riklam

عەبدولمەهدی چەند بڕیارێك لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دەردەكات

عیراق 09:53 PM - 2019-07-01
.

.

سەرۆك وەزیرانی عیراق بەپێی فەرمانێكی دیوانی كە لە 10 خاڵ پێكهاتووە بڕیاریدا سەرجەم چەكدارانی حەشدی شەعبی تێكەڵ بەهێزە چەكدارەكان بكرێنەوەو هەموو یاساو رێساكانیان بەسەردا جێبەجێ‌ بكرێت و لەژێر فەرمانی‌ فەرماندەی‌ ‌ هێزە چەكدارەداندا بن، دەشڵێت دوا كات كۆتایی ئەم مانگەیە بۆ دانانی رێنمایی بۆ كۆتایی كاركردنیان.

ئەمڕۆ 1ی‌ تەمموزی‌ 2019 عادل عەبدولمەهدی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق فەرمانی‌ دیوانی‌ ژمارە (237)ی‌ تایبەت بە چەكدارانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ دەركرد كە لە 10 خاڵ پێكهاتووەو باس لەرێكخستنەوەی حەشدی شەعبی دەكات لەچوارچێوەی هێزە چەكدارەكاندا، لەسەرەتای فەرمانەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە بەلەبەرچاوگرتنی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌ و بەپێی‌ ئەو دەسەڵاتەی‌ بەپێی‌ دەستور پێیدراوە بۆ بەهێزكردنی‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە ناوخۆو دەرەوە بڕیارەكەی دەركردوە.

دەشڵێت: هەموو هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ وەك بەشێكی‌ دانەبڕاو لە هێزە چەكدارەكان كاردەكەن و هەموو یاساو رێساكانی‌ هێزە چەكدارەكانیان بەسەردا جێبەجێ‌ دەبێت و لەژێر فەرمانی‌ فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەداندا دەبن و سەرۆكی‌ دەستەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بەرپرسیان دەبێت كە لەلایەن فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەكانەوە دادەنرێت.

سەرۆك وەزیران ئەوەشی رونكردوەتەوە: گروپەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ دەستبەرداری‌ هەموو ئەو ناوانە دەبن كە لەكاتی‌ شەڕی‌ داعشدا بەكاریانهێناوەو دەگۆڕێن بەناوی‌ سەربازی‌ وەك (فیرقە، لیوا، فەوج...هتد)، ئەمەش حەشدی‌ عەشایەری‌ و هەر پێكهاتەیەكی‌ تر دەگرێتەوەو ئەندامەكانی‌ ئەو پلە سەربازییانەیان دەبێت كە ئێستا لەناو هێزە چەكدارەكاندا هەیە.

هەر بەپێی فەرمانە دیوانیەكە: پێكهاتەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و ئەندامەكانی‌ كۆتایی بەهەموو پەیوەندییەكی‌ سیاسی و پابەندبونیان لەگەڵ‌ هەر حزب و لایەنێكدا دەهێنن.

عەبدولمەهدی‌ دەشڵێت: ئەو گروپانەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ كە پەیوەندی ناكەن بەهێزە چەكدارەكانەوە دەتوانن ببنە رێكخراوی‌ سیاسی‌ پابەند بەیاسای‌ حزبەكان و یاسا كارپێكراوەكان، بەڵام چەك هەڵگرتنیان لێ قەدەغە دەبێت و بۆ پاراستنی‌ بارەگا و سەركردەكانیان تەنها بە وەرگرتنی‌ مۆڵەت دەتوانن چەك هەڵبگرن.

خاڵێكی دیكەی فەرمانەكە دەڵێت:  سەربازگەكانی‌ كۆكردنەوەی‌ هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ دیاریدەكرێت و دەخرێنە ژێر چاودێری‌ یاسای‌ جەنگەوەو هەموو ئەو بارەگایانەی‌ بەناوی‌ گروپەكانی‌ حەشدی‌ شەعبیەوەن لەشارەكان و دەرەوەی‌ شارەكان دادەخرێن و بونی‌ هەر گروپێكی‌ چەكداری‌ ئاشكراو نهێنی‌ لە دەرەوەی‌ ئەم رێنماییانە قەدەغە دەبێت و بەدەرچوو لە یاسا دادەنرێن و بەدواداچونیان بۆ دەكرێت.

هەر بەپێی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق: هەموو بارەگا ئابورییەكان و بازگەكان و شوێنەكان لە دەرەوەی‌ ئەم یاسا نوێیەی‌ كاركردنی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ وەك دامەزراوە دادەخرێن و دەبنە بەشێك لە هێزە چەكدارەكان.

لەكۆتایی فەرمانەكەشدا ئاماژە بەوەدراوە رۆژی‌ 31ی‌ تەمموزی‌ 2019 دوا كاتە بۆ دانانی‌ رێنمایی پێویست بۆ كۆتاییهاتنی‌ كاركردن بەپێی‌ ئەم رێنماییانەو دواتریش بڕیار لەبارەی پەیكەری حەشدی شەعبی و هێزەكانی دەردەچێت.

PUKmedia ئاژانسەكان 

 

000005756.jpg

000005757.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket