riklam

مەلا بەختیار: بۆ رێزگرتنی یەکێتی پێویستە کۆنگرە ببەستین

ی.ن.ک‌‌ 06:33 PM - 2019-07-10
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەدیداری ژمارەیەك كەسوكاری شەهیدانی هەولێر، رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەدانیم حكومەت بكەین بەحكومەتێكی حزبی، یان حزب بكەین بەئەلتەرناتیڤی حكومەت، بەڵام پێویستە پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی لەنێوان تیمی یەكێتی لەحكومەت‌و مەڵبەند‌و رێكخراوەكاندا هەبێ‌ بۆ ئەوەی كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكەین..

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان لەهەولێر، لەدیدارەكەیاندا لەگەڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی كە ئەمڕۆ (10/7/2019) لەسلێمانی بەڕێوەچوو، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد: وەك كەسوكاری شەهیدان، كە خوێنیان بۆ یەكێتی بەخشیووەو قوربانیانداوە، خۆیان بەخاوەنی یەكێتی دەزانن‌و وتیان: یەكێتی كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیش خاوەن پێگەی بەهێزو كاریگەر بووە، دەمانەوێ‌ یەكێتی گەش بكرێتەوەو بەهەمانشێوە لەخەبات بەردەوام بێت. چونكە هەر كێشەو گرفتێك دەبێتە مایەی خەم‌و ئازار بۆ كەسوكاری شەهیدان، بۆیە پێویستە كار بكەین هەر بەستەڵەك‌و ئاستەنگێك هەبێ‌ بتوێندرێتەوە.

بۆ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، تەئكیدیشیان كردەوە: ئێمە پشتیوانی هەڵوێستەكانتین بۆ جۆشدانەوە‌و هەڵسانەوەیەكی نوێتری یەكێتی، چونكە ئەگەر پێشتر هەر جەماوەری یەكێتی رەخنەو گللەیی هەبوبێت، ئێستا سەركردایەتیش هەمان هەڵوێستی لەپێناو هەڵسانەوەی یەكێتی هەیەو ئەمەش بەمایەی ئومێد دەزانین.

لەلایەن خۆیشییەوە مەلا بەختیار، پاشئەوەی بەگەرمی كەسوكاری شەهیدانی لەهەولێر بەخێرهێنا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: بەسوێند خواردنی كابینەی نۆیەم، یەكێتی، حكومەت‌و كوردستانیش كەوتنە بەردەم رێگەیەكی تر‌و گواستمانەوە بۆ قۆناغێكی نوێ‌ لەئەركی بەڕێوەبردنی حكومەت، لەسیستەمی حوكمڕانی‌و ئەركی بەجێگەیاندن‌و بەجێنەگەیاندنی ئەو پەیمانانەی لەهەڵبژاردنەكان‌و لەكۆنگرەش بەخەڵكمانداوە‌و رایگەیاند:

نابێ‌ بهێڵین قازانجی تێكۆشانەكانمان، سەركەوتن‌و دەستكەوتەكانی قوربانییەكانمان، بكەوێتە گەروی نەهەنگەكانی گەندەڵی‌و پشك پشكێنە‌و دەستبەسەرداگرتنی هەموو جومگەكان‌و كۆمپانیابازیی‌و..تد.

لەبارەی دۆخی ئێستای ناوچەكەشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە بەگشتی لەدۆخێكی پڕ نیگەرانی‌و مەترسیدا، هەلومەرجی سیاسی دەبەینە سەر. ئەمریكاو دۆستەكانی، هەروا ئێران‌و دۆستەكانی، عیراق‌و كێشەكانی، هەرێم‌و كێشەكانی، كێشەكانی هەرێم‌و بەغداد‌و هەریەك لەم كێشانە، ناتوانین كتێبێكی روون بۆ پاشەڕۆژیان بخوێنینەوە‌و! هاوكات ئەگەرەكانی لە هەردوو باری روودان شەڕ یان روونەدانی شەڕ‌و چارەنوسی حكومەتەكانی ناوچەكەشی لێكدایەوەو نێگەرانییەكانیشی لەوبارەیەوە، رونتر كردەوە‌و وتی:

ستراتیجێكی روونی دوورنمای خەباتمان‌و دوورنمای چۆنێتی چارەسەكردنی كێشە دیموكراسی‌و یاسیاییەكانمان هێشتا نییەو هیچكات لە(25) ساڵی دوای راپەڕین‌و ئەنفالەكانیش، هێزە كوردستانییەكان ئەوەندە پەرشوبڵاو ‌و ناكۆك نەبوون، هیچكاتێكیش ئاستی متمانە ئەوەندە لەنێوانیاندا دانەبەزیوە.
مەلا بەختیار، بیریشیخستەوە، كە: لەئەنفالدا، بەرەی كوردستانی هەبوو. بۆیە ئەنفال بەهەموو كارەساتەكانییەوە كە مان‌و نەمانی كوردی خستبووە غەرغەرە كە ئایا دەمێنین یان نامێنین! بەڵام چونكە بەرەی كوردستانی هەبوو، ئومێدی بەخەڵك دەبەخشی. كاتێكیش راپەڕین رویدا، بەرەی كوردستانی نەبوایە هەر لەسەر سنور هێزە كوردستانییەكان لەیەكترمان دەكوشت! بەڵام بەردەوام بووین‌و گەیاندمانە روخاندنی صەدام.  چونكە ئۆپۆزسیۆنی عیراقمیان كۆكردبۆوەو متمانەمان وەرگرتبوو، هەلومەرجی سیاسیش سازدرابوو بۆ ئەوەی صەدام بڕوخێندرێت‌و مافەكانی كورد بەفیدراڵی لەدەستوری ئاییندەی عیراقدا بچەسپێندرێت.

وتیشی: لەوكاتانەدا هەرچی روویدەدا، یان هەر كارەساتێك لەمێژووی یەكێتی‌و شۆڕشی نوێدا روویدابێ‌، بەڵام درێژەدانی خەبات‌و چۆنێتی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان ئومێدێكی بەخەڵك دەبەخشی، بەڵام ئێستا لەهەردوو حاڵەتی روودانی جەنگ یان روونەدانی، ئەگەر هێزە كوردستانییەكان لەدوای پێكهێنانی حكومەت، نەتوانن پەیوەندی سیاسیان بگەیەننە ئاستی متمانەی سیاسی، ئەوا هەر رووداوێك رووبدات، بەم دۆخە ترازاوەی هێزە سیاسییەكان، وەكو كورد زیانێكی زۆر دەكەین.

لەبارەی بەشەكانی تری كوردستانیشەوە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی تەئكیدی كردەوە: وەك یەكێتی نیشتمانیی هەمیشە وتومانە كە كێشەی كورد لەبەشەكانی كوردستان بەئاشتیانە چارەسەر دەبێت‌و بڕوای خۆیشی نیشاندا كە لە توركیا، لەئێران‌و لەسوریاش ئومێدی چارەسەر پەیدا بووەو وتی: ئەگەر ئەو ئومێدی چارەسەرە بەتەواوی پەیدا ببێ‌، ئەوا لەم دۆخەی كە ئێستا هەیە‌و نیگەرانیمان هەیە، جەنگ ببێ‌ یاننا ‌و كاریگەرییەكانی چۆن دەبێت، بەچارەسەری هەندێك لەكێشەكانی بەشەكانی كوردستان‌و كێشەكانی نێوان هەولێر بەغداد، قەرەبووی مەترسییەكانمان دەكاتەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەگەر چارەسەرەكە نەبێ‌‌و جەنگەكە ببێ‌، یان ئاشتیی لەنێوان ئەمریكا‌و ئێران‌و دۆستەكانیان ببێ‌، ئەوا ئەوكاتە وەكو نەتەوە بارەكەمان زۆر قورستر دەبێ‌ لەوەی كە ئێستا هەیە.

مەلا بەختیار، سەبارەت بەدۆخی كوردستانی باشوریش، جەختیكردەوە: خۆشحاڵم كە حكومەت پێكهات، ئەگەرچی دەبوایە ئەم حكومەتەی ئێستا پێكهاتووە، لەبەهاردا پێكبهاتایە، بەڵام بەداخەوە دواكەوت هەتا گەیشتە ئەم دۆخەی ئێستا‌و رایگەیاند:

ئەركی ئەم حكومەتە قورسە، چونكە یەكەم: هەتا ئێستا گەندەڵی لەسەرانسەری كوردستاندا‌و داوودەزگاكاندا زاڵە، مشەخۆری زاڵە، بازاڕ چاودێرییەكی باش نەكراوە‌و زۆرێك لەو نمونانەشی بەداتا رونكردەوەو تەئكیدی كردەوە: بونی ئەو گەندەڵی‌و مشەخۆرییەش مانای ئەوەیە حكومەت چاودێری نەبووە، ئەگەرنا لەكوێی دنیادا قازانجی وەبەرهێنان لەسەدا دووسەدە..! هەروەها كێشەیەكی ئێجگار زۆر هەیە كە ئەم حكومەتە پێویستە چارەسەری بكات‌و هیچ پاساوێكی نییە تەنها دەبێت راستەوخۆ بچێتە مەیدانی چارەسەر.

لەبەشێكی تری دیدارەكەشدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەبارەی یەكێتییەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە: بەداخێكی زۆرەوە ماوەیەكی زۆر بەسەر بەستنی كۆنگرەدا تێپەڕیوە. ئەویش واڕێككەوت نەخۆشكەوتن‌و ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال، هاوكات بوو لەگەڵ سیاسەتی دواخستنی بەستنی كۆنگرە، ئەگەرچی دەبوو بەپێچەوانەوە بووایەو لەدوای نەخۆشكەوتنی، مام جەلال بەنەخۆشیش بوایە بهێنینە هۆڵەكەوە‌و كۆنگرە ببەستین! بەڵام بەداخەوە مام جەلال ماَلئاوایی كردو كۆنگرەشمان نەبەست. بۆیە ئێستا یەكێتی قەیران بەقەیران دەسپێرێت، نەك بەچارەسەر. ئەگەر وانییە چ رەوایە نۆ مانگ ئەم حكومەتە لەسەر یەك بڕیاری مەكتەبی سیاسی مابۆوە؟!

هاوكات لەبارەی دیاریكردنی كانیداكانیشەوە، بۆ كابینەی نوێی حكومەت، ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی سیڤیی داواكارەكان كردو بەپێچەوانەوە چۆنێتی دیاركردنی كاندیداكانی رونكردەوەو وتی: لەگەڵ رێزم، بەڵام ئەم كابینەیە، كابینەی تواناكان نییە، بەڵكو كابینەی تێكۆشەرەكانە! ئەگەرچی من هیچ لارییەكم لەتێكۆشەرەكان‌و تێكۆشانەكانیان نییە. بەڵام لە(28) ساڵی رابردوو هەشت خول حكومەتدا، هەزاران بەكالۆریۆس لەكوردستان دەرچوون‌و بەشێكی بەرچاویش ماستەرو دكتۆرایان بەدەستهێناوە. بۆیە دەبوو ئەم پۆستانەی لەعیراق‌و كوردستان هەیە، بەتۆڕێك لەم توانا ئەكادیمیانە پڕبكرێنەوەو لێپرسراوێتی ئیداری بە ئەقڵ‌و مەعریفە بدرێت. بۆیە ئەمە هەڵەیەكەو باوەڕموایە دەكرا حكومەتی ئێستامان، حكومەتی زۆرینەی تواناكان بوایە. وا حكومەتیش لەبەغدادو كوردستان گۆڕدرا. ئەوەتا بەڕێوەبەرەكانیش دیارن، كەچی هێشتا یەك گەندەڵ‌و مشەخۆر سزا نەدرا. بۆ؟ چونكە تەكەتول گەندەڵەكانی داناوەو تەكەتولیش رێگەنادا گەندەڵ سزا بدرێت.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەدانیم حكومەتەكە بكەین بەحكومەتێكی حزبی، یان حزب بكەین بەئەلتەرناتیڤی حكومەت، بەڵام پێویستە پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی لەنێوان تیمی یەكێتی لەحكومەت‌و مەڵبەند‌و رێكخراوەكاندا هەبێ‌ بۆ ئەوەی كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكەین‌و لەگەڵ ئەوەدام تیمەكانی یەكێتی لەحكومەت، گوێ‌ لەحزبەكەیان بگرن بۆ ئەوەی كێشەكانی خەڵك چارەسە بكات. چونكە بەشێكی زۆری خەڵك لەڕێگەی حزبەوە داواكارییەكانیان پێشكەش دەكەن‌و حكومەتیش دەبێ‌ چارەسەریان بكات. هەروەك چۆن فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان، بۆ پرۆژەكانی یەكێتیی لەپەرلەمانەو ئەو پرۆژانەشی یەكێتی پێشكەشیان دەكات، دەبێ‌ پرۆژەی حزبێكی سۆسیال دیموكرات بێ‌. چونكە هەتا ئێستا یەكێك لەو پرۆژانە كە پرۆژەی سۆسیال‌و بێكارییە، پرۆژەی یەكێتییە‌و جێبەجێ‌ نەكراوەو بەپێویستیزانی، كە یەكێتی پێویستە بەرنامەی كوردستانی‌و بەرنامەی چارەسەكردنی كێشەكانیشی لەسەر ئاستی عیراق هەبێ‌‌و جەختیكردەوە: پێویستە كۆنگرەی گۆڕانكاری، بۆ رزگاركرنی یەكێتی لەم دۆخەی ئێستا ببەستین.

سەبارەت بەهەولێریش، رونیكردەوە: هەولێر، پایەتەختی سیاسی‌و چەقی بازرگانی‌و دیپلۆماسیەتە. بەداخەوە، سەرەنجامی سیاسەتی گەندەڵی‌و دەرنەخستنی جیاوازییە سیاسییەكان‌و هەڵەی حزبی‌و ئیدارییەوە، یەكێتی، بەردەوام لەهەولێردا، پاشەكشە دەكات‌و لاواز دەبێ‌. بەڵام دەشبینین، بۆ یەكجاریش، هۆكارەكانی پاشەكشەكە دیاری نەكراوە.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket