riklam

د.رێواز فایەق: چەتری كۆكەرەوەی رەنگە جیاوازەكان دەبین

کوردستان 01:25 PM - 2019-07-11
.

.

سەرۆكی نوێی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: دوای 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكان ئێستا خەڵكی كوردستان چاوەڕێی هەنگاوی كردەییە لەپەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن تا كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكەن، دەشڵێت: چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكان و رەنگە جیاوازەكانی پەرلەمان دەبین   تا پەرلەمان وەك مەرجەعی بڕیارە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستان رۆڵی كارای خۆی لەپرۆسەی تەشریعی قانون و بەرقەراركردنی یاساو دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی شەفافیەت بگێڕێت.

ئەمڕۆ 11ی تەموزی 2019، د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی بەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەوتارێكیدا سوپاسی خەڵكی كوردستان و پەرلەمانتاران و سەرجەم فراكسیۆنەكان كرد بۆ ئەو متمانەیەی پێیانداوەو بەسەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، راشیگەیاند: ئەم ئەركە نوێیە بەرپرسیارێتییەكی مێژووی دەخاتە سەرشانمان، دڵنیاتان دەكەمەوە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی هۆكاری بەهێزكردنی پێكەوە ژیان و پێكەوە كاركردن بین بۆ تێپەڕاندنی دۆخی قەیرانە سیاسی و دارایی و ئابورییەكان كە چەند ساڵە باڵی بەسەر هەرێم و پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەكان و فراكسیۆنەكاندا كێشابوو.

سەرۆكی پەرلەمان راشیگەیاند:  رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسیەكان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەنگاوی گرنگن بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی پێكەوە كاركردنی فراكسیۆن و لایەنە سیاسیەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان و جێبەجێكردنی داخوازی خەڵكی كوردستان.

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، وتی: وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵدەدەین نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستان بین، چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكان و رەنگە جیاوازەكانی پەرلەمان دەبین تا پەرلەمان وەك مەرجەعی بڕیارە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستان رۆڵی كارایی خۆی لەپرۆسەی داڕشتنی یاساو چاودێریكردنی حكومەت و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكان و پەسەندكردنی بودجەی ساڵانەی هەرێم بگێڕێت، هەروەها بەهێزكردنی هاوئاهەنگی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پرۆسەی تەشریعی قانون و  بەرقەراركردنی یاساو دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی شەفافیەت.

ئەوەشی وت: دوای 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكان، ئێستا خەڵكی كوردستان چاوەڕێی هەنگاوی كردەییە لەپەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن تا كێشەكانی خەڵك و پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بكەن و ئاستی خزمەتگوزاری بەرزبكەنەوەو دەرفەتی كار بەڕووی دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان لەكەرتی گشتی و تایبەت فەراهەم بكەن.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket