riklam

مه‌لا به‌ختیار: كه‌م كه‌س ده‌توانێت نائومێدی بگۆڕێت بۆ ئومێد

ی.ن.ک‌‌ 08:21 PM - 2019-07-29
.

.

بنه‌ماڵه‌ی (ئه‌خۆل)ی شاعیر، سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی ده‌كه‌ن‌و له‌دیدارێكیشدا، كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (29/7/2019) به‌ڕێوه‌چوو، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌گه‌رمی به‌خێریهێنان، مه‌لا به‌ختیار، ئاماژه‌ی به‌مێژووی ئه‌ده‌ب‌و هونه‌رو رۆشنبیری له‌سلێمانی كرد‌و وتی: ئێوه‌ به‌خته‌وه‌رن كه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌و خێزانی ئه‌خۆل، به‌پێگه‌ی ئه‌ده‌بی‌و خۆشه‌ویستی ئه‌و ناسراون‌و وتی: كه‌م گه‌نج هه‌یه‌ له‌كوردستاندا، به‌ خه‌یاڵی رۆمانسی شیعره‌كانی ئه‌خۆل، ئه‌شق‌و خۆشه‌ویستی نه‌كردبێ‌‌و گۆرانی نه‌وتبێ‌.

مه‌لا به‌ختیار، ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌كرد: سروشتی سلێمانی هه‌روا بووه‌، زۆرترین كه‌سایه‌تی مه‌ده‌نی‌و ئه‌ده‌بی په‌روه‌رده‌ كردووه‌، جگه‌ له‌شێخ مه‌حمودی نه‌مر، كه‌ گه‌وره‌ی هه‌موومان‌و سه‌روه‌ری مێژوومانه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌سلێمانی بیبلۆگرافیایه‌ك له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كان، زانستی، ئه‌ده‌بی، مه‌ده‌نی‌و هونه‌ریی بكه‌یت، بێگومان ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ زاڵن كه‌ وه‌كو كورد ده‌توانیت شانازیان پێوه‌ بكه‌یت‌و یه‌كێكیش له‌وانه‌ بێگومان ئه‌خۆلی شاعیره‌.

وتیشی: ئه‌وانه‌ به‌خته‌وه‌رن كه‌ گه‌وره‌ترین شانازیان له‌مێژوودا تۆماركرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژووی سلێمانی له‌سه‌رده‌می بابانه‌كانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌دوای روخانی حوكمڕانی شێخ مه‌حموده‌وه‌، ئومێدی سیاسی كز بوو، به‌ڵام ئه‌و زاتانه‌ به‌ كه‌لتور، به‌ ئه‌ده‌ب، به‌ رۆشنبیریی، به‌ هونه‌ر‌و هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌ڕۆژنامه‌كان‌و گۆڤاره‌كان‌و ئه‌و چاپخانانه‌ی دانران، كۆمه‌ڵێك شۆڕه‌سوارن له‌مێژوودا‌و توانیان نائومێدی بگۆڕن به‌ئومێد. چونكه‌ كه‌م كه‌س هه‌یه‌ له‌مێژوودا بتوانێت نائومێدی به‌ئومێد بگۆڕێت.

هه‌روه‌ك لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر مێژوو ‌و گه‌وره‌یی ژیانی ئه‌ده‌بیدا، هاوكار‌و پشتیوان ده‌بێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یكه‌رێكی شایسته‌ بۆ ئه‌خۆلی شاعیر دروستبكه‌ن‌و ئه‌ركی دروستكردنه‌كه‌شی ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ. 

له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌خۆلی شاعیر، سوپاسی پێشوازیی‌و دیداره‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیاریان كردو، هاوكات دیوان‌و به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی ئه‌خۆلی شاعیریشیان پێشكه‌ش كرد.


PUKmedia راگه‌یاندنی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket