riklam

كوردێك به‌شداریی دیداری نێوده‌وڵه‌تی قاهیره‌ ده‌كات

ئەدەب وهونەر 02:03 PM - 2019-07-08
.

.

شه‌شه‌مین دیداری كاریكاتێریی نێوده‌وڵه‌تی له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر كرایه‌وه‌ و كاریكاتێریستێكی كوردییش به‌شداریی تێدا كردووه‌، كه‌له‌ گه‌له‌ری كۆشكی میر تاز له‌ قاهیره‌ سازدرا و بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌دیداره‌كه‌شدا، هه‌ندرێن خۆشناو وه‌كو شێوه‌كار و كاریكاتێریستێكی كوردی ناسراو له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی كوردستان و نێوده‌وڵه‌تیش به‌شداری له‌و دیداره‌دا كرد و پێی راگه‌یاندین: ئه‌م دیداره‌ كاریكاتێرییه‌ ئه‌مساڵ شه‌شه‌مین ساڵه‌ به‌به‌رده‌وامی سازده‌كرێت، سه‌رۆكی دیداره‌كه‌ش هونه‌رمه‌ندی به‌ ئه‌زموون و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كاریكاتێری میسری جومعه‌ فه‌ره‌حات بوو، و رێكخه‌ری دیداره‌كه‌ش هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست فه‌وزی مورسی بوو، لێژنه‌ی هونه‌ریی بژاردن و شه‌نوكه‌وكردنی كاره‌كه‌كانیش پێكهاتبوون له‌ هونه‌رمه‌ندانی به‌ ئه‌زموونی كاریكاتێری میسری محه‌مه‌د عیفه‌ت، عیماد جومعه‌، سه‌میر عه‌بدولغه‌نی، فاروق مورسی، و محه‌مه‌د حه‌مدی بوون.

وتیشی: له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهانه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان كاره‌كانی خۆیان ناردبوو بۆ دیداره‌كه‌، منیش یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه‌ ئیمه‌یله‌كیان بۆ ناردم بۆ به‌شداریكردن له‌م دیداره‌دا، چونكه‌ له‌ دیداره‌كانی پێشووشدا به‌شداریم كردبوو، له‌ (71) وڵاته‌وه‌ ته‌نیا كاری (344) هونه‌رمه‌ند سه‌ركه‌وتووبوون له‌ لێژنه‌كه‌ و به‌شداریان له‌ دیداره‌كه‌دا كرد.

هه‌ندرێن خۆشناو وتیشی: كاره‌كانی دیداره‌كه‌ دابه‌شكراون به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ردا، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م كاریكاتێر بوو، كه‌ ئه‌مساڵ ته‌رخانكرابوو بۆ رێزلێنان و یادكردنه‌وه‌ی نووسه‌ری ناوداری میسری (نه‌جیب مه‌حفوز)ی وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵ، ته‌وه‌ری دوومیش كارتۆن بوو، كه‌ ته‌رخانكرابوو بۆ كولتوور و كتێب و هونه‌ر و سینه‌ما، منیش له‌ هه‌ردوو ته‌وه‌ردا به‌ كاریكاتێرێكی نه‌جیب مه‌حفوز و دوو كارتۆن به‌شداریم كرد.

وتیشی: خۆشحاڵم كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری كورد له‌م بۆنه‌ هونه‌رییه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ به‌شداری ده‌كه‌م، خه‌ڵكی به‌ هونه‌ری شێوه‌كاری و كاریكاتێری كوردی ده‌ناسێنم و لێژنه‌ پسپۆره‌كانیش كاره‌كانم له‌ ئاستێكی شایسته‌ ده‌بینن، و به‌ فلته‌ری لێژنه‌كانیش سه‌ركه‌وتووانه‌ تێپه‌ڕده‌بن، ئه‌مه‌ش هانمده‌دات و واملێده‌كات به‌ گوڕ و تینه‌وه‌ به‌رده‌وام بم له‌ بواری كاریكاتێر و كارتۆندا، سوپاسی بێ پایانیشم بۆ ئێوه‌.

PUKmedia محه‌مه‌د به‌رزنجی - هه‌ولێر


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket