riklam

كۆتاییه‌كی شادمان

بیروڕا 11:19 AM - 2019-08-22
.

.

ئه‌مه‌ ناونیشانی چیرۆكێكی رۆمانسی یان فیلیمێكی هندی درێژ نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ شتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ له‌ ئه‌ده‌بی توركیدا له‌ زمانی نازم حیكمه‌ته‌وه‌ ده‌گێرنه‌وه‌ كه‌ ده‌یگوت ئه‌و كتێبانه‌م بۆ بنێرن كه‌ كۆتاییه‌كه‌یان شادمانی ‌و خۆشی مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ قسه‌ی سه‌رۆك ترامپه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند، پێشنیاز ده‌كه‌م سه‌رۆكی چین له‌گه‌ڵ تیمێكی نوێنه‌ری خۆپیشانده‌رانی هۆنگ كۆنگ دابنیشێ ‌و دیبه‌یتی هه‌بێ تا گفتوگۆ ‌و لێكگه‌یشتن به‌ره‌و كۆتاییه‌كی شادمانیان ده‌بات.
قسه‌كانی ترامپ بۆ رۆژنامه‌نووسان ڕاسته‌وخۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیی بوو، پێچه‌وانه‌ی عاده‌تی دایمه‌ ‌و ده‌رهه‌می كه‌ به‌ تویتی دره‌نگ شه‌و بازاری سبه‌ینێكانی ده‌شه‌مزان. ئه‌مجاره‌ تویتی كه‌ڵه‌شێری كه‌ ره‌مز ئه‌م سۆشیال میدیایه‌یه‌، له‌ شوێنێكی تر (كێشه‌ی) نایه‌وه‌.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ‌و حكومه‌تی ره‌سمی هونگ كۆنگیش ره‌خنه‌ی له‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ‌و خودی به‌ریتانیش گرت. واتا چین ‌و ماچین داوا له‌ (ئیستعماری) كۆن ‌و (ئیمپریالیزم) ی ئه‌مرۆ ده‌كه‌ن سوعبه‌تی وا له‌گه‌ڵ وڵاتی (ئه‌ژده‌های سوور) نه‌نوێنن كه‌ هنری كیسنجه‌ر كاتی خۆی وتویه‌تی: لێگه‌رێن با چین خه‌وتبێ.
به‌ڵام كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ی ترامپ له‌ تویته‌ر جاربه‌جار چینیش بێزار ده‌كات ‌و له‌ خه‌و هه‌ڵیده‌ستێنێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ وای نه‌كرد ‌و ڕاسته‌وخۆ له‌ میدیاوه‌ گوتی، چونكه‌ ده‌زانێ تویته‌ر له‌ چین نییه‌ ئه‌گه‌رچی ره‌خنه‌ له‌ تویته‌ر گیرا چونكه‌ پروپاگه‌نده‌ی چین له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی هۆنگ كۆنگ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی په‌كین رێگه‌ به‌ خزمه‌تگوزاری تویته‌ر بدات.
له‌م نێوانه‌دا حكومه‌تی به‌ریتانیا به‌ ئه‌عساب ساردی ئینگلیزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆسێی هۆنگ كۆنگ ده‌كات تا به‌ یه‌كجار ده‌ستی له‌و وڵاته‌ به‌ر نه‌بێ كه‌ ساڵی 1997 به‌ مه‌رج ته‌سلیمی چینی كردووه‌.
چین نموونه‌یه‌كی هه‌ڵكشاوی سه‌ركه‌وتنی ئابوورییه‌ كه‌ رۆژئاوا ته‌ماعی له‌ چانسه‌ ئابوورییه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام گیزه‌گیزی مۆدێلی دیموكراسیی (بوژوازی) جاربه‌جار له‌سه‌ر شێوه‌ی هۆنگ كۆنگی دێته‌ قسه‌ ‌و چینیش ئێستا به‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كه‌ی جاران نایه‌ژێ (پڵنگی كاغه‌زین).
له‌م نێوانه‌دا شتی واش هه‌ر ده‌قه‌ومێن كه‌ دیمه‌نی "ململانێ ‌و هاوكاری"، وه‌ك ئه‌ده‌بیاتی جارانی سیاسیی ده‌یگوت، ئه‌جولێنن بێ ئه‌وه‌ی تێكی بده‌ن. وه‌ك شێخ ره‌زا ده‌یگوت:
 لازمه‌ بۆ شێخ گورگانه‌ خه‌و
 تا بڵێن شێخ عابده‌، نانوێ به‌ شه‌و


PUKmedia له‌كوردستانی نوێ-وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket