riklam

په‌یامێك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لییه‌وه‌

ی.ن.ک‌‌ 09:13 PM - 2019-07-11
.

.

به‌ بۆنه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

‎به‌ سڵاوێكی گه‌رمه‌وه‌، به‌ بۆنه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم ئاڕاسته‌ی ته‌واوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی و كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و جه‌ماوه‌رو هه‌وادارانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ تایبه‌ت ده‌كه‌م و سوپاسی ماندووبوون و خۆڕاگریتان ده‌كه‌م، ده‌زانم كه‌ چاوه‌ڕوانیتان بۆ پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌ وه‌زاریه‌ی ئێستا كاتی زیاتر له‌ پێویستی خۆی خایاندو كاریگه‌ری نه‌رێنی خۆی له‌سه‌ر ئاستی گوزه‌رانی هاووڵاتیان و سست بوونی بازار و خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌جێ هشتبوو.

به‌ڵام دواجار به‌ خواست وئیراده‌ی هه‌موو لایه‌ك تێكڕای ئاسته‌نگه‌كانمان بڕی كابینه‌ی نۆهه‌می حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌ ستافێكی نوێوه‌ پێك هێنرا، كه‌ ئومێدمان وایه‌ ببێته‌ حكومه‌تێكی به‌هێزو خزمه‌تگوزار و له‌ سایه‌یدا كار بۆ چه‌سپاندنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجی و داهاتدا و ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات.

سه‌رباری پیرۆزبایشمان له‌سه‌رۆك و جێگرو ته‌واوی ئه‌نجوومه‌نی نوێی وه‌زیران، ڕوویی قسه‌مان له‌ به‌ڕێزیانه‌و داوایان لێده‌كه‌ین كه‌ هه‌رچی له‌ توانایاندایه‌ له‌ ووزه‌ و توانای ماددی مرۆیی، ژیرانه‌ بیخه‌نه‌ خزمه‌ت دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی نیشتمانی مسۆگه‌ر بكه‌ن و ڕێگا خۆشكه‌ر بن بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری پته‌و له‌ هه‌رێمی كوردستان ،كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی پایه‌كانی ئابووریه‌كی به‌هێز هه‌بێت بۆ دابینكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاسووده‌و خۆشگوزه‌ران و هه‌م له‌ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م له‌و ناوچانه‌ی كه‌ كوردستانین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت هه‌رێمدان.

 
‎بژی كورد بژی كوردستان
‎نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و سه‌رفرازی گه‌له‌كه‌مان

‎كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی
‎جێگری سكرتێری گشتی
‎یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

PUKmedia نووسینگه‌ی جێگری سكرتێری گشتی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket