مەلا بەختیار: پێویستە دژایەتی گەندەڵێ بكەین

مەلا بەختیار: پێویستە دژایەتی گەندەڵێ بكەین


8/8/2019 12:16:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

دەبێت بیر لەچۆنێتی دژایەتیكردنی گەندەڵی بكەینەوە‌و حزبەكانیش، لەحزبی رابردووەوە بێنە ئەم سەردەمە (پەیوەندی حزبە كوردستانییەكان، لەسەردەمی شۆڕشی پەیوەندییەكاندا)، ناونیشانی ئەو كۆڕەبوو كە ئێوارەی ئەمڕۆ (7/8/2019)‌و لەشۆڕش، لەلایەن رێكخراوی ئاگای نوێ‌، بۆ سیاسەتمەدارو رۆشنگەر مەلا بەختیار، رێكخرابوو. 

لەدەستپێكی بابەتی كۆڕەكەشیدا، مەلا بەختیار، خۆشحاڵی نیشاندا، كە لە شۆڕش‌و دەستە خوشكی چەمچەماڵە، یەكێك لەشارەكانی ئەنفال، لەگەڵ كەسوكار‌و شەهیدانی ئەنفالكراو كۆدەبمەوە، كە هێشتا خەمی قوڵی ئەنفال‌و ئەنفالكراوەكان بەزەقی بەرووخساری ژن و پیاو و گەنجەكانییەوە دیارە‌و هێشتا برینەكانیان ساڕێژ نەبووە‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە ئەنفال مان‌و نەمانی كوردی خستبووە لێواری كۆتایهاتن بەكورد‌و كوردستان. چونكە ئەنفال‌و پرۆسەكان ئەنفال، كیمیاباران، راگواستنی دێهاتەكان لەسەر دەستی بەعس بۆ ئەوەنەبوو كە جارێكی تر ئێمە بیر لەڕاپەڕین، هەڵبژاردن‌و پێكهێنانی حكومەت بكەینەوە! بەڵكو بۆ ئەوەبوو كورد هەتا هەتایە سەر بەرز نەكاتەوە‌و بەڕەچەڵەكماندا بچنە خوارەوە‌و وتی:

بەڵام ئێمە نەتەوەیەكین، وەكو گەنم واین هەتا زۆرترمان بهاڕن، گەشترو جوانتر دێینە دەرەوە. بۆیە لەئەنفال، كیمیاباران، راگواستن‌و ئەنفالدا، بەعس بەهەموو رقێكی شۆڤێنییەتەوە كوردیان هاڕی! بەڵام كورد مایەوە‌و بەعس نەما، ئەزمونەكەشمان مایەوە‌و سەرەڕای هەموو پیلانگێڕییەكان كە لەسەرمان بوو، یەكێتیش مایەوە‌و گەیاندمانە ریفراندۆم بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەدیبهێنین.

رونیشیكردەوە: ئەم دوو دۆخە، دۆخێك مان‌و نەمان دەكەوێتە غەرغەرەوە! دۆخێكیش هەموو دنیا دەهێنینە سەر ئەو رێگەیەی كە دەمانەوێ‌ ریفراندۆم بكەین بۆ سەربەخۆیی! بۆیە ئەم دوو دۆخە، ئەم دوو ئاراستە جیاوازو ناكۆكە، خۆی لەخۆیدا بەڵگەی ئەوەیە كە یەكەم: كورد میللەتێكی قارەمانە‌و دووەمیش، ئەوەیە: كور بەقوربانیدان توانیوێتی خۆی رابگرێت‌و سەركەوتن‌و پێشكەوتنی گەورەش بەدیبهێنێت‌و سێهەمیش، ئەوەیە: ئەم میللەتەی ئێمە واز لەچارەنوسی خۆی ناهێنێ‌‌و رۆژێك لەرۆژان هەر دەگاتە چارەنوسی خۆی.

هاوكات مەلا بەختیار، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد كە قۆناغی كوردایەتی ئەی رەقیب‌و شیعرە جوانەكانمان، بەجوانی بردە سەر، قۆناغی پێشمەرگایەتی‌و پارتیزانی‌و سەدان مامەڕیشە دروستكردن‌و جەزرەبە لەدوژمندان‌و دوژمن تێگەیاندن لەوەی نەتەوەیەكی ئازاین ئێمە، ئەوەشمان بردە سەر، كە كورد بەدرێژایی مێژوو ئازابووە. لەقوربانی بەخشین درێغی نەكردووە‌و ئێوەش بەشێك لەو قارەمانێتی‌و شەهید بەخشینەتان بەردەكەوێت‌و لەو چوارچێوەیەشدا، بەوردی ئاماژەی بەرۆڵ‌و قارەمانێتی پێشمەرگەكانی یەكێتی‌و خەڵكی سنورەكە كرد، كە لەسنورەكەدا تەنها یەكێتی هەبوو، كە دوژمنی هێنابووە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر ئەم هێزە سەربكەوێت، دەشتوانێ‌ كەركوك بهێنێتەوە سەر كوردستان‌و رایگەیاند:

ئێمە لەئازایەتی‌و قوربانی بەخشین، لەبەرگەگرتنی ماڵوێرانییەكان، لەكارەساتەكان هیچ درێغییەكمان نەكردووە، بەڵام ئەی سیاسەت؟ ئەی تێگەیشتن لەسەردەمەكە؟ ئەی تێگەیشتن لەگۆڕانكارییەكان؟ تێگەیشتن لەهاوكێشە نوێیەكان؟ تێگەیشتن لەوەی پێدەوترێت شۆڕشی پەیوەندییەكانی ئێستا؟ ئایا ئێستا، پێش جەنگی سارد، لەجەنگی سارد، جەنگی یەكەم‌و دووەم، ئایا لەهاوكێشە سیاسییەكان، نیوەی ئەوەی قارەمان بوین، نیوەی ئەوە لەسیاسەتی نێونەتەوەیی تێگەیشتبووین؟! نیوەی ئەوە لەپیلانی دوژمنەكان تێگەیشتبووین؟ بەرنامەی سەردارو سەركردەكانمان لەمێژوودا، لەئاستی رووداوەكانی سەردەمەكەی خۆیدا بوون لەسەدەی رابردوو؟ ئەگەر وایە شێخ مەحمود بۆ نەیتوانی لەگەمەكانی ئینگلیز سەر دەربكات‌و بەرنامەیەكی هەبێ‌ بتوانێ‌ ئینگلیز بكات بەپاڵپشتی خۆی؟! بۆ عەرەب توانی بیست دەوڵەت دابمەزرێنێ‌، بەڵام كورد نەیتوانی حوكمڕانی سلێمانیش بپارێزێ‌؟ بۆ؟

هەر لەدرێژەی ئەو بەشەی بابەتی كۆڕەكەیدا، ئاماژەی بە سمكۆی شەكاك، شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی ئاگری داغ‌و ئەزمونی حزبی خۆیبوون كردو وەك ئەزمونەكانی خەباتی نەتەوەیی، شرۆڤەی قۆناغ بەقۆناغی كرد، كە نەیانتوانیوە هەلەكان بقۆزنەوە‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە هەریەك لەو پرسیارە مێژووییانەی رووبەڕوی ئەو ئەزمونانەی دەكەیت، خەفەت‌و زوخاوی خۆی هەیە‌و وتی:

حوكمڕانی شێخ مەحمودمان كرد بەقوربانی، كە یەكێك لەهۆیەكانی، باش نەخوێندنەوەی باشی سیاسەتی نێودەوڵەتی بوو. كۆماری مەهابادیشمان كرد بەقوربانی، یەكێكیش لەهۆیەكانی باش نەخوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دوای جەنگی دووەم بوو. شۆڕشی ئەیلولیشمان كرد بەقوربانی‌و یەكێكیش لەهۆیەكانی باش نەخوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی جەنگی ساردو ناوەڕاستی جەنگی سارد بوو. شۆڕشی نوێ‌، راپەڕین، داگیركردنی كوەیت‌و ئێستاش رووداوەكان كە هەیە، دەتوانم بڵێم لەشۆڕشدا خوێندنەوەی زۆر باشمان نەبوو، بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەبەرئەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەوەنە تۆكمە داڕێژرابوو بۆ بەرژەوەندییەكان، بۆ نەوت لەنێوان خۆیاندا، مایەی ئەوەنەبوو، كە یەكێتی‌و پارتی، كە تاكە دوو هێز بووین لەوكاتەداو لەمەیدانەكە‌و پاشان حزبەكانی تر، بتوانین ئەو سیاسەتە پۆڵا رێژییەی بەرژوەندییەكانی جەمسەرەكانی ئەوكاتەی رۆژئاواو رۆژهەڵاتی دنیا بگەین!   

لەدرێژەی بابەتی كۆڕەكەیدا، مەلا بەختیار، پاشئەوەی جەختیشیكردەوە،  كاتێك شەنوكەوێكی سیاسەتی دنیا دەكەم، دەبینم یەكێك لەكەموكوڕییە گەورەكانی مێژووی سیاسەتی سەرداران‌و سەركردایەتی كورد، نەخوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە‌و رایگەیاند:

كە كوێت داگیر دەكرێت، خەڵك وادەزانێ‌ تەنها بەهۆی داگیركردنی عەسكەرییەوە، هاوكێشەكان گۆڕان! وانییە. بەڵكو هۆی سەرەكی گۆڕانكاری لەهاوكێشە سیاسییەكانی (1989- 1990) هۆیەكەی هەر ئەوەنییە كە كوەیت داگیركراوە، نەخێر! بەڵكو چانسمان هەبوو، چانسەكەشمان لەوەدابوو داگیركردنی كوەیت، كەوتە هاوزەمانی گۆڕینی سیستەمی جیهان، كە سیستەمی جەنگی سارد بوو.

وتیشی: كاتێك جەنگی سارد دەگۆڕێ‌، كوەیت داگیردەكرێ‌، رەهەندێكی تر لەسیاسەتی نێودەوڵەتی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ هاوكێشە تازەكان دێتە پێشەوە، لەلایەكەوە جەمسەرێك بەناوی جەمسەری رۆژهەڵات، بەسەركردایەتی یەكێتی سۆڤییەت، ئۆرۆپای رۆژهەڵات، هاوپەیمانێتی وارشۆ كۆتایی پێدێت. لەملاشەوە، رۆژئاوا بەهەموو هێزی خۆیەوە هەوڵدەدات كەنداو و وڵاتانی ناوچەكە دابین بكەن، هەتا بەرژەوەندییەكانی خۆیان بۆ سەد ساڵ دابین بكەن.

لەو روانگەیەشەوە، سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتی‌و بەرژەوەندیی نێونەتەوەیی خوێندەوەو هەموو ئەوانەشی لەچوارچێوەی شۆڕشی پەیوەندییەكان لەدنیادا پێناسە كرد. كە تەنها بڕیارێك‌و لەچركەیەكدا، دەتوانێ‌ هەرەس بەئابوری زەبەلاحەكانی دنیا بهێنێت‌و وتی: لەدوای داگیركردنی كوەیت، وردە وردە گۆڕانكارییەكانی ئێمەو تێگەیشتنی ئێمەش، بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و بەرژەوەندییەكانی ناوەندەكانی دەوڵەتە گەورەكان بۆ رۆژهەڵات‌و لەرۆژهەڵاتیشدا بۆ رۆژهەڵاتی نزیك، كە ئێمە لەرۆژهەڵاتی نزیكداین‌و بۆ ئەو دەوڵەتانەشی میللەتەكەمان لەناویاندا دەژین، ئێران، توركیا، عیراق‌و سوریا، بینیتان لەدوای ساڵی (1990)ەوە بڕیاری (688) دەردەچێت‌و ئیتر لەوكاتەوە كە (29) ساڵە میللەتەكەمان هەیە. ئەگەرچی لەوكاتەوە شەڕ لەدژمان دەكرێت، پیلانمان لێدەگێڕدرێت، عیراق‌و وڵاتان هێرش دەكەنە سەرمان، هەرماوین. ئەگەرچی لەرابردوودا ئاسان نەبوو بەرگەی یەكێك لەو رووداوانە بگرین، بەڵام ئێستا بەرگەی هەموو ئەو رووداوانە دەگرین! 

هاوكات پاشئەوەی روداوەكانی دوای سەرهەڵدانی داعش لەباشورو رۆژئاوای كوردستان‌و خۆڕاگریی میللەتەكەمانی وەبیرهێنایەوە‌و تیایدا ئاماژەی بەهاوپەیمانێتی نیودەوڵەتی‌و هاوكاریی‌و پشتیوانییەكانی بۆ پێشمەرگە لەباشورو شەڕەڤانانی لەرۆژئاوای كوردستان كرد، تیایدا تەئكیدیی كردەوە كە: ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئەوەندەی گۆڕانكارییەكان هاتونەتە پێشەوە، بەشێك لەكورد لەباشور و رۆژئاواو تاڕادەیەكیش لەباكور‌و خەریكە رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەكەوێتە ناو هاوكێشەكە، بەوەی گفتوگۆ دەستیپێكردووە‌و ئەمەش دڵخۆشكەرەیە‌و لایەنە ئیجابییەكانی خوێندنەوەی سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتییە‌و دەمێنێتەوە سەر پەیوەندی حزبەكانی كوردستان، لەم شۆڕشی پەیوەندییەدا،  كە ئایا لەئاستی پێویستدان؟‌و رایگەیاند:

هەلومەرجی بابەتی‌و گۆڕانكارییەكان، بەشێكی لەبەرژەوەندی كوردە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەكانیش پێماندەڵێت: كورد خۆتان ئامادە بكەن! وەكو جاران رۆژهەڵات‌و رۆژئاوای دنیا رێكناكەوێ‌ لەسەرتان، ناتانهاڕن! بەڵام بەداخێكی زۆرەوە، هێزە سیاسییەكان لەرۆژهەڵات، لەباكور، لەباشورو رۆژئاوای كوردستان، لەئاستی رووداوەكاندا نین‌و ئەمەشم لەساڵی (2016) لەكۆڕێكدا وتووەو هەر ئەوكاتەش وتم: ناوچە كێشە لەسەرەكان، مەترسی گەورەیان لەسەرە‌و دواتریش بینیمان چی روویدا!

مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە: ئێستا لەسەردەمێكدا ناژین تەنها سیاسەتی ئەمریكا، بەریتانیا، روسیا‌و چین بخوێنینەوە! چونكە لەوسەردەمەدا ناژین، ئەمە تەواو بووە كە بەدرشتی هەر سیاسەتی زلهێزەكان بخوێنینەوە‌و وتی:

ئێستا دەبێ‌ بیخوێنینەوە، كە دەڵێین پەیوەندی حزبەكان لەسەردەمی شۆڕشی زانیاریی‌و پەیوەندییەكاندا، دەبێ‌ وردی بكەینەوە، كە شۆڕشی زانیارییەكان‌و پەیوەندییەكان چی لەژیان، لەدنیاو سەردەمەكە، لەچینەكان، لەكۆمەڵەكان كردووە؟ سەرەنجامیش چی لەحزبەكان، لەرێكخراوەكان‌و تەنانەت چی لەتاكەكانیش دەكات، بەژن‌و پیاوەوە؟ دەبێ‌ هەموو ئەمانە بخوێنینەوە.

بازاڕی ئازادو ئۆنلاین‌و پەیوەندییەكانیان‌و گۆڕانكارییەكانی دنیا، بەشێكی تر بوو لەبابەتی كۆڕەكە، كە مەلا بەختیار، بەوردی شرۆڤەی پەیوندییە ئابورییەكانی كۆمپانیاكانی كوردستانی لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی دنیا كردو ئەوەیخستەڕوو، ئێستا سیاسەتی نێودەوڵەتی بەتەواوی گۆڕاوە‌و بەنمونەش كۆمپانیاكانی كوردستان‌و پەیوەندییە ئابورییەكان بەئۆنلاین بەستراونەتەوە بەكۆمپانیاكانی جیهانەوە، بەڵام لەكاتی شێخ مەحمودی نەمردا تەنها یەك سەرمایەدار نەبوو.

هاوكات لەو دیدەوە راشگەیاند:

گۆڕانكاری زۆر گەورەی ئابوریی بەڕێگەوەیە‌و خوێندنەوەی پەیوەندییەكانی ئێستا‌و سیاسەتی پەپوەندییەكانی ئێستا، خوێندنەوەیەكە كە وردەكاری زۆری تێدایە. بەڵام بەداخەوە ئەوە دەڵێم، كە: خۆم یەكێتیم و یەكێتیشم لەهەموو حیزبێك خۆشتر دەوێت، چارەنووسی یەكێتیشیم لەبیلیلەی چاوم ئازیزترو گرنگترە بۆم، بەڵام بەداخەوە نە یەكێتی و نە لایەنەكانی تر، خوێندنەوەیەكی وردمان بۆ زانیارییەكانی ئەم سەردەمەدا نییە،  ئەگەر هەمانە بۆچی بە (10) مانگ حكومەت پێكدەهێنین؟ تائێستاش نەمانتوانیوە وەكو پێویست جێگری سەرۆكی هەرێم ساغ بكەینەوە، بەڵكو متمانەی نێوان حزبەكان لەچاو (10) ساڵ لەمەوبەر هاتۆتە خوارەوە، بۆیە نەبونی پەیوەندی سیاسی لەنێوان حزبەكان وادەكات ستراتیجی هاوبەش نەبێت، ئەمەش وادەكات ئەم حزبانە ململانێ‌ بۆ چۆنییەتی خزمەتكردن، چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكان، چۆنییەتی چارەسەركردنی گەندەڵییەكان‌و چارەسەری دیموكراتی نەكەن‌و راشیگەیاند:

ئێستا هەموو حزبەكان بوون بە حزبی سوڵتەوی، واتە دەسەڵات بۆ خزمەتكردن بەكارناهێنین، بەڵكو هەموو كایەكان بەكاردێنین بۆئەوەی حزبەكان لەدەسەڵاتدا چەند پشكیان بەربكەوێت، واتە كایەكان بۆ خزمەتكردن‌و جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی كاتی هەڵبژاردن و كارنامەكان بەكارناهێنن.

جەختیشیكردەوە: ئەو پەیوەندییەی حزبەكان هەمانە، پەیوەندییەكەی لاوازە، ستراتیجێكی هاوبەش كۆمان ناكاتەوە! بەڵكو تەنها دەسەڵات كۆمان دەكاتەوە، ئەویش تەنها لەچوارچێوەی پەرلەمان و دەسەڵات كۆماندەكاتەوە. دوو فراكسیۆن لەكوردستاندا ڕێك نییە و دوو حزبیش لەنێوان خۆماندا، بەرنامەی هاوبەشمان بۆ حوكمڕانێتی نییە! ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە. بەتایبەتی كە لەم سەردەمەدا، وردەكای تێگەیشتن لەپەیوەندییەكانی سەردەم،  ئێجگار زۆرەو بۆ تێگەیشتنیش لەو گۆڕانكاریانە دەیان پسپۆڕی پێویستە تاكو سەری لێدەربكرێت. كە سەردەمی پەیوەندییەكانە، سەردەمی گۆڕانكارییەكانە، سەردەمێكە كە نە نەتەوە، نە كۆمەڵ، نە چینەكان، نە خێزان‌و نە تاكیش وەكو خۆیان ماون.

لەكۆتایی بابەتی كۆڕەكەشیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: 

لەم سەردەمەدا، كە باوك‌و برایەك، مێژووی خەبات‌و تێكۆشان‌و عەشیرەتیان جێگەی سەربەرزی بێ‌، نەتوانن بەئاسانی وەكو رابردوو ئیدرەی خێزانەكەیان بدەن، ئایا حزب چۆن دەتوانێ‌ بە ئەقڵییەتی كۆن ئیدارەی كۆمەڵ بدات؟ ئایا سەركردەكان چۆن دەتوانن، وەكو سەردەمی كۆن حوكمڕانی لەكوردستاندا بكەن؟ دەكرێ‌ بۆ ماوەیەكی كاتی خەڵك خەفە‌و سەركوێر بكەیت! بەڵام بۆ هەمیشە مەحاڵی مەحاڵەكانە. 

هەروەك سۆشیالمێدیای وەك بەشێك لەزادەی شۆڕشی پەیوەندییەكان پێناسە كردو رونیكردەوە كە ناكرێ‌ شۆڕشی پەیوەندییەكان هەموو دنیا بخاتە ژێر كاریگەری خۆیەوە، بەبێئەوەی ئامێرەكان‌و داهێنراوەكان بخاتە ناومانەوە‌و وتی: ئەگەر هیچ كام لەو داهێنراوانە نەبوایە ئەوا هەرگیز شۆڕشی پەیوەندییەكان دروست نەدەبوو‌و جەختیشیكردەوە:

هەموو ئەو داهێنراوانە، ئامێرەكان، تەكنیك‌و تەكنەلۆژیاكانی سەردەم، هەموویان سەرەنجامی قوڵی گەشەكردنی سەرمایەداری، ئازادی، دیموكراسی‌و جیهانگیرییە، كە هەموو ئەوانەش زەرورەتی قۆناغەكە سەپاندوونی بەسەر تاكۆ‌و كۆی كۆمەڵ‌و ناتوانین لەژێر كاریگەرییەكەی بێینە دەرەوە.  

ئەوەشیخستەڕوو، كە كێشەی ئێمە لەگەڵ شۆڕشی پەیوەندییەكاندا ئەوەیە، كە حزبەكان، رێكخراوەكان، كۆمەڵەكان‌و چینەكان‌و تاكەكانی ئۆرۆپا بەگەشەكردنێكی سروشتی هاتونەتە ناو شۆڕشی پەیوەندییەكانەوە‌و رایگەیاند:

بەڵام كورد لەئەنفال‌و كیمیابارانەوە، لەمان‌و نەمانەوە هاتین‌و لەپڕ چاومان كردەوە ئازادین‌و، هەموو ئەمانەش كێشەی جۆراوجۆری بۆ دروست كردووین، حزبە سیاسییەكانیش تا ئێستا لەناو شۆڕشی پەیوەندییەكاندا، لەئاستی ئەم گۆڕانكارییانەدا نین، بۆیە نەسیستمەكەمان‌و نەحوكمڕانییەكەمان، ناتوانێ‌ بەرگەی پەیوەندییەكان بگرێت‌و ئۆنلاین بتوانێ‌ لەگەڵ هاووڵاتی كار بكات‌و سیستەمی كۆمپیوتەری بخاتە ناو هەموو داوودەزگاكانیی. 

وتیشی: كە حكومەت توشی قەیران‌و سیستمی پاشكەوتی مووچە بوو، سیستمی بایۆمەتری هێنا بۆ ڕێكخستنی موچەی فەرمانبەران، بەڵام بینیتان چ كێشەیەك دروستبوو بەتایبەتی ئەوانەی بەئەملاو ئەولا پارەی زۆریان دەستدەكەوت، مەگەر خواو حكومەت بزانێت چی پارەی تەزویركراو و دزراو لەناو ئەم حكومەتەدا ئاشكرا كراوە لەناو ئەم حكومەتی ئێمەدا، كە بەدەیان هەزار موچەی زیادە خوراوە.

جەختیشیكردەوە: ئەم حزبانەی ئێمە، راستە یارمەیتمان دەدات، راستە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەو مەترسییەی نییە وەكو جاری جاران، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە دەوڵەتەكان نەیەن، لەناومان بەرن‌و گۆڕانكارییەكانی كە ئێستا هەیە، لێی تێنەگەین‌و بەرنامەمان بۆی نەبێ‌، ئەگەر حزبەكان ستراتیجی تازە لەنێوانماندا نەبێ‌‌و ئەو حزبانە بەم ستراتیجە تازەیە حوكمڕانی نەكەن‌و حوكمڕانییەكە لەحوكمڕانییەكی دە ساڵ‌و پانزە ساڵ‌و بیست ساڵ لەمەوبەرەوە نەگوازنەوە بۆ حوكمڕانی ئەم سەردەمە، بۆ ناو گۆڕانكارییەكان‌و پەیوەندییەكانی ئەم سەردەمە، مانای ئەوەنییە توشی كێشە نابین، هیچ بەدووری مەزانن ئەگەر پەرلەمان و حكومەت‌و سیستەم‌و دامودەزگاكانمان خۆیان سەراپا نەگۆڕن‌و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا خۆیان نەگونجێنن، كێشەكان چارەسەر نەكەن‌و دژایەتی گەندەڵی نەكات بەئەركی سەرەكی خۆی، مشەخۆری لانەبات‌و خەڵك رازی نەكات‌و لەقۆناغی دامەزراندنەوە، نەگوازێتەوە بۆ قۆناغی سۆسیال‌و دادپەروەری، هیچ بەدووری مەزانن، كێشەكان وردە وردە كەڵەكەببن‌و بەجۆرێكی تر كێشەكان لەكوردستاندا‌و لەڕووی ئەم حكومەتە بتەقنەوە! بۆیە ئەركی حیزبەكانە پێشئەوەی حكومەت بیر لەبەرنامەو ستراتیجی تازەی خۆی بكاتەوە، ئەركیانە ناكۆكییە لاوەكییەكان بخەنە لاوەو لەڕێگەی پسپۆڕەكانەوە كێشەكانی عەقڵییەتی حزبایەتی دەسەڵاتخوازی كەمبكەینەوەو چارەسەری سیاسی لەنێو خۆماندا لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانكارییەكانی ئەم سەردەمە چارەسەری سیاسی زۆرتر بدۆزینەوە، پشت بەئابوری سەردەم، تەكنیكی سەردەم، ئاسایشی سەردەم، راگەیاندن‌و میدیای سەردەم، فەلەسەفەی نوێی پەروەردەی‌و زانكۆكان ببەستین. هەموو ئەمانە لەبری ئەوەی بیر لەوە بكەینەوە چەند نەوت دەبەین‌و چەند نەوت نابەین‌و چەند دەدزرێ‌‌و چەند نادزرێ‌، تەنها ئەمە خەمی سەرەكی حكومەتەكەمان بێ‌، بەڵكو پشت بەوە ببەستین كە بودجەی زانكۆكان، وەزارەتی پەروەردە، بە دەیان لەمەی ئێستا زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی ئەقڵی گەورە پەروەردە بكرێت. 

هاوكات لەگەڵ ئەوەی بەداتا ئاماژەی بەگەندەڵییەكانی عیراق‌و ئەوكاربەدەستانە كرد كە بەدزییەوە تێوەگلاون، رونیكردەوە: ئەم عیراقە خۆی نەگۆڕێت‌و ئەم گەندەڵییە چارەسەر نەكات‌و ئابورییەكەی نەخاتە خزمەتی چارەسەری كێشەكان‌و دابینكردنی پێداویستییەكان‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و دادپەروەری، ئەوا ئەو عیراقە، تووشی فەوزایەك دەبێ‌، هەرگیز ئەوسەری نادۆزیتەوەو لەجەزائیرو سودان خراپتر دەبێت‌و بێگومان كوردستانیش لەو دۆخە بەدەر نابێت، ئەگەر فریای خۆمان نەكەوین‌و رایگەیاند: چونكە ئەوە نەماوە حزب بتوانێت بەكۆمەڵ بڕیاربدەین‌و بارودۆخەكە دابین بكەین، بەڵام ئێستا حزب، حزبەكەی خۆی بەئاسانی پێ‌ كۆنتڕۆڵ ناكرێت. بەڵكو دەبێ‌ ئێستا ئەوەنەی بیر لەكۆنترۆڵی حزبی دەكەینەوە، دەبێ‌ بیر لەچۆنێتی چارەسەركردنی كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابوری، كێشەی تاك، خوێندن، دامەزراندن، كێشەی چۆنێتی دژایەتیكردنی گەندەڵی بكەینەوە‌و دەبێ‌ حزبەكان، لەحزبی رابردووەوە بێنە ئەم سەردەمە، ئەقڵییەت‌و چارەسەكان بێنە ئەم سەردەمە‌و ئەركەكانیشمان ئەركی جیاوازن. چونكە چیمان لەم میللەتە دەوێت لەوە زیاتر كە بۆی كردووین، گوناهێكی گەورەیە لەئەقڵی رابردووەوە نەگوازینەوە بۆ ئەقڵی ئەم سەردەمەو حزبەكانمان لەنێوان خۆماندا رێكنەكەوین. دەبێ‌ رێكبكەوین، بەڵام نەك لەسەر بنەمای ئەوەی كاممان زۆرترین دەسەڵات‌و پلەو پایەمان هەبێ‌! بەڵكو لەسەر ئەوەی كاممان باشترین تێگەیشتنمان بۆ سەردەمەكە دەبێ‌. باشترین چارەسەرمان بۆ كێشەكان سەردەمەكە دەبێ‌.   

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە 10 بۆ 15 ساڵی ئایندەدا ئەگەر ئەم حزبانە و حكومەت خەریكی بەرنامەی هاوچەرخ بن، كوردستان لەدوبەی و ئیمارات باشتر دەچێتە پێشەوە‌و راشیگەیاند:من ئیشم ئەوەنییە، ببم بەپاشكۆی تێگەیشتن، بەڵكو ئیشم ئەوەیە پاشكۆكانی تێگەیشتن بگۆڕم! ئەقڵ لەدواكەوتن بهێنینە ئەم سەردەمە، لەكۆنەپەرستییەوە بۆ پێشكەوتن، لەتێگەیشتنی رواڵەتی دیموكراسییەوە بۆ گەوهەری دیموكراسی‌و ژیانی مەدەنی. من ئەمانەتێكی مێژوویم لەسەر شانە‌و قەناعەت‌و خوێندنەویەكی مێژوویم لەسەر شانە بۆ رووداوەكانی كە ئێستا هەیە، لەبەر هیچ هۆیەك قەناعەت‌و خوێندنەوەی مێژووی خۆم، بۆ دیاردەكان، رودواوەكان‌و هاوكێشەكان فەرامۆش ناكەم! نایكەم بەكاردانەوەو قوربانی هەڕەشەی ئەم لێپرسراو و ئەو لێپرسراو. چونكە هەڕەشەو گوڕەشە، حكومەتە زلهێزەكانی دنیا بۆیان ناچێتەسەر. ئەوەی دەبێ‌ لێی تێبگەین، ئەوەیە كە هەڵەكانمان بزانین‌و چارەسەری بكەین. 

 

PUKmedia تایبەت 

444.jpg

وێنە هەواڵ
  • image04
  • نوێترین دەركەوتنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

  • image04
  • فڕۆكه‌یه‌كی سوپای چیلی به‌ 38 سه‌رنشینه‌وه‌ ونبوو

  • image04
  • كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان ده‌ستیپێكرد

  • image04
  • بەفربارین حاجی ئۆمەران سپی پۆشدەكات

  • image04
  • پێشمەرگە شەهیدەكانی گەرمیان

  • image04
  • میسی بۆ جاری شه‌شه‌م باڵۆن دۆڕی برده‌وه‌

  • image04
  • سێ كارمه‌ندی ئاسایشی گه‌رمیان شه‌هیدبوون

  • image04
  • به‌غدا.. خۆپیشانده‌ران بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاهه‌نگ ده‌گێڕن


                                           

كۆمیتەی بەریتانیا كەرتی بۆلتۆن بەسەردەكاتەوە


وەفدێكی كۆمیتەی بەریتانیا سەردانی شاری بۆڵتۆنیان كرد و لەگەڵ كەرتی شارەكە كۆبوونەوە.

رۆژی 15-12-2019 وەفدێكی كۆ...


  کوردانی فەرە نسا بەردەوامن لە پشتگیری رۆژئاوا
  هۆڵەندا.. لە یادی ژەنەراڵی پایزدا فیلمێك نمایشدەكرێت
                                           

لاهور شێخ جه‌نگی: بۆ كۆنگره‌ له‌گه‌ڵ لێكتێگه‌یشتندام


لاهور شێخ جه‌نگی له‌چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ئاژانس رایگه‌یاندوه‌، بۆ كۆنگره‌ دژی ته‌وافوقم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ لێكتێگه‌یشتندام
 
لاهور ش...


  عومەر شێخ موس: سەركردایەتیی كورد لەسیاسەت تێ نەگەیشتووە
  حاجی مەسیفی: بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك چیتر سەبرمان نەماوە
                                           

عه‌فرین.. تائێستا توركیا 150 هه‌زار دار زه‌یتوونی له‌ناو بردووه‌

جارێكی دیكه‌ تاڵان وبڕۆیی به‌رهه‌می زه‌یتونی جوتیارانی شاری عه‌فرین دێته‌وه‌ سه‌ر باس، به‌رپرسه‌ دیاره‌...


  سه‌رشۆڕێكی داعش له‌به‌رده‌م سه‌ری به‌رزی كچه‌ ئێزیدییه‌كدا
  روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا نیگه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌


کاریکاتێر