ساڵی 1985سلێمانیی دایكی "محه‌مه‌د"بوو

ساڵی 1985سلێمانیی دایكی "محه‌مه‌د"بوو


5/7/2019 16:09:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

كۆتاییه‌كانی ساڵی 1984 بوو، به‌درێژایی ئه‌و ساڵه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌ گفتوگۆو دانوساندا بوون، ورده‌ ورده‌ ڕوون ببۆوه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ سه‌رناگرێت و هیچی لێ شین نابێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشووییه‌كی باش بوو بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌. شتێك كه‌ ده‌بوو له‌ و ماوه‌یه‌دا بكریت و  نه‌كرا، ڕاهێنان و مه‌شقپێكردنی هێزه‌كان له‌سه‌ر شێوازه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌كادیمی و ئاشناكردنیان به‌و ڕێگایانه‌ی سوپای عێراق شه‌ڕیان پێ ده‌كات. ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانه‌وه‌ به‌كرده‌وه‌ زۆر شت فێربوو، دركی به‌ گه‌لێك نهێنی ئه‌و سوپایه‌ كردبوو، به‌ڵام ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی تیوری و ڕاهێنانی كرده‌یی مه‌یدانی، سودی زۆرتری ده‌بوو.
به‌ڵام، گوڕو تین و په‌رۆشیی پێشمه‌رگه‌ له‌ لوتكه‌دا بوو، گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و فیداكاریی تاوی سه‌ندبوو، بۆیه‌ ڕه‌وه‌و مۆڵگه‌ی جاشه‌كان، فه‌یله‌ق و لیوا پڕ چه‌كه‌كان، به‌هیچ جۆرێك نه‌یانده‌توانی به‌ره‌نگاری هێزه‌كانمان ببنه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆكان، پێشمه‌رگه‌ هێرشێكی به‌رفراوانی ده‌ستپێكرد و زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی له‌ دوژمن دا و ناوچه‌یه‌كی فروانای لێ پاك كرده‌وه‌ و ئازادی كردن. چالاكییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستاندا له‌وپه‌ڕی تین و  تاوو بڵێسه‌یان سه‌ندبوو.
تیپی (47)ی پیره‌مه‌گرون، یه‌كێك بوو له‌ تیپه‌ هه‌ره‌ چالاك و بزێوه‌كانی یه‌كێتی، سنوری چالاكییه‌كی زۆر فروانی هه‌بوو كه‌ ناوجه‌رگه‌ی شاری سلێمانیش به‌شێك بوو له‌و ناوچه‌یه‌. پێشمه‌رگه‌ی ناو شارمان زۆر بوو، به‌ڕۆژ چالاكی تاكه‌ كه‌سی و گروپی بچووكی دوو یان سێ كه‌سییان ئه‌نجام ده‌دا و به‌ شه‌ویش ده‌بوونه‌ ڕێپیشانده‌ری  مه‌فره‌زه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌. تیپه‌كه‌مان ژماره‌یه‌كی زۆر چالاكی قورس و هه‌ندێجار مه‌حاڵیشی ئه‌نجام دا، شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ ده‌سكه‌وت و سه‌روه‌ریی گه‌وره‌ی بۆ گه‌لی كورد و یه‌كێتی تۆمار كرد و زیانی گیانی و مادیی زۆر قورسی له‌ دوژمنی داگیركه‌ر دا.
دوژمن شپرزه‌ ببوو، سه‌ری لێ شێوابوو، وه‌ك گورگی بریندار په‌لاماری خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌دا، ده‌ستی له‌هیچ نه‌ده‌پاراست، ته‌ڕو وشكی پێكه‌وه‌ ده‌سوتاند، پێشمه‌رگه‌ و هاوڵاتی ئاسایی به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانی، گه‌لێك تاوانی گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر ژن و منداڵان و پیران و گه‌نجانی بێوه‌ی و بێچه‌ك كرد. له‌ لایه‌كی تریشه‌و، مه‌فره‌زه‌كانمان له‌ناو شاردا به‌دوای تاوانباره‌ دڕنده‌كانه‌وه‌ بوون، ژماره‌یه‌كی باشیان لێ به‌ سزانی شۆڕش گه‌یاندن و تۆڵه‌ی تاوانكارییه‌كانیان لێكردنه‌وه‌.
له‌ كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1985 دا، سه‌ر له‌ئێواره‌یه‌كیان، مه‌فره‌زه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌كانمان له‌سه‌ر شه‌قامی تووی مه‌لیك له‌ سلێمانی، زۆر چاونه‌ترسانه‌ بازگه‌یه‌ك داده‌نێن و لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌و ئوتومبیلانه‌ی به‌وێدا ده‌ڕۆیشتن... پێناس له‌ چه‌ند كه‌سێك وه‌رده‌گرن و به‌ڕێیان ده‌كه‌ن، له‌ناكاو ئوتومبیلێكی به‌رازیلی (خۆی له‌ئه‌سڵا ناوی پاساته‌)، ده‌گاته‌ لای بازگه‌كه‌. له‌ناو ئوتومبیله‌كه‌دا چوار كه‌سی سه‌ر به‌ ئیستخباراتی عه‌سكه‌ری به‌كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن، واده‌زانن چه‌كداری خۆیان له‌وێ وه‌ستاوه‌ (به‌ كوردییه‌كه‌ی خۆمان جاشن) بۆیه‌ لییان تووڕه‌ ده‌بن و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ جوێندان كه‌ بۆچی ئه‌م قه‌ره‌باڵه‌غییه‌تان دروست كردووه‌. پێشمه‌رگه‌كان تێده‌گه‌ن و داوا ده‌كه‌ن خۆیان بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، یه‌كێك له‌ ئیستیخباراته‌كان (دواتر زانیمان ناوی سه‌ید كه‌ریم بووه‌) ده‌ست ده‌بات بۆ ده‌مانچه‌كه‌ی، پێشمه‌رگه‌ لێیان دێنه‌ ده‌ست و هه‌رچواریان له‌ناو ده‌به‌ن و ئوتومبیله‌كه‌شیان ئاگری تێبه‌ر ده‌بێت لاشه‌كانیشیان ده‌بێت به‌ خه‌ڵوز.
چالاكییه‌كه‌ ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، خه‌ڵكی شار (سلێمانییه‌ حه‌یاته‌كه‌) كه‌ هه‌موویان شه‌وانه‌ گوێیان له‌ ئیزگه‌ ده‌گرت، ئه‌وكات واده‌وترا و مه‌به‌ست له‌ده‌نگی گه‌لی كوردستان بوو، بڵاو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ چواردانه‌ له‌ پیاوه‌  هه‌ره تانوانباره‌كانی به‌عس به‌ سزای شۆڕش گه‌یه‌ندراون. هه‌ر دوای چالاكییه‌كه‌ عه‌بدعه‌لی كه به‌رپرسی ئیستیخباراتی عه‌سكه‌ری سلیمانی ده‌بێت ده‌گاته‌ شوێنه‌كه‌و سوێند ده‌خوات تۆڵه‌ بكاته‌وه‌.
به‌ڵام تۆڵه‌ی به‌عس هه‌میشه‌ ترسنۆكانه‌ بووه‌. تۆڵه‌ی ترسنۆكانیش ده‌بێت چی بێت؟
ده‌نگوباس بڵاو ببۆوه‌، له‌لایه‌ك شادی گه‌له‌كه‌مانی داگرتبوو، له‌لایه‌كیش به‌عسییه‌كان دووچاری شۆك ببوون چونكه ئه‌م چوار تاوانباره شاره‌زایی زۆریان له‌سه‌ر شروشتی خه‌ڵكی شارو زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و دوكانداره‌كان په‌یدا كردبوو، له‌ ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ مژده‌ به‌ گه‌ل وبه‌ قاره‌مانان و شۆڕشگێڕان ده‌درێت و ئاشكرا ده‌كرێت كه‌ قاره‌مانانی تیپی 47ی پیره‌مه‌گروون چوار دانه‌ له‌ هه‌ره‌ بێنامووسه‌كانی ڕژێمیان له‌ناوبردووه‌ و ڕه‌وانه‌ی دۆزه‌خ كراون.
به‌عسیه‌كان گه‌ڕابوون تا بزانن ئه‌و قاره‌مانانه‌ كه‌سیان هه‌یه‌ له‌ شار بژی، كه‌سی بێدیفاع و مه‌ده‌نی، تا ده‌ستیان لێ بوه‌شێنن.  ئه‌وكات من سه‌رقاڵی به‌هیزكردنی به‌ره‌ی (ووڵاغلوو) بووم، بۆ "داستانی قه‌یوان ماوه‌ت"، محه‌مه‌دی برام ترسابوو هاتبووه‌ گاپیڵۆن، نازانم بۆچی و چۆن قه‌ناعه‌تی پێكرابوو گه‌ڕابۆوه‌ بۆ شار. به‌ په‌له‌ جوابم بۆ نارد ئاگای له‌خۆیبێت، هه‌رچی زووه‌ شار جێبهێڵێت و خۆی ده‌رباز بكات و خه‌م سارد نه‌بێت .
به‌ڵام  له‌ ڕۆژی (6-7-1985) دا، به‌عسیه‌كان فرسه‌تیان  له‌ محه‌مه‌دی برابچوكم هێنا، كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نی نه‌گیشتبووه‌ 25ساڵ، له‌ناو دووكانه‌كه‌ی خۆیدا و به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ قۆڵ به‌ستی ده‌كه‌ن ولای مزگه‌وتی گه‌وره‌وه‌ی شار، به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ گولـله‌بارانی ده‌كه‌ن، هه‌رله‌وێدا شه‌هید ده‌بێت و ده‌گاته‌ ڕیزی نه‌مران. تاوانباره‌كانیش به‌ده‌نگی به‌رز به‌خه‌ڵك و ئاپۆرای ئه‌و ناوه‌یان وت، ئه‌مه‌ برای شۆڕشی سه‌رتیپه‌. به‌ڵام خه‌ڵكی چاونه‌ترس و فیداكار به‌ئاشكرا و ڕووبه‌ڕوو، نه‌فره‌ت له‌و تاوان وتاوانبارانه‌ده‌كه‌ن و په‌لاماری ته‌رمه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و له‌باوه‌شی ده‌گرن و هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌لاده‌كان نایانترسێنێ.
كارێكی تا ئه‌وپه‌ڕی نامرۆڤانه‌و قێزه‌ون؛ ئه‌وه‌ تیپی 47 بوو ئه‌و چالاكییه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌ی ئه‌نجام دا، ده‌بوو به‌عس بێت و تۆڵه‌ له‌ ئێمه‌ بكاته‌وه‌، نه‌ك پیاوێكی كاسبی بێوه‌ی كه‌ خه‌ریكی به‌خێوكردنی دایكێكی پیری خێرنه‌دیوه‌، كه‌ نزیكه‌ی سی ساڵ  پێشتر، پیاوه‌كانی زه‌عیم سدیق هاوسه‌ره‌كه‌یان شه‌هید كردبوو(ئه‌ویش دیسان هه‌ر پیاوێكی كاسبی بێوه‌ی بوو، خه‌ریكی بازرگانی بوو)
ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ی خاوه‌ن ئاكار و ڕه‌وشتی شۆڕشگێڕانه‌، ده‌ست له‌مه‌ده‌نی ناوه‌شێنین، به‌ڵام به‌عسی خوێنڕێژ هه‌موو شتێك ده‌كات، كورد لای ئه‌و هه‌ر كورده‌، جا پێشمه‌رگه‌ بێت یان نا. به‌عسییه‌كان براكه‌میان شه‌هید كرد، حه‌مه‌ی برام له‌هیچ شتێكدا نه‌بوو، كاری به‌هیچ نه‌بوو، به‌ڵام به‌عس ئه‌مه‌ ده‌زانێت؟
من گه‌رچی ده‌مزانی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی باجی قورسه‌، دوژمنیشم باش ده‌ناسی و ده‌مزانی هه‌رچی له‌ده‌ست بێت ده‌یكات، به‌ڵام ته‌نها سه‌بورییم بۆ مه‌رگی حه‌مه‌ی برام ئه‌وه‌ بوو كه‌ شار پرسه‌ی بۆ دانا نه‌ك من، ئه‌وه‌ شار بوو له‌ پرسه‌ نهێنییه‌كه‌ی براكه‌مدا وه‌ستابوو، ده‌بوو سه‌ره‌خۆشی له‌هه‌موو شار بكه‌یت. شه‌هیدبوونی براكه‌م حه‌سره‌تێكی گه‌وره‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ژیانی مندا، به‌ڵام كه‌ ئاوڕ بۆ دواوه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ و  ده‌بینم له‌ ئاماده‌نه‌بوونی مندا، شار دایكی براكه‌م بووه‌، شار خۆی به‌پێوه‌ وه‌ستابوو وه‌ڵامی میوانه‌كانی ده‌دایه‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌م سه‌بورییم هاتووه‌.
 ئه‌وه‌ قسه‌یه‌كی بۆش بوو، به‌عسییه‌كان ده‌یانووت نابێت پرسه‌یان بۆ بگرن، به‌ڵام كورد، به‌ڵام شار، دوور له‌چاوی به‌عس شوێنێكی ده‌دۆزییه‌وه‌ بۆ پرسه‌ گرتن، بۆ شانازیكردن به‌ شه‌هیده‌كانییه‌وه‌، بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ هه‌رگیز نامرن. من قه‌رزار باری شارم، ئه‌وه‌ی شار بۆ براكه‌می كرد، من نه‌مده‌توانی بیكه‌م؛ شار وانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دامێ:  شه‌هیده‌كان هه‌رگیز نامرن.
ئه‌وه‌ی منی ئاسوده‌و ئارام ده‌كرد، ئه‌وه‌ی هه‌ستی شانازی منی بردبووه‌ لوتكه‌، ئه‌وخۆشه‌ویستی و دڵسۆزییه‌ی شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ بوو بۆمان، هه‌رچی ئاگاداری ئه‌و غه‌دره‌ گه‌وره‌یه‌ بوو، له‌ پرسه‌ نهێنییه‌كه‌ی حه‌مه‌ی برامدا ئاماده‌ بوو، ئه‌و نهێنییه‌ی لای هه‌مووان ئاشكرا بوو، ته‌نها لای به‌عس نهێنی بوو.
نابێت لێره‌دا شێركۆ بێكه‌سی شاعیری گه‌وره‌ی شۆڕشی نوێ له‌بیر بكه‌م، شیعرێكی زۆر كاریگه‌ری بۆ شه‌هیدبوونی براكه‌م و قاره‌مانێتی تیپی 47 و منیش نوسیبوو. من ساڵانێكی زۆر ئه‌و شیعره‌م له‌ناو نوسین و یاداشته‌كانی خۆمدا پاراستبوو، به‌ڵام دواجار له‌گه‌ڵ به‌شێكی زۆر له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانمدا فه‌وتان (ئه‌مه‌ش چیرۆكێكی تره‌ و له‌شوێنی خۆیدا باسی ده‌كه‌م)
من چه‌نده‌ زامی جوانه‌مه‌رگم له‌ ناخمدا پاراستووه‌ و تا ئێستاش جارجاره‌ هه‌ر ده‌كولێته‌وه‌، زامی شه‌هیدبوونی باوكم له‌ناخمدا هه‌ڵگرتووه‌، كه‌ له‌كاتێكدا ژیانیان لێ زه‌وت كرد 1963 من منداڵێكی بچووك بووم. به‌قه‌ده‌ر هه‌ردوكیشیان هه‌ست به‌ قه‌رزاریی بۆخه‌ڵكی  شاره‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ له‌بری من، هه‌موویان له‌ پرسه‌ی براكه‌مدا ئاماده‌ بوون، هه‌ربۆیه‌شه‌ من په‌یمانم به‌ خۆم داوه‌، كه‌ هه‌تا بمێنم خزمه‌تكاری ئه‌م شاره‌ بم.
هه‌زاران سڵاو بۆ شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی كورد و كوردستان و سه‌ری ڕێز داده‌نوێنین بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان.

شۆڕش ئیسماعیل
ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی (ی.ن.ك)


PUKmedia تایبه‌ت

44.jpg

وێنە هەواڵ
  • image04
  • سه‌ركرده‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ

  • image04
  • پیاوێك زێڕی ژنه‌كه‌ی ده‌دزێت

  • image04
  • 14 ساڵ به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیدا تێده‌په‌ڕێت

  • image04
  • شێرێكی عیراقی مافی په‌نابه‌ری له‌هۆڵه‌ندا وه‌رده‌گرێت

  • image04
  • 21ساڵ به‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی ڕۆمادا تێده‌په‌ڕێت

  • image04
  • وه‌فده‌ باڵاكه‌ی هه‌رێم گه‌یشته‌ به‌غدا

  • image04
  • یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم

  • image04
  • نیویۆرك چه‌ند سه‌عاتێكی به‌بێ كاره‌با به‌ڕێكرد


                                           

كۆمیته‌ی ئوسترالیا سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی عیراق ده‌كات


له‌سه‌ر داوای ره‌سمی باسم داود كونسوڵی گشتی كۆماری عیراقی فیدراڵ، ئه‌مڕۆ 18-7-2019، كۆمیته‌ی ڕێكخستنی (ی. ن. ك) له‌ ئوسترالیا ، ...


  ڕێكخراوی چه‌پك به‌شداری هه‌فته‌ی كه‌لتوری برۆكسلی كرد
  بەوێنە.. مەراسیمی ماڵئاوایكردن لەتەرمی هینرێتا پیرە
                                           

پێش چل ساڵ.. من له‌ناو وێنه‌ زیندوه‌كه‌ی مام جه‌لالدا


پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، باس له‌ مێژووی وێنه‌یه‌كی به‌ناوبانگی سه‌رۆك مام جه‌لال ...


  ئۆغڵو: ئامه‌د به‌ره‌و شارێكی گه‌شتیاری هه‌نگاو ده‌نێت
   سزای ته‌مه‌لی: پیلان هه‌یه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد
                                           

پێش چل ساڵ.. من له‌ناو وێنه‌ زیندوه‌كه‌ی مام جه‌لالدا

پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، باس له‌ مێژووی وێنه‌یه‌كی به‌ناوبانگی سه‌رۆك مام جه‌لال ...


   دووه‌م گه‌شتم بۆ وڵاتی چین
  فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی.. فڕین به‌سه‌ر ئاسمان و ناوبانگدا


کاریکاتێر