riklam

شه‌نگال.. پێنج ساڵ له‌ زامی به‌سوێ

ریپۆرتاژ‌ 09:38 AM - 2019-08-03
.

.

رۆژی 3-8-2014 تیرۆرستانی داعش هێرشیان كردەسەر قەزای شەنگال. دوای روبەڕووبونەوەش لەنێوان تیرۆرستان و بەشێك لە پێشمەرگەكانی ئەو قەزایە، بەڵام قەزاكە لەلایەن داعشەوە داگیركرا.

دواتر بەشێك لە هاووڵاتیانی ناوچەكە كە زۆرینەیان ئێزیدی بوون، لە ترسی كارە قێزەونەكانی تیرۆرستان بەرەو چیای شەنگال هەڵهاتن و بەشێكی تریشیان كەوتنە دەست تیرۆرستانی داعش، ئەوانیش بە دڕەندەترین شێوە پیاوەكانیان شەهید دەكردو كچ و ژنە ئێزیدییەكانیشیان دەكردە سەبایاو بازرگانی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكردن و دەیانبردن بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندا بوو لە سوریاو عیراق، بەشێكی تریش لەو كچ و ژنانە كرانە دیاری بۆ سەركردەو ئەمیرەكانی داعش.


داوای بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی و نیشتمانی كرا
دوای رووداوی داگیركردنی شەنگال و قەتڵوعامی ئێزیدییەكان، میر تەحسین سەعید میری ئێزدیان لە عیراق و جیهان لە بەیاننامەیەكدا داوای هاوكاری بۆ ئێزدییەكانی قەزای شەنگال و ناوچەكانی سەر بەو قەزایە كرد، تێیدا داوای لە مەسعود بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان بوو، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق، سەرۆكی حكومەتی فیداڵی و ئەنجومەنی نوێنەران، پەرلەمانی كوردستان كە ئەوكات لەكاردا بوو، كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و بان كی مۆن سكرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان، باراك ئۆباما سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم رێكخراو و دەستە نێودەوڵەتیەكان كرد، كە یارمەتی و هاوكاری هاووڵاتیانی قەزای شەنگال و ناوچەكانی سەر بەو قەزایەو ناحیەو گوندەكانی ئەو ناوچەیە بكەن، داوای لێكردن بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی و نیشتمانی بەرامبەریان بنوێنن و هاوكاری ئەو هاووڵاتیانە بكەن بۆ رزگاركردنیان لەو باردۆخە نالەبارەی تێیدا دەژین. ئاماژەی بەوەش كردبوو كە لای هەمووان ئاشكرایە بنەمای ئایینی ئێزدی ئاشتییەو سەرجەم پرەنسیپەكانی پاراستن و مافی مرۆڤی تێدایەو رێزگرتنە لە هەموو ئاینەكانی جیهان، لەهیچ كاتێكیشدا دژی هیچ لایەنێك و مەزهەبێك نەبووە، كاتی ئەوەیە بە لایەنێكی مرۆڤایەتی گەورەوە لەگەڵ براكانتان لە موسڵ و تەلەعفەر بجوڵێنەوەو لەمڕۆدا براكانتان پێویستیان بە هاوكاری ئێوەیە.

هەزاران ژن و منداڵ و پیر لە چیای شەنگال بەبێ نان و ئاو بوون
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە ئەوكات لەكاردابوو، راگەیەنراوێكی بەپەلەی‌ ئاڕاستەی‌ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەكان و رای گشتی جیهانی كرد، تێیدا هاتبوو، دوابەدوای هێرشەكە بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری، كوردانی ئێزیدی لەو ناوچەیە روبەڕووی شاڵاوێكی تیرۆرستی بەرفراوان بونەتەوەو بە دۆخێكی ئێجگار مەترسیدار تێدەپەڕن، هەزاران ژن و منداڵ و پیر لە چیای شەنگال بەبێ خواردن و ئاو ماونەتەوەو لەلایەن هێزە تیرۆرستیەكانەوە گەمارۆ دراون و هەزارانیشیان ئاوارەی شارو شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان بوون، لەبەرئەوەی داعش لەو ناوچانە تاوانەكانی كوشتنی بەكۆمەڵ، دەستدرێژی، بەزۆر گۆڕینی ئایین و تەقاندنەوەی پەرستگاكان ئەنجام دەدات، بۆیە ئەوەی لە شەنگال روودەدات بەپێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان كارەساتێكی مرۆییەو پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

برسی و تینو بوون و بە دۆشكە گوللـەباران دەكران
ئەحمەد شەنگالی‌ كە یەكێكبوو لە خانەوادە گیرخواردووەكانی ئەوكات رایگەیاند، ئێمە نزیكەی‌ 100 كەس لە شێخ قوڕەیش و تەیرەف كە سەر بە قەزای شەنگالین گیرمان خواردووەو داعش گەمارۆی‌ داوین، برسی و تینوین، داوای لە حكومەتی‌ هەرێم و هێزەكانی‌ پێشمەرگە كرد رزگاریان بكەن لەو شوێنە چونكە مەترسی‌ كۆمەڵكوژیان لەسەرە.

گەنجێكی تری قەزای شەنگال رایگەیاندبوو، چەكدارانی داعش دەستیان بە كوشتنی ئێزیدیەكان كردو هاووڵاتیان دەگرن و داوایان لێدەكەن موسوڵمان ببن، ئەگەر كەسێك بەدەم داواكەشیانەوە نەچێت بە دۆشكە گوللـەبارانی دەكەن.

داعش كۆمەڵكوژی ئەنجامدا
داعش لەگەڵ داگیركردنی قەزای شەنگال و دەوروبەری دەستیكرد بە كۆمەڵكوژی و چەندین هاووڵاتی مەدەنی ئەو ناوچەیەیان شەهید كرد.

بە فڕۆكە خواردن و فریاگوزاری گەیەنرایە ئاوارەكانی چیای شەنگال
بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی لە چیای شەنگال و خراپی گوزەرانیان، لە فڕۆكەخانەی‌ بەغداوە سەرەتا ئاو و بەتانیان بۆ چوو، لە هەرێمی كوردستانیشەوە خواردن و كەلوپەل.

ئێزیدیەكانیان سەردەبڕی
داعش لە گوندێكی ئێزدی 80 هاووڵاتی ئێزدیان سەربڕی بە چەند ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر هەڵیانكوتابووە سەر گوندێك و دوایان لێكردوون ببنە مسوڵمان، بەڵام ئەوان داواكەیان رەتكردوونەتەوە، دواتر داعش 80 پیاوی ئەو گوندەیان لە ماوەی یەك سەعاتدا كۆكردووەتەوەو سەریان بڕیون و دواتر سەرجەم ژنانی گوندەكەیان بەرەو شوێنێكی قەزای تەلەعفەر رفاندووە كە چەكداری داعشی بیانی لێیە.

لەهەموو لایەكەوە هێز چووە شەنگال
داگیركردنی شەنگال هێزە چەكدارەكانی هەرچوار پارچەی كوردستانی هێنایە وەڵام، بۆ ئەو مەبەستەش گەریلاكانی پەكەكەش وەكو هێزێكی كوردی بۆ یارمەتیدانی ئێزیدیەكان خۆیان گەیاندە ئەو قەزایە.

یەكێتی مەفرەزەی دروستكرد
لە سەروبەندی ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئێزیدی بۆ چیای شەنگال ئەو هێزە كەمەی پێشمەرگە كە لەنزیك ئەوێ مابوون ئەركیان پاراستنی هاووڵاتیانی سەر چیاكە بوو بۆ ئەوەی تیرۆرستان نزیكنەبنەوە لێیان و قەتلًَوعام نەكرێن تا ئەوكاتەی لەو چیایە رزگار دەكرێن، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵوێستێكی جوانیدا چەند مەفرەزەیەكی دروستكردو لە دەوروبەری شەنگال بڵاویكردنەوە.

ئێزیدیەكان چەندینجار دووچاری سیاسەتی قڕكردن بوونەتەوە
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ داگیركردنی شەنگالدا بەیاننامەیەكی بەپەلەی بڵاوكردەوەو تێیدا ئامادەیی حزبەكەی دەڕبری بۆ هەموو یارمەتییەكی ئەو قەزایەو بەرگری لێكردنی و پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیە ئێزیدیەكان، هەروەها ئاماژەیان بەوەش كردبوو كە چیتر شەڕی بەرگری دادمان نادات، تەنانەت بەرگری لە قازانجی داعشەكانیشە، بەڵكو رێگای راست و دروست ئەوەیە ئەو هێزە كۆنەپەرستانە بە هێرشی فراوانی رزگاریخوازانە وەڵامیان بدرێتەوە.

یەكێتی بۆ ئێزدییەكان وتی، لە مێژووی خۆیاندا زۆرجار دووچاری سیاسەتی قڕكردن بوونەتەوە، بەڵام ئەمجارە لە هەموو جارێك مەترسیدارترە، چونكە داعشەكان و بەعسییەكان و ئەوانەی هاوپێناویانن، بە چەكی هەمەجۆرو لە ماوەیەكی كەمیشدا، بەو رقە سەلەفییەی هەیانە دەتوانن تاوانی زۆر گەورەتر بەرامبەریان ئەنجام بدەن، بۆیە بەرپەرچدانەوەی دەستبەجێ و كۆمەكی پێویستی دەستوبرد بۆ دەیان هەزاری لێقەوماویان كە لە چیای شەنگالدا خۆیان پەناداوە، زۆر گرنگە.

داعش جلی كوردی پۆشی بۆ چەواشەكردنی كوردە ئێزیدییەكانی شەنگال
تیرۆرستانی داعش لەكاتی داگیركردنی شەنگال فێڵێكی نوێیان بەكارهێنا بۆ چەواشەكردنی كوردە ئێزیدییەكانی شەنگال و هێزەكانی پێشمەرگە، فێڵەكەشیان بریتیبوو لەوەی بە جلوبەرگی كوردییەوە لەناو قەزای شەنگال دەسوڕانەوە، مەبەستیش لەوە هەڵخەڵەتاندنی كوردە ئێزییەكان بوو، هەروەها چەواشەكردنی پێشمەرگەكان لە كاتی شەڕو پێكدادانەكاندا، بەهۆی ئەو كارەشیانەوە چەكدارە تیرۆرستەكان توانیان چەندین هاووڵاتی كورد دەستگیربكەن و بەزۆر بیانكەن بە موسوڵمان.

یونسێف داوای هاوكاری بەپەلەی منداڵانی شەنگالی كرد
ئاوارەبوونی منداڵانی ئێزیدی نوێنەری یونسێفی لە عیراق نیگەران كرد، هەربۆیە لەوكاتەدا بەیاننامەیەكی بۆ گیانلەدەستدانی 40 منداڵی كەمە نەتەوەكان راگەیاند، لەو بەیاننامەیەدا ئەوە روونكرابوەوە كە خێزانە ئاوارەكانی بەهۆی توندوتیژییەوە ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری جێهێشتووە، پێویستیان بە هاوكاری خێرایە كە نزیكەی 25 هەزار منداڵیان تێدایە.

ئێزیدیەكان خاوەنی كۆنترین ئایینن لە عیراق
لەمێژە ئێزیدیەكان زۆرینەی دانیشتوانی شەنگال پێكدەهێنن كە خاوەنی كۆنترین ئایینن لە عیراق، ژمارەیان لە نێوان 600 بۆ 650 هەزار كەس دەبێت، بە درێژایی مێژوو روبەڕووی 73 قڕكردنی بەكۆمەڵ بوونەتەوە، دواینیان ئەو قڕكردنە بوو كە لەسەر دەستی داعش دووچاری هاتن.

جینۆسایدی ئێزدییەكان.. ناوی تۆمەتبارو تاوانبارانی ئەنجامدەری كۆمەڵكوژی كۆچۆ
كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 15-8-2014 داعش دڕندانەترین تاوانیان دژی دانیشتوانی ئێزیدی نشینی گوندی كۆچۆ ئەنجامدا، بە بڕیاری تاوانباری داعش والی موسڵ بە ناوی "ئەبو لەیس" كە ناوی راستەقینەی "رزوان تالب حەمدون"ـەو بە رەچەڵكیش خەڵكی موسڵە. لە تاوانی كۆمەڵكوژكردنی دانیشتوانی كۆچۆ نزیكەی "500" گەنج و پیرو لاو لە رەگەزی نێر لە چەند شوێنێكی جیاجیا كۆمەڵكوژ كراون و ژێدەرو سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن لە "16" گۆڕی بەكۆمەڵدا ژێرخاك كراون. ئەمە جگە لە رفاندن و بەسەبایەكردنی سەدان لە ژن و كچەكانیان و دەستدرێژیكردنە سەریان و فرۆشتن و سەوداكردنی نامرۆڤانە پێیانەوە لە بازاڕەكانی موسڵ و سوریادا.

ئەمەی خوارەوە كە ناوی بەشێك لەو تۆمەتبارو تاوانبارانەیە لە واڵای تایبەتی توێژەر داود موراد خەتاری هاتووەو بڵاوكراوەتەوەو ئێمەش وەك خۆی دایاندەنێینەوە. پێشوتریش رۆژنامەی كوردستانی نوێ و ماڵپەڕی جینۆساید كورد لە رێگای بڵاوكردنەوەی گێڕانەوەی شایەتحاڵەكانەوە بەشێك لەم ناوانەی لەسەر زاری شایەتحاڵەكانەوە بە شێوەی پچڕپچڕ بڵاوكردوەتەوە. بەڵام بەشێوەی ئێستا كە لەبەردەستە نەبووەو ئەمەی ئێستا دەتوانێت یارمەتیدەرێكی باش بێت بۆ ناسینەوەو شوێنپێهەڵگرتنی تاوانبارو تۆمەتبارەكانی كۆمەڵكوژی ئاوایی كۆچۆ.

ناوەكان:
1-ئەبو حمزە حمیدی، بەرپرسی شەرعی بلیج، جێگرەكەی ئەبوئایا، یاریدەرەكەی ئەبو مەسعب بەرپرسی ئەمنی بلیج.
2-ئەبوهاجر "حاكم جمال سەلامی" لە عەرەبەكانی شەنگالەو حاكمی بەعاج بووەو ئەم كەسە بڕیاری كۆمەڵكوژی كۆچۆی داوە، دوای ئەوەی بڕیاری لە والی موسڵەوە وەرگرتووە.
3- ئەبو عەبدوڵا جەعفەری
4-نافیع مەیتوتی، ناوی راستەقینەی "حسن سولیع" خەڵكی ئاوایی "عەین فحی باكور".
5-ئەبو مرێم، والی قاتعی بەعاج
6-ئەبوعەدنان، بەرپرسی دەستەی گوللـەباران كردن و بەرپرسی راستەوخۆی كۆچۆ.
7-هەیسم برغلی
8-سالح برغلی
9-ئەحمەد برغلی
10-ئەبو سەرحان مەیتوتی، ناوی راستەقینەی "ئەركان ئەحمەد عەباس"
11-ئەبو سالەح خاتوونی
12-ئەبو هلال خاتوونی
13-ئەبو ئەنس زبیداتی
14-ئەبو كرم –بەرپرسی عەسكەری
15- ئەبو عەلی خاتوونی
16-ئەبو غفران - بەڕێوەبەری ئەمنی قاتعی بەعاج، ناو راستەقینەی "عید مشعل عواد زبیدی"
17-حاجی مەهدی عەفەری، ناوی راستەقینەی "عباس سالح عرب" سەرۆكی مافیاكانی تەلعەفەر
18- مداللـە شورتی مەیتوتی، لە ئاوایی بسكی، شۆفێری شۆفەڵ و یەكێك لە لەوانەی رووفاتەكانی كردوەتە ژێر خۆڵەوە.
19-ئەحمەد ساڵح حسن لەیلە مەیتوتی، ناسراو بە "دعلج"، ئەم كەسە یەكێكە لە داواكراوەكان لەلایەن پۆلیسی ئەنتەرپول، لەبەرئەوەی تاوانبارێكی ترسناكەو بەدەستی خۆی شوێنی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئاوایی كۆچۆی هەڵكەندووەو لەگەڵ شۆفێری شۆفڵەكانی تردا هەستاوە بە دەفنكردنیان.
20-نواف ئەحمەد علوان لەگەڵ براكانیدا
21-ئەبو دەحام بەنا مەیتوتی
22-ئەحمەد حەسۆ مەیتووتی "ئەبوفراس"
23-مدرس مەحمەد ئەبو عەبدلڕەحمان "مامۆستا بووە لە قوتابخانەی سەرەتایی شەنگال، لەدوای كۆمەڵكوژی دانیشتوانی ئاوایی كۆچۆ، لە میوانخانەكەی قوربانی ئەحمەد جاسۆ وانەی قورئانی بە رفێنراوەكان وتوەتەوە.
24-ئەبو ئەنس "شۆفێری تایبەتی ئەبو حمزە"
25-نەواف زبیدی ناسراو بە "ئەبو زیاب"، ئەم تاوانبارە دوایەمین كەس ئەحمەد جاسۆی موختاری كۆچۆی كوشتووەو دوای ئەوەش باوكی هاتووە میوانخانەكەو سامانەكەی و سەیارەكەی ئەحمەد جاسۆی تاڵان كردووەو دوای ئەوەش لەنێوان بەعاج و بلیجدا میوانخانەیەكی بۆ خۆی دروست كردووە.
26-سەیفوڵا شیشانی
27-ئەبو كرەم حەدیدی
28-ئەبو مەسعەب بەرپرسی تەل بەنات
29-سالم عەسكەری كە سەرپەرشتی داگیركردنی حاتمیەی كردووە
 30-ئەبو وسام شمری، پێشیدەڵێن "ئەبو حمودی شەمری"، كە دواتر بووە بە بەرپرسی قەزای شەنگال.
 31-ئەبو عادل دانیشتوی قەزای شەنگال
32-ئەبو بەكر دانیشتوی قەزای شەنگال
33-كرومی ئەبو حمودی دانیشتووی عیوناتی رەبیعە.
34-ئەبوهارون، پێشووتر لە تەندروستی شەنگال فەرمانبەر بووە، واتە پێش 3-8-2014
35-مسعەب سالەح لیلە، بەرپرسی راگەیاندن و برای "ئەحمەد سالەح حسن لیلە "دعلج"
36-یوسف سالح مەحمەد خزر سایر مەیتووتی و براكەی سلێمان ئاوایی "عامودیە"
37-شێخی عەسرەتی مەیتووتە "جاراللـە محمەد عەلی جارالـلە" یەكەم ئۆتۆمبێل بووە لەناو كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی داعش كە بەرەو قەیرەوان و لەوێشەوە بۆ شەنگال رۆشتوون و رەنگی ئۆتۆمبیلەكەی سوور بووەو پیكاب بووە.
38-فالح مەحمەد عەلی جاراللـە خەڵكی بلیج بوەو مەیتووتی بووە. بەرپرسی دەستە بووەو برای شێخی مەیتووت جاراللـە بوە محمەد عەلی جاراللـە بووە.
39-علا‌و حساوی عیسا مەیتووتی، بەشداری كردووە لە كۆمەڵكوژی كۆچو، ئەو یەكەم كەس بووە كە دەستڕێژی گوللـەی لە رفێنراوەكان كردووە.
40-تاریق حساوی عیسا مەیتووتی، بەشداری كردووە لە هێرش بۆ سەر شەنگال و كۆمەڵكوژی كۆچۆو بەرپرسی شارەوانی قەیرەوان بووە.
41-بەدران عوید مەحمود عەلی مەیتووتی، بەشداری لە كۆمەڵكوژی كۆچۆ كردووەو هاوكات هەستاوە بە تاڵانكردنی دوكان و بازاڕەكانی تەل بەنات و تەل قەسەب.
42-عكلە خلف خزر علیوی وردە مەیتووتی، بەشداری لە هێرش بۆ سەر شەنگال و كۆمەڵكوژی كۆچۆ كردووە.
43-خلیف عائید مەیتووتی
44-نوفل حین یولیع موختار مەیتووتە
45-عەبدلڕەحیم حمد تەها مەیتووتی
46-مسرق عەبدل داود مەیتووتی
47-فلاح مەحمەد عەلی جاراللـە سەرۆكی عەشرەتی مەیتووتات
 48-قەحتان هلوش مەیتووتی
49-ئەحمەد فازل عبید زبیدی
50-ئەمیر ئەبو زیا‌و "شهاب احمەد علوان"
51-موئەید مەحمەد حمیدی، ئاوایی بسكی جنوبی
52-عەبدلڕەحمان عەبدلڕەحیم ئاوایی "عەین فتحی شمالی"
53-زیاد ئەحمەد مەیتووتی، پێشووتر یەكێك بووە لە پاسەوانەكانی پۆلیسی سنوور عەقید عەلی مەیتووتی".

تێبینی: سەرچاوەی ساغكردنەوەی ناوی ئەم تۆمەتبارو تاوانبارانە "داود موراد خەتاری، زیاد خەڵەف، مستۆ حسن، سەمیرە حاونج، بەشار حەلۆ، دانیشتوانی كۆچۆ"یە. هەروەها لەلایەن تەها سلێمان ئامادەكراوەو بۆ PUKmedia نێردراوە.

لێكۆڵینەوەی بێ ئەنجام
دوای ماوەیەكی زۆر لە جینۆسایدی شەنگالییەكان، تائێستا ئەنجامی ئەو لیژنەیە ئاشكرا نەكراوە كە بۆ لێكۆڵینەوەی بەدەستەوەدانی شەنگال پێكهێنرا، لەكاتێكدا ناوی 30 فەرماندەی سەربازی پێشمەرگە كە تۆمەتبارن بە بەدەستەوەدانی شەنگال لەلای بەرپرسانی هەرێمە.

رۆژی 14ی ئابی 2014 مەسعود بارزانی رایگەیاند: لەدوای رووداوەكانی شەنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانماندا هات، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حزبیانەی ئەركی پاراستنی شەنگالیان لەئەستۆ بوو لەسەر كارەكانیان لادران و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش بۆ دەرخستنی راستییەكان پێكهاتووەو لیژنەكە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات كە لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە، كەمتەرخەم بوون.

بارزانی لە راگەیەنراوەكەیدا وتبووی: ئەو بەرپرسانە دەبوایە گیانی خۆیان فیدا كردباو شەنگال بەجێنەهێڵن، هەروەك بەڵێنیان بە من دابوو.

پەرلەمان و بەدەستەوەدانی شەنگال
لە بارەی ئەنجامی ئەو لیژنەیەی مەسعود بارزانی بۆ بەسزاگەیاندن و لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو فەرماندانەی لە بەدەستەوەدانی شەنگالدا كەمتەرخەم بوون، قادر رەزگەیی پەرلەمانتاری كوردستان و ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی زانیاریەكانی بەمشێوەیە رونكردەوە "دوای داگیركردنی شەنگال و جینۆسایدكردنی وەك لیژنەكەیان داوایان كردووە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر داگیركردنی شارەكە پێكبهێنرێت، دواتریش بە بڕیاری مەسعود بارزانی لیژنەیەك پێكهێنرا، ئەوانیش وەك لیژنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان بەردەوام بەدواداچونیان بۆ كەیسەكەو دەرئەنجامەكانی لیژنەكە كردووە. هەروەها لیژنەكەی بارزانی لەكاتی لێكۆڵینەوەكانیاندا چاویان بە ئێزدییەكانی شەنگال و پێشمەرگەو فەرماندە سەربازییەكان لەئاستی باڵا كەوتووەو لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیاندا ناوی 30 فەرماندەی سەربازییان تۆمار كردووەو لە پەڕاوەكانی لێكۆڵینەوەدا ناویان هێنراوەو تەسلیمی مەسعود بارزانی كراون، بەڵام ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن بارزانییەوە رانەگەیەنراوە كە پێویستبوو بۆ یەكلایكردنەوەی دۆسیەكە رێوشوێنی یاسایی سەربازی بەرامبەریان بگرێتەبەر، بەڵام ئەوە نەكراوەو بەشێكیشیان پلەكانیان بەرزكراوەتەوەو شوێنیان لە بەرەكانی شەڕ بۆ دیاریكراوە. ئەمە جگەلەوەی داگیركردنی شەنگال و دەوروبەری گوماناوییەو لە ناوەندەكانی هەرێم و دەرەوەش باس لە پیلانگێڕی دژ بە شەنگال دەكرا، هەروەها ئەوانەشی شەنگالیان چۆڵكردو جێیانهێشت، بەپێی ئەو بەدواداچونانەشی كروە بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكان دەڵێن بە فەرمانی سەروو خۆمان شوێنەكانمان چۆڵكردووە، واتا شەنگال بە فەرمان چۆڵكراوە".

نادیە.. چیرۆكێكی تاڵ
نادیە موراد، چیرۆكێكی تاڵ و ئازاربەخشی دوای بەدەستەوەدانی شەنگال دەگێڕێتەوەو نوێنەری هەموو ئەو كچ و ژنە ئێزدییانەیە كە چەند ساڵە لەژێر دەستی داعشدا دوور لە هەموو بەهایەكی ئایینی و مرۆڤایەتی (ئازار دەدرێن، دەچەوسێنرێنەوە، دەستدرێژیان دەكرێتەسەر، مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت) ئەم جۆرو شێوازی مامەڵایە لە "خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامیدا دەكرێت" وەك تیرۆرستان خۆیان وا ناوی خەلافەتەكەیان دەبەن!

چیرۆكی نادیە راستییەكی ناخهەژێنە، چیرۆكی سەرجەم ژن و كچە ئێزدییەكانە، بۆیە نادیە وەك باڵیۆزی ئێزدییەكانەو جیهان ئاگاداردەكاتەوە كە جیهانێكی خەوتوون، هەربۆیە نادیە بە دەنگی بەرز بەسەرهاتی ئێزدییەكان دەگێڕێتەوە تا جیهان بەئاگا بهێنێت!

نادیە باڵیۆزی ئازاری ئێزدییانە، لە جیهانێكی خەوتوودا، ئەو ئەركەی نادیە لە ئەستۆیەتی، قورس و سەختە، بۆیە پێویستە سەرجەم ناوەندو رێكخراوەكان پشتیوانی بن، بەتایبەت حكومەتی هەرێم و سلكی دیپلۆماسی و نوێنەرایەتییەكان هەرێم لە دەرەوە، بەڵام رۆڵیان لاوازو كەمكاریگەرە، بۆیە ئەركەكەی نادیە قورسە، بەڵام ئەو لە ئازارێكی قورسەوە دەربازی بووەو ئێستاش باڵیۆزی ئازارە قورسەكەیە!
 
چیرۆكی نادیە موراد
نادیە موراد، كچێكی ئێزدیەو لەسەر دەستی گروپی تیرۆرستی داعش لەمانگی ئابی 2014 دا لەگەڵ سەدان كچ و ژنی دیكەدا رفێنرا، سێ مانگ لەلای گروپەكە ماوەیەوە پێش ئەوەی بە هاوكاری خێزانێكی عیراقی بەرامبەر بە پێدانی پارە رزگاری ببێت، لەكاتی پێشكەشكردنی شایەتییدانەكەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی هەموو ئەو كارەساتانەی كرد كە بەسەر ئێزدیەكاندا هاتووە بەتایبەت كچان و ژنان، بۆیە دڵ و چاوەكان پڕبوون لە فرمێسك. ئەم كچە پێش ئەوەی بەشداری لە پەراوێزی كۆنگرەیەكی تایبەت بە مافی مرۆڤ بكات لە ژنێف، چاوی كەوتبوو بە وەفدێكی (بوابە الحركە الاسلامیە) لەوێ باسی هەموو ئەو رووداوانەی كردبوو كە بەسەری هاتبوو لە دەستدرێژی سێكسی و فرۆشتنیان لە بازاڕدا، هەموو ئەو تاوانانەی كە ئێستاش بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجامی دەدەن.

هەڵاتنی هێزەكه!‌
نادیە دەڵێت: لە هەواڵەكاندا گوێمان لێبوو موسڵ گیراوە، بەڵام هەرگیز باوەڕمان بەوە نەبوو داعش دەگاتە لای ئێمەش بەتایبەت كە ئێمە لە گوندێكی دوورەدەست بووین، بەڵام داعش هات و ئەو هێزەشی كە بڕیاربوو ئێمە بپارێزێت رایكرد، ئێمەش هەوڵماندا رابكەین، بەڵام سەركەوتوو نەبووین، گوندەكەمان لە 15 مانگدا گیرا بە سەرپەرشتی سەركردەیەكی داعشیش كە پێیاندەوت (ئەبو حەمزە) ئێمە گواستراینەوە بۆ گوندی (كوجو) لەوێ لە قوتابخانەیەكدا زیندانی كراین، خوێندنگاكە دوو نهۆم بوو، كچان و ژنان لەسەرەوە بوون و پیاوانیش لە خوارەوە.

هاوسەرگیری و دەستدرێژی زۆرەملێ
نادیە دەڵێت: تیرۆرستانی داعش داوایان لە پیاوەكان دەكرد ببن بە موسوڵمان، هەركەسێكیش قبوڵی نەكردایە دەیانگواستەوەو دواتر دەیانكوشت، خۆمان گوێمان لە دەنگی تەقە دەبوو كە پیاوەكانیان دەكوشت. ئێمەش هەرچی مۆبایل و ئاڵتونمان پێبوو لێیان وەرگرتین، دواتر 150 كچیان بە دوو ئۆتۆمبێل گواستەوە، هەر لە ئۆتۆمبێلەكاندا هەوڵیاندەدا دەستدرێژیمان بكەنەسەر، بردیانین بۆ شوێنێكی دوور كە چەند كچێكی تری لێبوو رفێنرابوون، ئێمەش لێمان پرسین چیمان لێدەكەن، ئەوانیش وتیان: "داوای هاوسەرگیریتان لێدەكەن و ئەگەر رازیش نەبن دەستدرێژیتان دەكەنەسەر"، هەندێك لە كچەكانیان گواستەوە بۆ سوریا، ئەوانی تریش هەر لە عیراقدا هێڵرانەوە.

فرۆشتنی كچانی ئێزدی
نادیە زیاتر رووداوەكان دەگێڕێتەوەو دەڵێت: چەكدارەكان دەهاتن بۆ ئەو خوێندنگایەی ئێمەی تێدا زیندانی كرابووین، لەنێوان پێنج كچدا دانەیەكیان هەڵدەبژاردو دواتر دەیانبرد بۆ ژوورێكی ترو پشكنینی جەستەیان بۆ دەكرد، ئەگەر بەدڵیان نەبوایە ئەوە دەیانگۆڕی بە كچێكی تر. من سێ خوشكی ترم لەگەڵدا بوو كەسێك هات كە تەمەنی نزیكەی 40 ساڵ بوو، هاتبوو تا من هەڵبژێرێت، بەڵام كچێكی تری هەڵبژارد، دواتر پیاوێكی تر هات كە پاسەوانی لەگەڵ بوو ناوی (سەلمان) بوو، منی هەڵبژاردو بردمی بۆ ماڵی خۆی، لەوێ داوای لێكردم موسوڵمان ببم، منیش رەتمكردەوە، وتم من سەرەتا دایكم دەوێت كە ئێوە رفاندوتانە، دواتر بردیانم بۆ شوێنێكی ترو سەلمان دەستدرێژی كردە سەرم، دوای دوو رۆژ منیان برد بۆ دادگایەكی موسڵ كەسێك كە قورئانی دەخوێندەوە وتی: سەلمان حەڵاڵت بێت، دواتر ناو و بڕی پارەو وێنەی منیان دا بە دادگاكە بۆ ئەوەی ئامادەبم بۆ هەركەسێك كە داوام بكات، هەركەسێك داوای كچێكی بكردایە پرسیاری لە بەرپرسەكەی دەكرد، لەسەر بڕی ئەو پارەی كە پێی دەفرۆشن، جارێكیتر چوومەوە ماڵی سەلمان شەوێك لەوێدا ماینەوە شەوی دواتر چووین بۆ ماڵی خاڵی و بەردەوام دەستدرێژیان دەكردە سەرم.

نادیە دەشڵێت: وەك كاڵایەك مامەڵەیان بە جەستەمانەوە دەكرد، بەكرێیان دەداین دەیانفرۆشتین، نرخەكان لەنێوان 400 هەزار دیناری عیراقی بۆ 800 دۆلاری ئەمریكی بوو. سەلمان خەڵكی موسڵ بوو، بەردەوام 6 پاسەوانی لەگەڵدا بوو، شەوان دەیبردمە حەمامەكەوە، بۆیە هەندێك پەراوم بینی و زانیاریم لەسەری وەرگرت، لەڕاستیدا ناوی (غەسان) بوو، هەروەها خێزاندار بوو منداڵێكیشی بە ناوی (سارا) هەبوو.

دەربازبوونی نادیە
نادیە موراد لە گێڕانەوەی بەسەرهات و تاڵاوی بەسەرهاتەكەیدا فرمیسكەكانی هۆن هۆن بەچاوانیدا دێتەخوارو ئەوانەشی گوێی بۆ رادەدێرن مشتیان پڕە لە دەستەسڕی كلینكس و ئەوانیش دەگرین، نادیە درێژەی بە گێڕانەوەكەی دەدات و وتی "دواتر بڕیاریاندا بمدەن بە پیاوێكی خەڵكی حەمدانیە، شۆفێرەكەی سەلمان راسپێردرا بمگوازێتەوە، ئەویش لەڕێگا دەستدرێژی كردە سەرم، بەڵام كاتێك دابەزی توانیم رابكەم و خۆم بگەیەنمە ماڵێك، ئەوان رازی بوون بمشارنەوەو هاوكاریم بكەن، بەڵام لە بەرامبەر بڕێك پارەدا، منیش پەیوەندیم كرد بە برایەكمەوە لە كەركوك تا بڕی پارەی دیاریكراویان پێبدات، ماوەی 17 رۆژ لەوێ مامەوە هیچیان لێنەكردم تەنها سەیریان دەكردم، دواتر ناسنامەیەكیان بۆ دەركردم تا وەك هاوسەری ئەو مامەڵە بكەین و داعش پێمان نەزانێت، بەمجۆرە خۆم گەیاندە كەركوك.

نادیە لە كۆتاییدا دەڵێت: (هیوادارم هەموو كچەكان رزگاربكرێن، بەتایبەت هەندێكیان تەمەنیان تەنها 7 ساڵە، هیوادارم زانیاریم لەسەر دایكم دەستبكەوێت كە لەو رۆژەوە رفێنراوە هیچ زانیارییەكم نیە لەسەری، هەروەها ژنان و كچانیش كە ژمارەیان 80 كەس بوو گومانم هەیە ماون یان كوژراون، چونكە بەكۆمەڵ گواستیانەوە، بەڵام گوێمان لە دەنگی تەقە بوو لەكاتی گواستنەوەیاندا.

نادیە لە نیویۆرك
لە پەراوێزی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو بەشداریكردن لە خولی 60مینی لیژنەی بارودۆخی ژنان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان" Commission on the Status of Women CSW60"، وەفدەكە بە سەرۆكایەتی پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و بە ئامادەبوونی فلۆرین گۆرگیس بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەن، كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ نادیە موراد ئەنجامدا. لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان رۆڵی نادیە مورادی بەرز هەڵسەنگاند لە گەیاندنی پەیامی كچان و ژنانی ئێزیدی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و كاركردن بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانكارییانە.

نادیە: كچەكان ئازاد بكەن
نادیە موراد لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبووك ئەوكات پەیامێكی بە ڤیدیۆ بڵاوكردەوەو داوای ئازادكردی كچە ئێزدییەكانی ژێر دەستی داعشی كردو وتی "من نادیە موراد بەسێ تەها شایەتیم دا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لە كانوونی یەكەمی 2015دا، بانگمكردن بۆ پاراستنی خوشك و براكانم كە هێشتا لەژێر دەستی داعشدان، ئێستا هەمان پەیامم هەیە بۆ كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ئێستا هەموو كچانی ئێزیدی ئازادبكەن".

3ی ئاب بكرێتە رۆژی نیشتمانی
ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ساڵی 2016 لە پەیامێكداو لە یادی كارەساتی ئێزیدییەكانی شەنگالدا، ئاشكرایان كرد كە پێویستە رۆژی 3ی ئاب ساڵانە لە هەرێمی كوردستان وەك رۆژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوندیژی سێكسی دیاری بكرێت، هەروەك تیشك بخرێتە سەر پێگەی ژنانی كوردستان و رۆڵیان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و تیرۆردا.

لەكۆی 3548 ژن 1465 ژنی ژێر دەستی داعش رزگاركراون
لەدوای داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە زیاتر لەهەموو چین و توێژەكان ژنان بوونە قوربانی و زەرەرمەندی سەرەكی بوون لەم نێوەندەدا، هەربۆیە حكومەتی هەرێم هەنگاوی جددی هەڵهێناوە بۆ چارەسەركردن و قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی لەم هێرشانەی داعشدا زیانیان بەركەوتووە.
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە لە نوێترین ئاماردا ئاماژەی بەوە كردووە لەوكاتەوەی داعش هێرشیان كردەسەر شەنگال، ژمارەیەكی زۆری ژن بوونە قوربانی و توشی چەندین زەرەرو زیان بوونەوە، لەناویاندا رفاندنی 3548 ژن و دەستدرێژیكردنە سەریان. حكومەتی هەرێمیش لەڕووی ماددی و مەعنەویەوە ئەركی رزگاكردنی ژنە ئێزیدییە رفێنراوەكانی گرتووەتە ئەستۆو تا رۆژی 23-5-2018 توانیان (3275) كەس رزگاربكەن، لەوانەش (1148) ژن و (336) پیاو و (935) كچ و (956) كوڕ ڕزگاركراون، ئەوانەی تائێستا رزگارنەكراون ژمارەیان (3146) كەسە، لەوانەش (1465) ژن و (1685) پیاو كە لەدەست داعش ماون.

وتیشی: ئەو ژنانە كە رزگاردەكرێن توشی جۆرەها رەفتاری دڕندانەو دوور لەهەموو عورف و دابونەریتێكی مرۆڤانە لە فرۆشتن و كڕین و ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و گۆڕینی ئایینەوە بگرە تا دەگاتە تاوانی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە. زۆربەی هەرەزۆریان باری دەروونی و تەندروستی جەستەییان خراپەو پێویستیان بەچارەسەرە، بۆیە تائێستا نزیكەی (100) ژن لەوانەی رزگاركراون رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەركردن بەتایبەتی لەڕووی دەروونییەو .

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket