پەرلەمان: كاری لەپێشینەمان كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور دەبێت

ی.ن.ک‌‌ 03:11 PM - 2019-09-03
.

.

ئەمڕۆ 3ی ئەیلول 2019 د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە چۆی كوانژین كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان كرد.

لەدیدارێكدا د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەوردی رێكار و هەنگاوە یاساییەكانی پەرلەمانی بۆ وەرزی نوێ لە رووی زەمینەسازیی یاسایی بۆ كارنامەی حكومەت و ئەنجامدانی چاكسازییەكی گشتگیر لەسەرجەم سێكتەرەكاندا بەتایبەتی لەرووی كارگێری و دارایی و داهات بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بەگرنگیی كاری وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان كرد بۆ بووژانەوەو ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: "پشتیوانیی كۆمپانیا بیانییەكان دەكەین كە بێن لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن تاكو وڵاتەكەمان زیاتر بەرەو پێش بچێت لەرووی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەو پەرلەمانی كوردستانیش ئامادەیە ئەو یاسایانەی كە لەو بوارەدا پێویستییان بە هەمواركردنەوە هەیە هەمواریان بكاتەوە بەجۆرێك كە سوود بەهەردوولا بگەیەنێ و داواشی لە كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور كرد كە هانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان بدات بۆ راكێشانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمان باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عیراق و ئەو یاسایانەی كە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەردەچێت تایبەت بە هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی لە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عیراق بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەچوارچێوەی دەستووری عیراقدا، هەروەها بەوردی چاودێریی ئەو یاسایانە دەكەین و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەكەین و هەر یاسایەك دژی دەستووری عیراق بێت لە دژی پرەنسیپی یاسایی و دەستووری بێت هەڵویستی یاسایی بەرامبەر دەگرینە بەر.

لای خۆیەوە چۆی كوانژین كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە هەنگاوەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرنامەی كاری پەرلەمان و حكومەت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی دەربڕی و جەختی لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریای باشوور كردەوەو پشتیوانیی خۆشی بۆ دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوری عیراق دەربڕی.
ئەمەش لەكاتێكدایە دوێنێ 2ی ئەیلولی 2019، د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە جۆن ویلیكس باڵیوزی بەریتانیا و جەیمس سۆرۆنتن كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر كرد.

لەدیدارێكدا جۆن ویلیكس باڵیوزی بەریتانیا لە عیراق وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، ئاماژەی بە یەكسانیی جێندەری لە هەرێمی كوردستان كردو هیواشی خواست گرنگیی زیاتر بەژنان و ئافرەتان بدرێت بۆئەوەی بەشدارییەكی كارایان هەبێ لە كایەكانی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەها باسی لە هەوڵەكانی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عیراق كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان و هەروەها ئاماژەی بە هاتنی شاندی سیاسەتمەداران و پەرلەمانتارانی بەریتانیا بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
لای خۆیەوە د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، تیشكی خستەسەر كارو بەرنامەی پەرلەمانی كوردستان لە وەرزی نوێدا لەسەر بنەمای كارنامەی فراكیسۆنەكان و كارنامەی حكومەت بۆئەوەی زەمینەسازیی یاسایی بۆ بكرێت و رایگەیاند: "كاری لەپێشینەی پەرلەمانی كوردستان بریتی دەبێت لە كاراكردنەوەی لیژنەی دەستووری بۆئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن دەستوورێكی هاوچەرخ و هەروەها ئەنجامدانی چاكسازییەكی گشتگیر بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگشت سێكتەرەكاندا".

وتیشی: "بەمەبەستی ڕەخساندنی زەمینەیەكی سیاسیی لەبار و ژینگەیەكی تەندروست بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی دەستمان بەسەردانی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و بەردەوام دەبین بۆ دروستكردنی جۆرێك لە كۆدەنگیی سیاسی و نیشتیمانی سەبارەت بەپڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە دواجار دەبێتە مایەی كۆكردنەوەی گشت جیاوازیەكان و پارێزەری ماف و ئازادییە گشتیەكان و دەبێت فەراهەمی ڕەزامەندیی جۆرێك لە كۆدەنگیی پێشوەختەی بۆ بكەین".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "لە ئیستادا پەیوەندییەكان زۆرباشەو بەرەو پێش چووەو پەرلەمانی كوردستان پشتگیری و پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، سەرباری كاركردنمان بۆ هاوئاهەنگی و پتەوكردنی پەیوەندیمان لەگەڵ تەواوی فراكسێۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەوڵی سیاسی و بەكارهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكانمان بەردەوام دەبین لەلایەك بۆ بەرگرتن بە پەسەندكردنی ئەو پێشنیازە یاسایانەی كە دژ بە ڕێسا دەستوورییەكان و بنەماكانی سیستمی فیدراڵین وەك (پڕۆژە یاسای خزمەتی شارستانی)و هاوشێوەكانی لەلایەكیش لە دادگای ئیتیحادی تانە لەو یاسایانە دەدەین كە دژ بەو ڕێساو بنەمایانە بە ئاراستەی سڕینەوەی یان كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم تێپەڕێنراون وەك یاسای (كارگێڕی دارایی فیدراڵی) كە لە ساڵی 2019 پەسەندكراوە".

لەكۆتاییدا جۆن ویلیكس باڵیوزی بەریتانیا لە عیراق پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و دیالۆگ لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بوونی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ حكومەتی عیراق دووپاتكردەوە.


PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket