riklam

كەلار.. چەند بڕیارێك لەسەر نرخی ئاو بەپێی پێوەر دەردەچێت

کوردستان 11:30 AM - 2019-07-11
.

.

قائیمقامیەتی قەزای كەلار بڕیاریدا ئەو ماڵانەی لە سەرووی 50 هەزار دینارەوە پارەیان بۆ هاتووەتەوە پێداچوونەوەی تێدا بكرێت و فەرمانگەی ئاویش چارەسەری كێشەی ئەوانە بكات كە پارەی زۆریان بۆ هاتوەتەوە، بەپێچەوانەوە دانانی پێوەر رادەگیرێت، دەشڵێت: ئەو پارەیەی مانگانەی لەڕێگەی پێوەرەوە ئەژماردەكرێت كەمتر دەبێت لەو پارەیەی پێشتر لەهاووڵاتیان وەرگیراوە.

قائیمقامیەتی قەزای كەلار لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووە، ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ 11ی تەموزی 2019، شەهاب حاجی ئەحمەد قائیمقامی كەلار لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی كەلارو ئەندازیاری سەرپەرشتیاری خوێندنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان كۆبووەوەو لە كۆبوونەوەكەشدا لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان دوای گفتوگۆو باسكردنی هەموو لایەنەكانی پەیوەندار بەپێوەری ئاوی ماڵان چەند بڕیارێكیانداوە.

لەبڕیارەكانیشدا هاتووە: ئەو ماڵانەی لە سەرووی 50 هەزار دینار پارەی ئاویان بۆ هاتووەتەوە پێداچوونەوەی تێدا دەكرێت و بە قەرز لەسەریان ئەژمار ناكرێت، ئەوەش بۆ شوێنی نیشتەجێبوونە، هەروەها  سەبارەت بەو ماڵانەی پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە لەسەر فەرمانی قائیمقامی كەلار، فەرمانگەی ئاوی كەلار دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ چارەسەری بكات بەپێچەوانەوە دانانی پێوەر رادەگیرێت. 

ئەوەشخراوەتەڕوو: لەكاتی دانانی پێوەر بۆ هەموو كەلار، ماوەی پێدانی ئاو بەماڵان زیاتر دەكرێت.

قائیمقامیەتی كەلار راشیدەگەیەنێت: لێرەشەوە لەسەر رونكردنەوەكانی بەرێوەبەرایەتی ئاوی كەلار، دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیانی شاری كەلار دوای چارەسەركردنی كێشەو كەموكورتییەكان، ئەو پارەیەی مانگانەی لەڕێگەی پێوەری ئاوەوە ئەژماردەكرێت كەمتر دەبێت لەو پارەیەی پێشتر لە سەر بنەمای رووبەر بۆ هاووڵاتیان دادەنرا.

دەشڵێت: بۆ بەرچاو روونی زیاتر لە ئێستادا بەرێوەبەرایەتی ئاوی كەلار بەبێ پێوەر رۆژانە یەك مەتر ئاو دابەشدەكات بەسەر هاووڵاتیان، لەدوای دانانی پێوەر ئەگەر هاووڵاتی رۆژانە یەك مەتر ئاو سەرف بكات واتە هەزار لیتر ئەو مانگانە دەكاتە 7 هەزار 750 دینار.

PUKmedia تایبەت 

 

5345435.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket