riklam

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بڕیاریدا

کوردستان 05:50 PM - 2019-08-07
.

.

ئەنجومەنی وەزیران لەكۆبوونەوەی خۆیدا چەند پرسێكی تاووتوێ كردو بڕیاریشدا مووچەی زیاتر لە 13 هەزار كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت بگەڕێندرێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیران كە وێنەیەكی گەیشتوەتە PUKmedia، ئەمڕۆ 7ی8ی 2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرۆكایەتی مەسرو بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو چەند بڕیارێكیشی دەركرد

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە: ئەنجومەنی وەزیران لەچوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی ماددەی 140، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی دەكرد بۆئەوەی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوون و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت بۆ دانانی رێكارەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی.

دەشڵێت: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، گفتوگۆشی لەبارەی داڕشتنی میكانیزمێكی پێویست كرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی هەشتەم لە بەشی چاكسازی لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت، تایبەت بە چاكسازی لە سیستەمی باج، بەجۆرێك دادپەروەریی لە وەرگرتنی باج هەببێت، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا هاتووە: ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر گرنگی باجدان كردەوە، كە پێویستە هەموو ئەو لایەن و كەس و كۆمپانیایانەی قەرزداری حكومەتن و ئەو باجانەی لەسەریانە، بەشێوەیەكی یاسایی بدەن، هەروەها پێویستە باجەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەڕووی یاسایی و كارگێڕییەوە رێكبخرێنەوە، بە شێوەیەك دادپەروەری لەباجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاك لەبەرچاو بگیرێت، رێگەش بگیرێت لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ئەو یاسایانەش هەموار بكرێنەوە كە لەوبارەیەوە رێگرن.

رونیشیكردوەتەوە: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەچوارچێوەی پێداچوونەوەش بەلیستی ئەو كەسانەی بە ناوی كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت تۆماركراون و سودمەندبوون لەتۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، بڕیاریدا هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، مووچەی زیاتر لە 13 هەزار كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت بگەڕێندرێتەوە.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket