riklam

ئەنجومەنی باڵای خانمان: هێشتا چارەنووسی سەدان كچ و ژن نادیارە

ژنان‌ 04:21 PM - 2019-08-03
.

.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی 8ی ئابەوە ( رۆژی كۆمەڵكوژی و جینوێسایدی كوردانی ئێزیدی) پەیامێك بڵاودەكاتەوە.


دەقی پەیامەكە...


3/8 رۆژێكی شەرمهێنەر بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی..!
تا ئێستاش مەترسی سەرهەڵدانەوەی هەیە ؟

پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆمەڵكوژیی و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی كە تیایدا هەزاران هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی بە تایبەتی كچان و ژنان و منداڵان, رووبەڕووی قێزەوەنترین شێوازەكانی توندوتیژی سێكسی و دەروونی بوونەوە، هێشتا چارەنووسی سەدان كچ و ژن نادیارە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسیارن لە دۆزینەوەیان، پێویستە حكومەتی عێراقی فێدڕاڵ داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات بۆ دۆزینەوەی كچان و ژنانی رفێندراو پاڵپشت بە بڕیاری كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەوەكان لە 19/6/2015 كە رۆژی 19ی حوزەیرانی كردە رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێكسی لە كاتی ململانیەكاندا, ئەم بڕیارە گشت وڵاتانی ئەندام و چاودێر لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەگرێتەوەو لە هەمان كاتدا پابەندیان دەكات لە  بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی و چارەسەرییە دەروونی و تەندروستی و یاساییەكانی رفێندراوان و بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و بە سزا گەیاندنی تاوانباران و هاوكارانیان.

لە كارەساتی شاڵاوی دڕندانەی داعش بە تایبەتی لە ناوچەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا و دەوروبەری كەركووك و ناوچەكەكانی تر، ژنان و كچان رووبەڕووی توندوتیژی سەخت بوونەوەو وەك ئامرازی شەڕ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بەكارهێندران لە دەستدرێژیی سێكسی و كڕین و فرۆشتن و بەكۆیلەكردن و ئازاردانی دیكەی جەستەییان بەرامبەر ئەنجامدرا. بەڵام تائیستا هەوڵێكی جدی نابینین لە هەنگاونان بۆ دانانی بەرنامەو پلانی خێرا بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا و كۆتایی هێنان بە ژیانی سەختی نێو كەمپەكان كە بە داخەوە دوای ئەو هەموو چەوسانەوەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان كراوە و دوای پێنج ساڵ هێشتا بە ناچاری لە ژیانێكی سەخت و دژواردا دەژین لە كاتێكدا پێویستیان بە ماڵیكی ئارام و شایستەیە بۆ ڕزگاربونیان لەو شۆكە دەروونییەی تووشیان بووە .

هەر لە سەرەتاوە، لەلایەن دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم و رێكخراوە ناحكومییەكانەوە، هەوڵی بەپەلە كەوتە كار بۆ رزگاركردنی ڕفێندراوان و دابینكردنی پێداویستیە سەرەتاییەكانی رزگاربووان، لەم هەوڵەشدا رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و گەڵێك ناوەندی نێودەوڵەتی هاوكاربوون. بەڵام بەداخەوە هێشتا زۆر ماوە بكرێت .

هەر لەم بۆنەیەدا جارێكی تر جەخت لە سەر بەرپرسیاریەتی حكومەتی عێراقی فیدراڵ دەكەینەوە و روودەكەینە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و گشت ناوەندە نێودەوڵەتەكانی دیكەو گشت مرۆڤدۆستان و داوایان لێدەكەین ئەركی مرۆڤانەیان لە ئاست ئەو خانمانە پەرەپێبدەن و هاوكارمان بن لە بەرنامەو پرۆژەكانی تایبەت بە كچانی ژێر دەست و رزگاربووی دەستی داعش, لە هەمانكاتدا وێڕای پیرۆزباییمان لە میری نوێی ئێزیدیان دواكارین گوشارو دواكارییەكانیان زیادبكەن بۆ بە دەنگەوەهاتنی ناوەندە فەرمی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەرانەوەی خێزانەكان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووكردنەوەیان و دامەزراندنی سەنتەری تایبەتمەند بە چارەسەری دەروونی و تەندروستی و ..هتد.. و رزگاركردنی كچان و ژنانی رفێنراو.   

هەر لێرەوە دەستخۆشی لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین بە ناساندنی رۆژی 3 ی ئاب وەكو رۆژی جینۆسایدی ئێزیدیەكان. 

لە كۆتاییدا دووپاتی دەكەینەوە كە دەستدرێژیی سێكسی و بە ئامانجكردنی ئافرەت لە كاتی ململانێكاندا، گشت كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەپێكێت، گشت بەها بەرزەكان پێشێل دەكات، بۆیە پێویستە بۆ وەدیهێنانی جیهانێكی ئارام و جوانتر هەموومان پێكەوە بەرەنگاری گشت شێوازەكانی توندوتیژیی ببینەوە.


ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان


PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket