riklam

نامه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدێكی فه‌رمانده‌ی هێزی پشتیوانه‌وه‌ بۆ كوردانی رۆژهه‌ڵات

ی.ن.ک‌‌ 12:14 PM - 2019-07-16
.

.

جوانه‌مه‌رگه‌ و كوردانی ڕۆژهه‌ڵات

كه‌ منداڵ بوم ناوی باپیرم "باوكی دایكم"م نه‌ ده‌زانی هه‌میشه‌ به‌ "جوانه‌مه‌رگه‌" بانگیان ده‌كرد له‌ناو خێزانه‌كه‌م دا، ئه‌و كات نه‌مده‌زانی جوانه‌مه‌رگه‌ چیه‌ و بۆ ئه‌م ناوه‌ی لێ نراوه‌، هه‌تا وام لێهاتبوو وامده‌زانی به‌فیعلی باپیرم ناوی جوانه‌ مه‌رگه‌یه‌ و پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و له‌خه‌باتی چه‌كداری ڕزگاری كوردیدا شه‌هید بووه‌.

هه‌میشه‌ دایكم غه‌مگین بووه‌، به‌ئێستاشه‌وه‌ وایه‌، پوره‌كان و تاقه‌ خاڵه‌كه‌شم هه‌روه‌هایه‌، غه‌می بێ باوكی ئێستاش به‌ڕوخساریانه‌وه‌ به‌ئاسانی ده‌بینرێت، نه‌نكم له‌باسكردن نایه‌ت چ ئازارێكی دیوه‌ به‌هۆی "جوانه‌مه‌رگ"بونی باپیرمه‌وه‌، ئاواره‌بوونی عیراق و ئێران به‌ چوار منداڵی بێ باوكه‌وه‌ شتێك نییه‌ به‌نووسین هه‌ست به‌ئازاره‌كانی بكه‌یت.

دایكم هه‌میشه‌ ده‌ڵێت: "من ته‌نها یه‌ك جار باوكمم بینیوه‌، وه‌كو خه‌وێ دێته‌ پێش چاوم،جارێكیان شه‌وێ دره‌نگ خۆی فڕێدایه‌وه‌ ماڵ و ده‌ستێكی هێنا به‌سه‌رمدا و ڕۆشته‌وه‌، ئیتر نه‌م بینیوه‌ته‌وه‌ ! "

كه‌ گه‌وره‌ بووم ئه‌وسا زانیم چیرۆكی شه‌هید بوونی باپیرم جیاوازه‌ له‌هه‌موو شه‌هیده‌كانی دیكه‌ی ڕێگای ڕزگاری كوردستان، چیرۆكی ئه‌و چیرۆكی شه‌هید بوونی قاره‌مانێكه‌ له‌پێناوی كوردستانی گه‌وره‌دا شه‌هید بوه‌ و دوو گۆڕی له‌پێناو ئه‌و خاكه‌دا دیوه‌، كه‌ گه‌وره‌ بووم ئه‌وسا زانیم باپیرم "جوانه‌مه‌رگه‌" ناوی ڕاسته‌قینه‌ی "فاتیح"ه‌ و له‌ شه‌ڕی هێزی پشتیوان له‌ سنووری نێوان عیراق و ئێران و بۆ به‌رگری كردن له‌كوردانی ئێران و كوردستانی ئێران له‌ ساڵی 1982 شه‌هید بووه‌ و دوو گۆڕی دیوه‌، یه‌كێكیان له‌ (شێنی) له‌سه‌ر سنوور و ئه‌ویتریان وا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

له‌ باپیرم سێ كچ و كوڕێك و ته‌نها سێ فۆتۆ و كڵاشینكۆفێك و دوو گۆڕ "یه‌كیان بێ ناونیشان" و ئازاری ده‌یان ساڵی بێ باوكی به‌جێ ماوه‌ به‌ڵام ، وا ئه‌مڕۆ كه‌ به‌چاوانی خۆم هه‌ڵوێست و كاری، حیزب و تاكی ڕۆژ هه‌ڵاتی كوردستان ده‌بینم له‌خۆم ده‌پرسم ( ئه‌وانه‌ شایه‌نی ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ن كه‌ دایكم له‌بێ باوكی و جوانه‌مه‌رگه‌ش له‌ به‌ركه‌وتنی گوله‌یه‌ك به‌سه‌ر دڵی و بینینی دووگۆڕ دا بینیان بۆیان !!)

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket