riklam

مەلا بەختیار: تیپێكی شایستە پەیوەندیی بەبونیادی شارستانییەتەوە هەیە

هەمەرەنگ 11:18 PM - 2019-07-13
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئێوارەی ئەمڕۆ (13/7/2019) لەسلێمانی، پێشوازی لەیەكێتی تۆپی سەرمێزی عیراق، دەستەی كاتی‌و نوێنەری یەكێتی تۆپی سەرمێزی جیهان‌و سەرۆكی یانەكان كرد.

لەدیدارێكیشدا، پاشئەوەی سەرۆك‌و دەستەی كاتی یەكێتییەكە، سوپاسی خۆیان ئاراستەی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی كرد بۆ پێشوازییەكەی، زانیاریی‌و رونكردنەوەی پێویستیشیان لەبارەی ئەو قارەمانێتییەوە خستەڕوو، كە لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا، لەشاری سلێمانی‌و بەناوی قارەمانێتی پلە نایاب، بۆ تۆپی سەرمێز، بۆ كوڕان‌و كچانی یانەكانی عیراق بەڕێوەچوو. 

هاوكات لەبارەی سەردانەكەشیانەوە، ئاماژەشیان بۆ ئەوەكرد، كە: سەردانەكەیان بۆلای سەرۆكی پێشووی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، سەردانیانە بۆ لای دۆست‌و خەمخۆرێكی بواری وەزرش.

لەبەرامبەریشدا، مەلا بەختیار، بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك‌و دەستەی كاتی یەكێتییەكەو میوانانەكانی وڵاتانی عەرەبی كرد، بۆ شاری سلێمانی‌و كوردستان‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، رێكخستنی ئەو قارەمانێتییە لەسلێمانی، مایەی خۆشحاڵی ‌و هاندانیشمانە‌و ئومێدیشخواست كە سەرجەم شارەكانی تری ناوەڕاست‌و خواروی عیراق، ئارام‌و سەقامگیربن‌و ئەوەش ببێتە هۆكاری رێكخستنی بەردەوامی قارەمانێتییە جیاوازییەكان‌و وتی: ئومێدەوارم نەك هەر بەهۆی ئەو بارودۆخە ئاسایشییەی كە لەكوردستان هەیە، بەڵكو بە بەردەوامی خولی راهێنان‌و قارەمانێتی جۆراوجۆر لەشارەكانی كوردستان بكەنەوە.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەبارەی رێكخستنی قارەمانێتییەكەشەوە لەسلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: سلێمانێتی شارێكی زیندوو، تیكۆشەرو رۆشنگەرە، لەبوارەكانی كۆمەڵایەتی، هونەری، سیاسی تەنانەت لەبواری ئازادی رادەربڕین‌و خەڵكی شارەكەش، لەعاشقانی وەرزشن.

لەبارەی عیراقیشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە بەداخەوە، هەر لەدامەزراندییەوە (1921) هەتا ئێستا كە نزیكەی سەد ساڵە، دەوڵەتی عیراق نەیتوانیوە لەهیچ كام لەقۆناغەكانی دەسەڵاتدا، وڵاتێكی سەقامگیربێ‌‌و (35) ساڵی حكومی بەعسییەكانیشی بەنمونە هێناوە، كە بووە هۆی وێرانكردن‌و هەرەسپێهێنانی عیراق، لەكاتێكدا بۆنمونە شارەكانی بەسرەو عیراق، لەمێژوودا نمونەی شارە شارستانی‌و رۆشنگەرەكان‌و مۆدێرنەكان بوون. هەروەك بونیادنانەوەی شارو ناوچەكانی كوردستانیشی لەدوای راپەڕین، بە شارو ناوچەكانی تری عیراق لەدوای رووخانی بەعس بەراورد كرد، لەكاتێكدا بەسرە كە یەكێكە لەهەرە شارە دەوڵەمەندەكانی عیراق، لەدۆخێكی نالەبارو ناجێگیریدایە لەڕووی خزمەتكردن‌و بونیادنانەوەو رونیكردەوە لەدوای روخانی بەعسەوە، عیراق وەك پێویستە بونیاد‌و ئاوەدان نەكراوەتەوە.

لەباری وەرزشیشەوە، بەئامارو داتا، زانیاری پێویستی سەبارەت بە بونیادنانی ستادیۆمە جیاوازەكان لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان خستەڕوو و هەوڵ‌و پلانەكانیشی لەپێناو گەشەپێدان بەبواری وەرزش رونكردەوە، بەتایبەت كە تەنها لەشاری سلێمانی نزیكەی سەد یاریگەی بچوك دروستكراوە، ئەگەرچی لەپێش راپەڕیندا هیچ كام لەو یاریگایانە بوونیان نەبووە.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، سەرجەم هەوڵەكانیشی لەپێناو چۆنێتی بوژاندنەوەو گەشەپێدانی وەرزش بەگشتی‌و دروستكردنی لێژنە جیاوازەكان‌و بونیادنانی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان‌و یەكێتییە وەرزشییەكان رونكردەوەو رایگەیاند:

لەكوردستان، بەزوویی هەوڵدەدەین كێشەو گرفتە وەرزشییەكان چارەسەر بكەین‌و نامانەوێ‌ درێژە بكشێن. چونكە بەردەوامی كێشەكان‌و خولانەوە لەناو بازنەی كێشەو گرفتەكان، زیان بە وەرزش بەگشتی دەگەیەنێت‌و نابێ‌ رێگە بدرێت كێشەكان بەردەوام بن.

پاشئەوەی جیاوازی نەخشەی رێگەی كارو چالاكییەكانی هەریەك لەوەزارەتی وەرزش‌و لاوان، لێژنەی ئۆڵۆمپی‌و یەكێتییە وەرزشییەكانی لەعیراق بەوردی هەڵاوێرد كردو هێمای بۆ ئەوەكرد، كە ناسنامەی وەرزش‌و شارستانییەتی وەرزشی لەدنیادا، ناسنامەی ئۆڵمپییە. كە ناسنامەیەكی جیهانییە نەك لۆكاڵی‌و ناوچەیی‌و هاوكات تێڕوانین‌و خوێندنەوەی خۆیشی بۆ چۆنێتی چارەسەری هەر گرفت‌و كێشەیەكیش خستەڕوو ‌و تیادا تەئكیدی كردەوە كە كەڵەكەبوونی گرفت‌و كێشەكان، زیانی گەورە بە وەرزشە جیاوازو یەكێتییەكانیش دەگەیەنێت، لەوەی بەرەو پێشەوەبچن‌و رایگەیاند:

وڵاتانی ناوچەكە‌و بەتایبەت كەنداو لەڕووی مادییەوە زۆر لەعیراق دەوڵەمەندترن، بەڵام بۆ ناتوانن تیپێكی شایستە لەئاستی قارەمانێتییەكانی جیهان بونیادبنێن؟ چونكە پێكهێنانی تیپێكی شایستە كە لەئاستی جیهانیدا بێت، پەیوەندیی بەبونیادی شارستانییەتەوە هەیە بۆ وەرزش، نەك تەنها بونیادی ماددە بۆ وەرزش‌و گەشەپێدانی شارستانێتی وەرزشیش بەگشتی، لەعیراق پێویستی بەجەختكردنەوە هەیە لەسەرجەم بوارەكاندا، كە سەرەنجام چۆنێتی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە لەعیراقدا، كە قۆناغی وەرگۆڕانە‌و ئومێدیشخواست كە لەعیراقیشدا، بەوێنەی گرنگیدان بەیارییە تاكەكان، گرنگی بەیارییە بەكۆمەڵەكان بدرێت هەتا لە پێنج بۆ دە ساڵی داهاتوو، بتوانرێت سەركەوتنی زیاتر بەدیبهێنرێت.

PUKmedia راگەیاندنی لوپرسراوی دەستەی کارگێڕی

٧.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket