riklam

كورد و هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك

بیروڕا 02:09 PM - 2019-08-03
.

.

پاش چه‌ندین جار دانیشتن و پشتگوێ خستن , سه‌ره‌نجام ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق , سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ساڵی  داهاتووی دیاریكرد بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌, كه‌ركوكیش كه‌ به‌ده‌ر له‌پارێزگاكانی دیكه‌ نزیكه‌ی 15 ساڵه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بێ به‌شكراوه‌ ئه‌گه‌ر بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی شاره‌كه‌ مه‌به‌ست و نه‌ستی ده‌روونییان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و زیادكردنی كورسی و پله‌و پۆستی زۆرتر و زیاتر بێ ! ئه‌وا بۆ كورد پرۆسه‌یه‌كی حه‌یاتییه‌ بۆ پارێزگارییكردن له‌به‌شێك له‌ جه‌سته‌ و نه‌خشه‌ی خاك و مێژو  و شوناسی نه‌ته‌وه‌.

پرسیار گه‌لێك خۆی له‌دۆخی جه‌نجاڵی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ كه‌ركوك ده‌گوزه‌رێت دروست ده‌بێ به‌وه‌ی ئایا كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی  خاوه‌ن قه‌زیه‌ نه‌ك وه‌كو كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی ده‌نگده‌ری  چه‌ند حزبێكی جیاوازی  ئایدۆلۆژیا جیاجیا ده‌توانێت به‌ زاكیره‌یه‌كی ریفرێشكراوه‌وه‌ بچێته‌ هه‌لًبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی هیچ روداوێك لانی كه‌م له‌م دوو سێ ساڵه‌ی رابردوودا له‌ كه‌ركوك رووینه‌دابێ و پرسی یه‌كهه‌ڵوێستیی و یه‌كده‌نگیی له‌لا گرنگ بێ؟ . ئایا ده‌توانێ له‌ پێناوی له‌ده‌ستنه‌دانی كه‌ ركوك , كێشه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی گشت ئه‌و قه‌یران و ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ی كه‌  به‌هۆی ئه‌و ئه‌حداسه‌ی به‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناسراوه‌  وه‌لابنێت و ده‌مه‌ ده‌مێ له‌سه‌به‌ب و هۆكاری دروست بوونی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ نه‌كات كه‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ریان دروستكرد ؟ ئایا گوێنه‌دان به‌زبانزبریی و ته‌شهیكردن و ناشرینكردنی یه‌كتر  له‌مپه‌ردروستكردن نییه‌  له‌به‌رده‌م كاروانی ده‌نگده‌ری كورد بۆ چوونه‌ سه‌رسندوقه‌كانی ده‌نگدان ؟    كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی  ئه‌و شاره‌دا  سه‌نگ و قورسایی خۆی نه‌پارێزێ  كێ باجی راسته‌قینه‌كه‌ی ده‌دا ؟ ئایا گه‌وره‌كان و بریاربه‌ده‌ستانی ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه‌ چ پلان و ستراتیژێكیان ئاماده‌كردوه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی  شه‌رانگێزیی ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیین وكێشه‌ی ناساندنی شوناسییان نییه‌  ,  چیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ پێشخستن و گه‌شه‌پێكردنی هزری هاونیشتمانیی وهاولاَتیی بوون و به‌مه‌ده‌نییكردنی كۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌ جۆرێك  پێناسه‌ی  فه‌لسه‌فه‌ی   سه‌حوه‌ی قه‌ومی به‌ گوێی پێكهاته‌ ونه‌ته‌وه‌كانی نێو خاكی كوردستان به‌گشتی و شاری  كه‌ركوك به‌تایبه‌تی بدات به‌وه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌  بریتیه‌ له‌  یه‌كسانیی  بوونی هاولاَتی له‌ ماف و ئه‌ركدا, هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ی كورد زۆرمان ماوه‌ بگه‌ینه‌ قۆناغی سه‌حوه‌ی قه‌ومی و ئه‌ویش به‌هۆی  نه‌گه‌یشنمان به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌  له‌سه‌ره‌تاكانی رێنسانسداین , به‌لاَم خۆ  یه‌ كێك له‌ دوو پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌ی دیكه‌ی شاری كه‌ركوك كه‌ توركمانه‌, له‌ ریزبه‌ندی دواوه‌ی دوای ئێمه‌ن و شه‌ری شوناس ده‌كه‌ن , كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر كورد له‌ پێشه‌وه‌ی كاروانی رێنسانس بێ ئه‌وا توركمان له‌ دواوه‌ی كاروانه‌كه‌وه‌ن , هه‌روه‌ك توركمانی شاری كه‌ركوك به‌ رێژه‌ی سه‌دیش بێ له‌ عه‌ره‌ب زیاتر تێكه‌ڵیی له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌و موعاناتانه‌ هه‌بووه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردی كه‌ركوك به‌هۆی كوردبوونیه‌وه‌  جه‌شتیویه‌تی له‌سه‌رده‌مانی رابردوودا و به‌ ئێستاشه‌وه‌  , به‌لاَم  جیاوازییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گریش هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵپه‌ی  توركمان بۆ وه‌رگرتنی پۆست له‌ شاری كه‌ركوكدا بۆ پاراستنی شوناسه‌,  بۆ كوردی شاره‌كه‌ش  بۆ مێژو و  خاك  و شوناسه‌,  بۆیه‌ له‌ نێو سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی شاری كه‌ركوك كه‌ بریتین له‌ كورد و توركمان و عه‌ره‌ب , دوو پێكهاته‌یان له‌ قۆناغی رێنسانسدان به‌ پله‌ی جیا ئه‌وی تر له‌ قۆناغی سه‌حوه‌ی قه‌ومیدایه‌ ,قۆناغی ململانێكه‌ی ئه‌وان وه‌ك عه‌ره‌ب له‌ نێو جیهانی عه‌ره‌بیدا  زۆر له‌ ململانێكه‌ی كورد و توركمان جیاواز تره‌ .   كه‌واته‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كورد و توركمانی كه‌ركوك خاڵی هاوبه‌شیان زیاتره‌ و توركمانیش  ده‌توانێت به‌ دژایه‌تیینه‌كردنی مێژوو   له‌باره‌ی كوردستانیی بوونی كه‌ركوك  ده‌ستله‌ناوده‌ستی كوردی كه‌ركودا بنێت و له‌و رێیه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانیان بن و هاوته‌ریبیش له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی ره‌سه‌نی شاره‌كه‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌دا خزمه‌تی هاونیشتمانیان بكه‌ن. 

 رووداوه‌كانی دوو سێ ساڵی رابردوو واقعێكی  حاڵی وه‌های به‌سه‌ر بریاربه‌ده‌ستدانی كورددا سه‌پاندوه‌ كه‌ دۆخی كه‌ركوك هیچ جۆره‌ هه‌ڵه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بچوكیش بێ قبوڵ ناكات , خۆ لا دانیش له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ بریاره‌ له‌  مانگی نیسانی داهاتوودا بكرێت, بۆ پاراستنی خاك و شوناس و مێژوو  و كه‌رامه‌تی كورد به‌ گشتی و كوردی كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی, جگه‌ له‌ یه‌كریزیی و یه‌ك خیتابی سیاسیی, له‌هیچ شتێكی تردا نییه‌, ئه‌گه‌ر له‌نێو خۆماندا یه‌كنه‌بین , پشتگرتنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و نه‌ته‌وه‌  جگه‌ له‌ زیانی جه‌رگ برٍ هیچی تر  نییه‌ بۆ كورد.

 

PUKmedia  مه‌ریوان عه‌لی محه‌مه‌د

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket