riklam

شاڵاو كۆسرەت پشتیوانی بۆ سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان دووپاتدەكاتەوە

ی.ن.ک‌‌ 07:26 PM - 2019-07-17
.

.

شاڵاو كۆسرەت ڕەسول پشتیوانی مەڵبەندی هەولێری بۆ سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكان دووپات كردەوە.

‎لەزنجیرەیەك سەردان و بەسەركردنەوەدا، شاڵاو كۆسرەت ڕەسول ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك وەزیری نوێی حكومەتی هەرێمی كرد.

‎لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا شاڵاو كۆسرەت ڕەسول بەیاوەری ژمارەیەك لە جێگران و كادیرانی مەڵبەند سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كردو پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا كردو پشتیوانی خۆی و مەڵبەندی هەولێری بۆ دووپات كردنەوە.

‎لە درێژەی قسەكانیدا لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر گوتی هاووڵاتیانی كوردستان ئومێدێكی گەورەیان بەم كابینەیە هەیەو پێویستە هەموومان هەوڵی سەرخستنی كارەكان بدەین بە ئامانجی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان.

‎لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا، شاڵاو كۆسرەت ڕەسول سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی كردو پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە كردو هیوای خواست بەپاڵپشتی و پشتیوانی هەموو لایەك بتوانرێ باشترین خزمەتی پێشمەرگە بكرێ.

‎لای خۆیەوە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە وێڕای سوپاسی بۆ سەردانی لێپرسراوی مەڵبەندو شاندی هاوڕێی دووپاتی كردەوە كە بەپشتیوانی هەڤاڵانی یەكێتی هاتۆتە ئەو شوێنەو بەپشتیوانی هەمووانیش دەتوانێ سەركەوتوو بێ.

سەردانی كردنی د. ڕێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێستگەیەكی تری سەردانەكەی شاڵاو كۆسرەت ڕەسول بوو، لەمیانی سەردانی بۆ پەرلەمانی كوردستان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە سەرۆكی پەرلەمان كردو هیوای خواست وەك گرنگترین دامەزراوەی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی كارا بگێڕن لە یاسادانان و چاودێری كردنی حكومەت.

‎شاڵاو كۆسرەت ڕەسول گوتیشی: لەم خولەی پەرلەماندا پێویستە سەرجەم فراكسیۆنەكان بە هەماهەنگی سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕۆڵی ئیجابی بگێڕن لە چاكسازی بنەڕەتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.

‎دوایین وێستگەی سەردانەكەی لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر، سەردانی وەزارەتی پلاندانان بوو و لەلایەن (د. دارا ڕەشید) وەزیری پلاندانان پێشوازی لێكرا.

‎لەمیانی سەردانی بۆ وەزارەتی پلاندانان شاڵاو كۆسرەت ڕەسول پیرۆزبایی لە وەزیری نوێی پلاندانان كردو هیوای خواست ڕۆڵی ئیجابی بگێڕن لە كابینەی نوێی حكومەت و خزمەتی هاووڵاتیان بكەن.

شاڵاو كۆسرەت ڕەسول جەختی لەوە كردەوە، كە تیمی ئەمجارەی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دامەزراوەكانی تر ئەركێكی قوڕسیان لەسەر شانەو پێویستە لەئاستی لێپرسراویەتیدا بن و باشترین خزمەتی هاووڵاتیان بكەن.

لێپرسراوی مەڵبەند وتیشی :وەك ئۆرگانەكانی حزب چاودێرێكی ورد دەبین بەسەر كارەكانی كادیران و نوێنەرانی یەكێتی لە حكومەت و هەر نوێنەرێكی یەكێتی وەك پێویست بە ئەركەكانی سەرشانی خۆی هەڵنەستێ تووشی لێپێچینەوە دەبێ و دوور دەخرێتەوەو كەسانی شیاو دەخرێنە شوێنی

PUKmedia   تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket