riklam

21ساڵ به‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی ڕۆمادا تێده‌په‌ڕێت

جیهان 10:02 AM - 2019-07-17
.

.

په‌یماننامه‌ی ڕۆما كه‌ 21 ساڵ له‌مه‌وپێش و له‌ 17-7-1998 بریاری له‌سه‌ر دراوه‌، كه‌ ئه‌مساڵ پێی نایه‌ 21ه‌مین ساڵی ته‌مه‌نی خۆیه‌وه‌، تا ئێستا چه‌ندین جار هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌ و 17 ساڵ له‌مه‌وپێش و  له‌ یۆلی 2002 ه‌وه‌ ده‌ستی به‌كار كردووه‌ و 123 ده‌وڵه‌ت په‌سندی په‌یمانامه‌كه‌ و دادگاكه‌یان كردووه‌و هه‌نووكه‌ ئه‌ندامن تیایدا، هه‌روه‌ها 139 وڵات واژۆیان له‌سه‌ر كردووه‌.

 دادگای تاوانی نێونه‌ته‌وه‌یی ناسراو به‌ ICC، ئامرازێكی گرنگ و به‌هاداره‌ بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ ئه‌نجامدانی تاوانی ژینۆساید و تاوان دژ به‌مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دوژمنكاری و به‌ دادگایی  گه‌یاندنی بكه‌رانی و رزگار نه‌بونیان له‌ سزادان.

بۆ ئه‌وه‌ی له‌عراقی نوێی دوای رژێمی فاشستی به‌عسی روخاو تاوانی ژینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانه‌كانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی و تاوانی دوژمنكاری  هه‌ر رۆژه‌  و  به‌رده‌وام دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، كه‌ تا هه‌نوكه‌ به‌ خه‌ستی به‌رده‌وامه‌و ناوچه‌كه‌ بۆته‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵكوژی له‌ جیهان وه‌ك له‌ شه‌نگار و دوز و ناوچه‌كانی دیكه‌ رۆژلنه‌  ده‌یبینین،  پێویسته‌ عێراق بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و كه‌مایه‌تی ئاینی و مه‌زهه‌بییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ په‌یماننامه‌ی ڕۆماوه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت و ببێته‌ ئه‌ندامی دادگاكه‌، خۆ دزینه‌وه‌  له‌ په‌سه‌ند كردنی مانای نیه‌تی به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ تاوانه‌كان رابردوو.

بۆ بیرهینانه‌ وه‌ی هه‌ موو لایه‌ك، عراق له‌ به‌رواری 15-2-2005 به‌و ڕێككه‌وتنه‌وه‌ په‌یوه‌ست بووه‌، به‌ڵام بێ هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك دوای دوو هه‌فته‌ پاشه‌كشه‌ی لێكردووه‌.

ئه‌مرۆ 17ی ی ته‌موز یادی 21 ساڵه‌ی په‌سه‌ند كردن و 17 ساڵه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی یه‌كه‌م دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ جیهان له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، 17 ساڵه‌ ئه‌م دادگایه‌ به‌هه‌موو كه‌موكوڕیه‌كان و ئه‌و ره‌خنانه‌ی لێی گرتراوه‌ بۆته‌ به‌ربه‌ستێك تا راده‌یه‌ك هه‌ستپێكراو له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی تاوانه‌ زه‌قه‌كان و تا راده‌یه‌ك  كه‌مكردنه‌وه‌یان وێڕای دوژمنایه‌تییه‌كی زۆری گه‌وره‌ ده‌ڵه‌تان، به‌رزترین حوكمڕانه‌كانی هه‌ندێك وڵاتانی ئه‌م جیهانه‌ی دادگایی كردووه‌ یان بڕیاری تاوانباری بۆیان ده‌ركردووه‌ نموونه‌یان عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر و معه‌مه‌ر قه‌زافییه‌، مه‌خابن تا ئێستا هیچ یه‌كێك له‌ وڵاتانی عێراق، ئێران، توركیا و سوریا له‌ ریزی ئه‌و وڵاتانه‌ نین پابه‌ندی خۆیان به‌ دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ راگه‌یاندبێت، له‌ كاتێكدا ناسنامه‌ی حوكمڕانی باش له‌ ئێستای جیهاندا په‌یوه‌ست بوونی وڵاتانه‌ به‌ په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌، ترسی ئه‌وانیش له‌ ئه‌ندام بونیان له‌ دادگاكه‌ سزادانیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌كه‌مان و كه‌مایه‌تیه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن یاخود  خه‌ون به‌ ئه‌نجامدانیه‌وه‌ ده‌بینن، بۆیه‌ به‌  ئه‌ندام نه‌بوونی ئه‌م وڵاتانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌  له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا ئاماده‌ن تاوانه‌ گه‌وره‌كان دوباره‌ ئه‌نجام بده‌نه‌وه‌ .

5 ساڵ پێش ئێستا  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی به‌ فه‌رمی سكاڵای له‌سه‌ر داعش له‌ به‌رامبه‌ر تاوانه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ ئێزیدی و كریستان و شیعه‌و شه‌به‌ك تۆماركرد، چوار ساڵی رابردوو و ساڵانی دواتر له‌ كۆنگره‌ی وڵاتانی ئه‌ندام ئێمه‌ به‌ فه‌رمی له‌ دانیشتن چه‌ندین جاریمان له‌ گه‌ڵ داواكاری گشتی پشتیوانیمان له‌ هه‌موو سكاڵاكان كردو نامه‌ی پێكهاته‌كانمان پێیان دا، هه‌رچه‌نده‌  ئێمه‌ وه‌ك تاكه‌ لایه‌ن كه‌ به‌ فه‌رمی كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌كه‌ین له‌ كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست  به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لیژنه‌ی باڵای به‌ جینۆساید ناسینی تاوانی دژ به‌ ئێزیدییه‌كان ویستیان ئێمه‌ په‌راوێز بخه‌ن له‌ دۆسیه‌كه‌، خه‌ڵكانێكی نه‌شاره‌زایان كرده‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای به‌ جینۆساید ناساندنی دۆسیه‌ی ئێزیدی و پێكهاته‌كانی دی، كه‌چی ئێمه‌ گوێمان به‌و په‌راوێز خستنه‌ نه‌دا و ئه‌وانیش مخابن شكستیان له‌ سكاڵاكه‌یان هێناو هیچیان پێ نه‌كرا شایانی باس بێت، ئێمه‌ش له‌ په‌راوێزه‌وه‌ كاری سه‌ركه‌وتووانه‌ی خۆمان كرد،  دیاره‌ به‌شی زۆری به‌هۆی ئه‌ندام نه‌بوونی ئێراق له‌ دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی و هه‌نگاو نه‌نانی پراتیكی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆسییه‌یه‌ ببردرێته‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هۆكاری شكسته‌كه‌و و ره‌تكردنه‌وه‌ی  سكاڵاكه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان بوون، ئه‌مه‌ش سه‌لماندیه‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌ندام بوونی عێراق له‌و دادگایه‌ چه‌نده‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كان به‌ گشتی و پاراستن و دڵنه‌وایی گه‌له‌كه‌مان له‌ مانه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌ تایبه‌تی گرنگه‌، هاوكات  له‌ ساڵی 2017 له‌ ده‌ڤه‌ری دوز و ناوچه‌كانی دی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌دواوه‌ جارێكی دیكه‌ گه‌له‌كه‌مان كه‌وته‌وه‌ به‌ر تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی " تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی"، مخابن به‌هۆی ئه‌ندام نه‌بوونی عێراق له‌ دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی ، دیسانه‌وه‌ دۆسیه‌ بۆ ئه‌م تاوانه‌ نه‌كرایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئاستی نێو ده‌وڵه‌تی بۆ له‌ قاو دانی ئه‌وتانه‌ ئه‌وه‌ی كرا پشكی شێری بۆ هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئێمه‌ زیاتر له‌ 14 ساڵه‌ بێ پسانه‌وه‌ كار بۆ به‌ ئه‌ندام بوونی عێراق له‌ دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، له‌ درێژه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان بۆ به‌ ئه‌ندام بوونی عێراق له‌و دادگایه‌ تا ئێستا واژۆی زیاتر له‌ 1500 پارت و لایه‌نی سیاسی و رێكخراوی كوردستانی و وه‌زیر و په‌رله‌مانتاری خوله‌كانی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق و 85 و 89 په‌رله‌مانتاری ئه‌م خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان و 60 په‌رله‌مانتاری خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراقی سه‌ر به‌ لیست و پێكهاته‌ جیاجیاكان و 5000 واژۆی چالاكوانان و هاووڵاتیانی كوردستانمان كۆكردۆته‌وه‌و داومانه‌ به‌ لایه‌نه‌ جیاجیاكانی كوردستانی و عێراقی له‌ پێناو به‌ ئه‌ندام بوونی عێراقی له‌ دادگای ناوبراو، هاوكات 3 كۆنفرانسی نێو ده‌وڵه‌تی و سه‌دان كۆبونه‌و گردبونه‌وه‌مان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌م هه‌وڵانه‌ش له‌ پێناو ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ به‌ره‌و روی تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی رابردوو نه‌بینه‌وه‌، وه‌ك له‌ ئابی 2014 ی شه‌نگار و 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 بینیمان جارێكی دیكه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ شه‌نگار جینۆسایدو له‌ دوزیش تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی  به‌رامبه‌ری ئه‌نجامدرایه‌وه‌.

هیچ به‌هانه‌یه‌ك نییه‌ بۆ حكومه‌تی عێراقی كه‌ نه‌بێته‌ ئه‌ندامی دادگای ناوبراو جگه‌ له‌ نیاز خراپی له‌ ئه‌نجامدانی تاوان، هاوكات هیچ به‌هانه‌یه‌كیش نییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی كاری جدی بكه‌ن بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق بۆ به‌ ئه‌ندام بوونی عێراق له‌ دادگای ناوبراو، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان دڵنایی زیاتر بێت كه‌ جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵكوژی ناكرێته‌وه‌ له‌م وڵاته‌ چ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بێت یاخود ده‌سته‌ی چه‌كداری تاوانكاری وه‌ك داعش و هاوشێوه‌كانی كه‌ زه‌مینه‌ی به‌رهه‌م هێنانی گروپی تاوانكار له‌ باره‌ له‌م وڵاته‌و ناوچه‌كه‌.

له‌ یادی 21 ساڵه‌ی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكه‌و 17 ساڵه‌ی ده‌ست به‌كار بونی ئه‌و دادگایه‌ و رۆژی  دادپه‌روه‌ری جیهانی داواكارین:

- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فشار بخاته‌ سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ ئه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی رۆما واژۆ بكات و ببێته‌ ئه‌ندامی دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی نیازپاكی خۆی له‌ رێگای به‌ ئه‌ندامبونیه‌وه‌ له‌ دادگاكه‌ بۆ پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی مه‌ڵبه‌ندی جینۆساید رابگه‌یه‌نێت كه‌ دژ به‌ دوباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی رابردووه‌ كه‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتووه‌( هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفال، بارزانی، فه‌یلی، ته‌عریب، قه‌ڵادزێ ،موسڵ ،  شه‌نگار، سمبێل، پردێ ، دوز و په‌ڵكانه‌ و شه‌به‌ك و كاكه‌ی و ... .... )).

- داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ده‌كه‌ین، داواكاری به‌ ئه‌ندام بوونی عێراق له‌ دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی بكه‌نه‌ یه‌ك له‌ داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ دانوساندنه‌كانیان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان و سازشی له‌سه‌ر نه‌كه‌ن.

-داواكارین له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان هاوكاری دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی  بكه‌ن  له‌ دانی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه‌ ناسنامه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامیان  هه‌یه‌،  هه‌روه‌ها دیله‌كانی جه‌نگ ئه‌وانه‌ی هه‌مان پێناسه‌یان  هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت بڕیار به‌ ده‌ستانیان ته‌سلیم به‌ دادگای ناوبراو بكه‌ن  بۆ به‌ دادگایی كردنیان، مخابن له‌م روه‌وه‌ هیچ ده‌ستپێشخه‌ری و هاوكارییه‌ك نه‌بینراوه‌، ئه‌مه‌ش  جێگای ره‌خنه‌و نیگه‌رانییه‌.

- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی هاووڵاتی كوردستانن و تاوانی گه‌وره‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییان ئه‌نجامداوه‌ یان به‌شدارییان تێیدا كردووه‌ دادگایی بكات و ناویان بداته‌ پۆلیسی ئینته‌رپۆل بۆ ده‌ستگیر كردنی هه‌ڵاتوه‌كانیان نموونه‌ 258 تۆمه‌تباری ئه‌نفال .

- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ هیچ كه‌سێك نه‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ لایه‌ن دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بانگ كراوبێت، له‌ كاتی سه‌ردانیكردنیان ده‌ستگیریان بكات و ته‌سلیم به‌ دادگای ناوبراویان بكات.

-هه‌رێمی كوردستان  نابێت پێشوازی له‌ هیچ كه‌سێك بكات كه‌ تاوانه‌ مه‌زنه‌كانیان ئه‌نجام دابێت یان هاوبه‌شیان كردبێت، یان هانی دابێت ، یاخود بانگه‌شه‌ی بۆ بكات سه‌ر به‌ چ نه‌ته‌وه‌و وڵاتێك بن و هه‌ر پۆستێكیشی هه‌بێت.

-هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌ كوردستانه‌وه‌ ریكلام بۆ داعش و بیری داعش بكات، پێویسته‌  به‌ تاوانی هاوكاریكردنی تیرۆرو هاوبه‌شی له‌ جینۆساید دادگایی بكرێت، له‌ هه‌ر پێگه‌و جێگاو رێگایه‌كدا بێت.

- نوێنه‌رانی كورد و دیموكراسیخوازان له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی و په‌رله‌مانی عێراق  پێشوازی له‌ هیچ داواكراوێكی دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی نه‌كه‌ن یاخود سه‌ردانی وڵاته‌كانیان نه‌كه‌ن به‌ به‌هانه‌ی په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیه‌وه‌.

- هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك نكۆڵی له‌ جینۆسایدی ئێزیدی و كریستان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ بكات، یاخود  قوربانیانیان  به‌ شه‌هید  نه‌زانێت،  پێویسته‌ سزا بدرێت و ئینكار كردنی تاوانه‌كانی جینۆساید  وه‌ك تاوان سه‌یر بكرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ داهاتوودا یاسای تایبه‌تی بۆ ده‌ربچێت.

- پێویسته‌ هه‌مووان كاربكه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی بڕیار به‌ده‌ستان و تاوانبارانی داعش و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان  بدۆزینه‌وه‌و سكاڵایان له‌ وڵاته‌كانیان له‌سه‌ر تۆمار بكه‌ین، یاخود ناوه‌كانیان و شوێنی ژیانیان بده‌ینه‌ دادگایی تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی و هاوكاری ئه‌و ناوه‌ندانه‌  بكه‌ین له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌و به‌ دادگایی گه‌یاندنیاندان .

PUKmedia تۆڕی هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌ كوردستانییه‌كان له‌ پێناو دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket