riklam

كاركردن بەپێوەری ئاوی ماڵان رادەگیرێت

کوردستان 06:47 PM - 2019-07-10
.

.

كاركردن بەپێوەری ئاوی ماڵان راگیراو پارێزگاری دهۆكیش دەڵێت: بەرەڵای و فەوزایەكی زۆر لەجێبەجێكردنی بڕیارەكەدا هەیەو نرخی ئاوی بەكارهاتوو زۆر گرانەو پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت.

ئەمڕۆ 10ی تەموزی 2019، لەپارێزگای دهۆك پارێزگارو ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە لەسەر پێوەری ئاوی ماڵان و گلەیی هاووڵاتیان لەهاتنەوەی بڕێكی زۆر پارە بۆیان كۆبوونەوە.

دوای كۆبوونەوەكەش، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فەرهاد ئەتروشی پارێزگای دهۆك رایگەیاند: كاركردنی بەپێوەری ئاوی ماڵان پێویستی بەڕێكخستنەوە هەیەو بۆ دانانی پلانێكی باش دانەنراوەو لەكاتی جێبەجێكردنیدا كێشەی بۆ خەڵك دروستكردوە، بۆیە پێویستە پلانێكی نوێی دابنرێت.

وتیشی: پێداچونەوە جدی بەنرخی ئاوی بەكارهاتوودا بكرێت و ئەوەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دانراوە لەگەڵی نین و و نایانەوێت نرخی ئاوی بەكارهاتوو گران بێت، چونكە كاركردنی پەپێوەری ئاوی ماڵان بارگرانییەكی زۆری لەسەر خەڵك دروستكردوە.

پارێزگاری دهۆك ئەوەشی وت: لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆماندا بڕیاریانداوە تا پێوەر بۆ هەموو ماڵەكان دانەنرێت كاركردن بەپێوەر رابگیرێت، چونكە بەرەڵایی و فەوزاییەكی زۆر لەبڕیارەكەدا هەیەو نرخەكەی زۆر زۆرەو پێویستی بەپێداچوونەوەیە. 

ئەتروشی وتیشی: بڕێكی زۆر ئاوی خواردنەوە لەلایەن شوێنە بازرگانییەكانەوە بەكاردەهێنرێت، بەتایبەت لەلایەن ئەو شوێنانەی لەدهۆك ئۆتۆمبێلی تێدا دەشۆردرێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر بڕی ئاوی پارێزگاكە كردوەو زیادەڕەوی تێدا دەكرێت و بەمەبەستی بازرگانی بەكاردەهێنرێت.

بەوتەی پارێزگار، ئەو پارە زۆرەشی بۆ هاووڵاتیان هاتووەتەوە لێیان وەرناگیرێت، چونكە دەبێت هەمووی پێكەوە كاربكات و لەخەڵك وەربگرێت.

لای خۆشیەوە فەهیم عەبدوڵا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش رایگەیاند: بڕیاری كارپێكردنی پێوەری ماڵان نادادپەروەری تێدایەو بڕێكی زۆر پارە بۆ هاووڵاتیان هاتووەتەوە، ئەوەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر خەڵكی پارێزگای دهۆك دروستكردوە.

وتیشی: لەماوەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی ئەنجومەن دەكەین و پەیوەندی بەئەنجومەنی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیشەوە دەكەین تا بزانین لەوێش بەهەمان شێوەیە، چونكە ناكرێت خەڵكی دهۆك باجی ئەو بڕیارە بدەن.

PUKmedia تایبەت 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket