riklam

مەلا بەختیار: كۆنگرەی گۆڕانكاری بۆ یەكێتی چارەنوسسازە

ی.ن.ک‌‌ 06:55 PM - 2019-07-28
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەدیداری ژمارەیەك لەخزمانی هەمەوەند، كە لەدەڤەری بازیانەوە سەردانیان كردبوو، ستایشی دڵسۆزی خەڵكی دەڤەرەكە دەكات‌و بە خەڵكێكی پاك، تێكۆشەرو دڵسۆز ناویان دەبات‌و نمونەی خۆڕاگریشیان لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، وەبیردەهێنێتەوە.

هەر لەو دیدارەدا، كە ئێوارەی ئەمڕۆ (28/7/2019) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە حكومەتی بەعس ئەمسەرو ئەوسەری لەخەڵكی بازیان گرتبوو، دەیوست ئەو ناوچەیە قوفڵ بكات، بەڵام خەڵكە تێكۆشەرەكەی بازیان هەر بەپاكی‌و خۆڕاگری بۆ یەكێتیی‌و پێشمەرگە مانەوە، كە هەمیشە رێگەی هاتن‌و چوونی پێشمەرگەبوو. بۆیە دەتوانین شاهێدی ئەوەبدەین، كە بازیان مێژوویەكی پاك‌و پڕ لەشانازیتان هەیە.

لەدرێژەی دیدارەكەداو لەباری شۆڕشی نوێشەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: تاجی سەركەوتنی شۆڕش، راپەڕینەو پەرلەمان‌و حكومەتیش، ئەنجامی راپەڕین‌و شۆڕش بوو، وتی: شۆڕشمان بۆ ئەوەكرد بەڵكو راپەڕین بكەین‌و راپەڕینیشمان بۆ ئەوەكرد، كە پەرلەمان‌و حكومەت دابمەزرێنین‌و پەرلەمانیش چاودێری حكومەت بكات‌و هەمووشی لەپێناو ئەو ئامانجانەدا بوو كە قوربانییەكی ئێجگار زۆرمان بۆبەخشی‌و رایگەیاند: هەرگیز ناتوانم رەش‌و سپی تێكەڵ بكەم، بەڵكو دەڵێم: ئەم حكومەتەی ئێمە، راپەڕین‌و پەرلەمانی ئێمە، كوردستانی لەسەردەمی داگیركارییەوە، كە ئەوكات دەوترا كورد دەمێنێ‌ یان نامێنێ‌! گواستەوە بۆ سەردەمی ئێستا كە دەستكەوتەكانمان زۆرە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە، كە كەموكوڕیمان نییە، بەڵكو لەساڵی (1992)ەوە كە حكومەت دادەمەزرێ‌، تا ئێستا كە نۆهەمین حكومەت دامەزراوە، ئەگەر بە بەرنامە، بەپرۆژەو بەراستگۆیەتی بكرایە، دەتوانرا دوو ئەوەندەی ئێستا خزمەتگوزاریی‌و ئاوەدانی ئەنجامبدرێت! بۆ نمونە: ئەگەر شەڕی ناوخۆ نەبوایە‌و تەنها بەو تێچوانەی شەڕی ناوخۆ دەتوانرا چەند زانكۆی پێ دروست بكرێت؟ هەروەها ئەو هەموو گەندەڵی ‌و دزییەی لەعیراقدا كراوە، ئایا چەندی بەر كورستان دەكەوێت؟ ئایا ئەگەر ئەو گەندەڵییە نەبوایە‌و ئەو پارەیە بخرایەتە خزمەتی خەڵك، هەموو كوردستان شەقامەكانی نەدەبوو بەدوو ئاراستە؟ كارەبا چارەسەر نەدەكرا؟ كێشەی ئا‌و چارەسەر نەدەكرا؟ چونكە ئەگەر خەمخۆری هەبێ‌، دەتوانرێ‌ هەموو كارێك ئەنجامبدرێت. 

مەلا بەختیار، هەر لەو دیدەشەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: هەر لەم دۆخەدا یەكێتیی نیشتمانیش بەر پرسیارە‌و ناتوانێ‌ لەژێر باری ئەو بەر پرسیارێتییە دەربچێ‌، چونكە هەر یەكێتیی خاوەنی نەخشەی راپەڕینەو دەستپێشخەری هەڵبژاردن بوو بۆ پەرلەمان‌و هەر یەكێتیش یەكەمین هێز بوو بۆ یەكەمینجار قسەی لەفیدراڵی كردو خەباتی بۆ كرد تاهێنایە گۆڕێ‌، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئێستا یەكێتی بۆ ناتوانێ‌ گەندەڵێك سزا بدات؟ بۆ ناتوانێ‌ گۆڕانكاری گەورەتر بكات؟.

جەختیشیكردەوە: سەرەنجامی ئەو هەموو ناڕەزایەتییەی لەسەر یەكێتی هەیە، كۆنگرە بۆتە چارەنوسی یەكێتی! هەروەك چۆن لەساڵی (1975)دا دامەزراندن چارەنوسی یەكێتی بوو! چۆن لە (1976) بەرپابوونی شۆڕش، چارەنوسی یەكێتی بوو! چۆن لەكاتی تەرحیلدا، لەكاتی راگواستنی دێهاتەكان، چۆن لەكاتی كیمیاباران‌و ئەنفالدا، درێژەدان‌و بەردەوامی بەخەبات چارەنوسی یەكێتی بوو! چۆن راپەڕین چارەنوس‌و وەرچەرخان بوو لەقۆناغی شاخەوە بۆ قۆناغی شار! چۆن هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و دامەزراندنی حكومەت، گەورەترین ئامانجی گەلەكەمان بوو كە بەدیمانهێنا، هەروەك چۆن لەشەڕی ناوخۆدا، بەرگریكردنی یەكێتی چارەنوسساز بوو، ئەوا باوەڕموایە لەئێستاشدا، بەستنی كۆنگرە، كۆنگرەی گۆڕانی نەك پینەوپەڕۆ، بۆ یەكێتی چارەنوسسازە!

 مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، رایگەیاندەوە، كە: خەمی سەرەكی‌و ئامانجی سەرەكی‌و هەڵوێستی سەرەكی من، بەستنی كۆنگرەی گۆڕانكارییەكانە.

PUKmedia راگەیاندنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket