riklam

واژۆی خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان

جینۆساید‌‌ 02:08 PM - 2019-09-02
.

.

بەڵگەیەكی مێژوویی و گرنگە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری

    ماددەی 140 مەگەر بەساناییەوە ئەگەر تێی بڕوانین ماددەیەكی دەستووری وڵاتێكە كەخاوەن سەروەرییەو دەبێت پابەند بێ بەجێبەجێكردنی‌و دەبووایە لەماوەی دیاریكراوی یاساییەوە تەواوی بەندەكانی بەخێرایی تەواو ببوایا،  بەڵام ئەم ماددەیە نەك لەدەسەڵاتی حكومەتی ناوەندە نەش وڵاتانی دراوسێ دەیانەوێ وەك خۆی جێبەجێ بكرێت بگرە بەبێ رەزامەندی زلهێزەكان قۆناغە بنەمایەكانی وەكو خۆی ناخرێتە بەرنامەو كارنامەی سەرۆكایەتی وەزیران و تەواوی دەسەڵاتەكانی تری بەغداد، هەرچەندە ئەو ماددە گشتگیرە رەنگە ئەگەر خوێندنەوەی تری بۆ بكرێت، بەجێبەجێكردنی سنووری ئیداریی و جوگرافی و دیموگرافی شیعەی عیراق بەرفراوانتر دەبێتەوەو لە بەغدادی پایتەختیش ئاماری شیعە چەند هێندە زیاتر دەبێتەوەو ئەمەش پێ دەچێت لەخواستەكانی وڵاتێكی دراوسێدا بێت، ئەم ڕوانگەیە زادەی فیكرو زهنی ئێمە نییە، بگرە لە 16 ساڵی ڕابردوودا ئاماری ئەو تایفەیە لەو پارێزگایە زیاتر بۆتەوەو بەشێوەیەی سیستەماتیك ئاماری تایفەكانی تر كەمبۆتەوەو ئەمەش وادەردەخات كەئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێت لەڕێگەی خستنەسەری شارو شارۆچكەكانی تر هەژمونی ئاماری و دەنگدەری زیاتر دەبێت و بەشێوەی دیموكراسی دەبنە زۆرینەی رەهای ئەو پارێزگا گرنگەیەو لەناوچەكانی تریش كەئەنجومەنی باڵای شۆڕشی بەعس لەهەندێ ناوچەی چڕی شیعە نشینی دابڕیوەو لكاندوویەتی بەناوچەی زۆرینەی سونەوەو دەگەڕێتەوە بۆ سنووری راستەقینەو كۆنی خۆیان و بەمەش دەنگە ونبووی كەمینەكانیان بۆ زیاد دەبێت و كورسی زیاتری پارلەمانی و پارێزگاكان مسۆگەر دەكەنەوە. كەوا بێت هۆكار چییە كەلانی كەم ئەو وڵاتە دەبێت هاندەر بێت لەگەڵ زۆرینەی رەهای پەرلەمانی و دەسەڵاتدارانی نێو ئەنجومەنی وەزیران و ئەو ماددەیە بەشێوەی ڕاستەقینە بخرێتە بەرنامەی حكومەتەوەو لەمەشدا كورد رۆڵگیری باش نەبووەو زۆربەی ئەو كەسانەی لە دەسەڵاتی بەغداد پلەو پایەیان هەبووە بەشێوەی جدی نەیانتوانیوە كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بكەن  چونكە بەگشتی كورد یەك نەبوونە و زیاتر هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و كەسی بووە، خاڵێكی تریش كە لەبەرژەوەندی تایفەی سونەش لەم ماددەیە ئەوەیە رزگاریان دەبێت لەكەمینەی شیعەی نێو چەند پارێزگایەك و لەهەمانكاتدا لەپارێزگای ئەنباری كۆندا ناوچەیەكی بەرفراوانی رۆژئاوا و هاوسنووری سعودیە لەسەردەمی بەعسدا خراونەتە سەر دوو پارێزگای شیعەو سونە لەو پارێزگایانەدا هەمیشە خۆیان بەچەوساوەو زوڵم لێكراو دەردەخەن و هیچكات نەیانتوانیوە دەنگی پێویست بۆ بەشداری كردن لە حكومەتی خۆجێی و ناوەندی بەدەست بهێنن و بەمەش لەكاتی جێبەجێكردنی تەواوی بەندەكانی ماددەكە ، ئەوكات  ئەو سنوورانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر سنووری پارێزگایەكی سونە مەزهەب و سنووری هەمیشەیی نێوان سونە و شیعەش دیاری دەكرێتەوە.

 لێرەدا وەبیرهێنانەوەی ئەو راستیانەی سەرەوە بۆ ئەوە نییە كە تەواو نائومێدبین لەوەی رەنگە هیچكات ئەو ماددە دەستووریە جێبەجێ نەكرێت یان رەنگە بەندە بنەمایی و سەرەكییەكانی نەخرێتە كارنامەو بەرنامەی دەوڵەتەوە،  بەڵام مێژوویی دوورو درێژی ململانێی كورد و دەسەڵاتی ناوەندی پڕیەتی لەهەوراز و نشێو، دەكرێت بەسود وەرگرتن لەرابردوو و بەبەكارگیریی ئامرازە یاسایی و بنەما دیموكراسییەكان ئیش لەسەر جێبەجێ كردن و گەڕاندنەوەی خاكی كوردستان بكرێت و لەمەشدا پەنابردنە بەر دادگای فیدراڵ كە لەمەش خۆشبەختانە ڕایان هەبووە كەئەم ماددەیە زیندووە تا ئەو كاتەی جێبەجێ دەكرێت و دەسەڵاتی ناوەندی مولزەم و پابەندە بەوەی دەستووری عێراقی جێبەجێ بكات و لەقۆناغەكانی داهاتووشدا مەلەفی ئەم ماددەیە ببردرێتە دادگای لاهای و لەو دادگایەش سكاڵا لەسەر دەسەڵاتی بەغداد بكرێت كە دەستووری وڵاتەكەی جێبەجێ ناكات و بەڵگەكانی خۆمانیش لەوبارەیە بخرێتەڕوو و لەهەمانكاتدا پاڵپشت بەو بەڵگانە خواستەكانی گەلەكەمان لەو سنوورانە بخرێتە بەردەستی ئەو دادگایە كەئیمزای دانیشتوانی خاكی ئەبەدی كوردستانە كەلەمەشدا لەسنووری خۆمان خانەقین، كۆمەڵێك چالاكوان لەژێرناوی (لیژنەی خانەقین خاكی خوشەویستی و ئاشتەواییە) بەو پەڕی ماندوو نەبوون و رۆژ خستنە سەر شەو كۆڵان بەكۆڵان زیاتر لە 60 هەزار ئیمزایان لەخەڵكی ناوچەكەیان كۆكردۆتەوە كەئەمەش جێی سوپاس و پێزانینەو دەكرێت ئەم هەڵمەتە لەكەركوك و ناوچەكانی تریش بكرێت و وەكو بەڵگەیەكی مێژوویی و كارتێكی فشار بەدەست دەسەڵاتی هەرێم بێت و لەكاتی خۆی بەكاری بهێنێت.

عەباس مەحمود

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket