riklam

هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان پشتیوانی له‌ پارێزگاری نوێی كه‌ركوك ده‌كه‌ن

کوردستان 04:51 PM - 2019-07-11
.

.

هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و كه‌ركوك پێشوازی له‌ بڕیاری كاندیدكردنی كوردێك ده‌كه‌ن بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و ته‌ئكیدده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی باشه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان .

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی شێخ مه‌زاحم حویت وته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ 11-7-2019، كۆپییه‌كی بۆ  PUKmedia نێردراوه‌، تێیدا هاتووه‌، وه‌ك هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌ بڕیاری دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك له‌ لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ زۆر دڵخۆشبووین و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش پێشوازی له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ین.

 هه‌رله‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌، ئێمه‌ وه‌ك هۆزه‌ عه‌شایه‌ته‌كانی عه‌ره‌ب له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌م بڕیاره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك، به‌ بڕیارێكی شیاو ده‌زانین و هه‌نگاوێكی باشیشه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی پارێزگاكه‌، تاكو سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ پێكه‌وه‌ به‌ ئاشتی و برایه‌تی بژین.

 ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه‌، له‌ كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت، شاره‌كه‌ به‌گشتی رووبه‌ڕووی بارودۆخێكی نا له‌بارو ئاڵۆز بووه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانی زۆر گه‌وره‌ به‌سه‌ر پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا هات بێ جیاوازی، بۆیه‌ وای ده‌بینن دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ بڕیارێك دروسته‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێشوازی لێده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌سه‌ر دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك رێكه‌وتن و بۆ  ئه‌و پۆسته‌ش ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار-یان كاندید كردووه‌.

PUKmedia  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket